هەرێمی كوردستان؛ هیوایەک بۆ گەشەسەندنی دیموكراسی و ئازادی لە ناوچەكە
- بیروڕا
- 2024-08-20

بەڕێز مەسرور بارزانی لە دەستپێكی كاركردنی خۆی وەک سەرۆكوەزیران، خوازیاری كرانەوەی زیاتری حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە بە ڕووی میدیا و ڕاگەیاندكاران بە مەبەستی بوونی شەفافیەت لە كار و پرۆژە و بیرۆکەکانی لە خزمەت هاونیشتمانیان.
لەم ڕوانگەیەشەوە كار بۆ بەرفراوانكردنی پانتاییەكانی ئازادی كراوە لە نێو هەرێمی كوردستان و حكومەت و بەردەوام دەرگاكان واڵا بوون بە ڕووی میدیاكاران و سەرەڕای چەندین كۆبوونەوە و پانێڵ و دیبەیت، سەرۆكوەزیران خۆی هەمیشە بەركەوتنی ڕاستەوخۆی لەگەڵ میدیاكاران هەبووە و لەگەڵ ئەوەشدا وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستانی ڕاسپاردووە كە حەفتانە هاونیشتمانیانیان لە پرسە گرنگەكانی كوردستان و كار و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان ئاگادار بكاتەوە.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵی باشتركردنی ئەم پەیوەندییانە لە نێوان میدیاكاران، وتەبێژ، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەت، فەرمانگە و دەستەكان دراوە، هەر ئەمەش وایكرد كە بیر لە ڕاهێنانی زیاتریان بكرێتەوە.
وەک یەكەم دەستپێشخەری، و بە هاوكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، زیاتر لە 10 وتەبێژی وەزارەتەكانمان لە ڕێكەوتی (7/27 تاوەكو 2024/8/8) و لە چوارچێوەی پڕۆگرامی (IVLP ـ ئاڵوگۆڕی ئەمریکی ـ سەرکردەیی سەردانکەرانی نێودەوڵەتی)، بردە ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.
لەو ماوەیەدا لە هەرسێ ویلایەتی واشنتۆن، جۆرجیا، مینیسۆتا، چاومان بە چەندین بەرپرسی باڵا و كەسایەتیی گرنگ و ناوەندی ئەكادیمی كەوت وەک " ئێرن نووتن ـ بەرپرسی دێسکی عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا" و "نیکی سۆفتنێس ـ بەڕێوەبەری كاروباری عێراق و سوریا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا" و "ڤیدانت پاتەل جێگری سەرۆكی وتەبێژی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و تیمی میدیایی و تیمی ئامادەکاری کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا" و "پاریس گڵندنینگ ـ حاکمی پێشووی ویلایەتی میریلاند".
لە سەرجەم چاوپێكەوتن و كۆبوونەوەكانماندا، بەدەر لە ئاڵوگۆڕی بیروڕای میدیایی و كولتووری، هەردەم ڕوونمان دەكردەوە كە "حکومەتی هەرێمی کوردستان بە باوەڕی تەواوەوە ئامادەی کرانەوە و بەرەوپێشبردنی توانای کارمەندانی خۆیەتی لەبواری میدیا، بۆ ڕەخساندنی کەشێکی گونجاو لەپرسی گەیاندنی زانیاریی بە ڕۆژنامەنووسان و بەرفراوانكردنی ئازادی بەیان و دیموكراسی".
لە دیدارە سیاسییەكانماندا "پرسی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ئەمەریکا، بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، ئازادی کاری میدیا لە هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردن و دەستپێکردنەوەی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و بابەتی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان"، كرۆكی گفتوگۆكانمان بوون لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریكا و جدیەتی بەرپرسانی ئەمەریکاشمان هەستپێدەكرد لە هیوابوون بە هەرێمی کوردستان وەک ناوچەیەكی گرنگی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ گەشەسەندی ئازادی و بڵاوبوونەوەی دیموكراسی.
هەروەها وەک تیمی میدیایی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێداگیریمان لە نەبوونی بەربەست لەبەردەم میدیای ئازاد و ڕۆژنامەنووسە سەربەخۆكان كردەوە كە ئێستا لە هەرێمەكەمان دەیان تەلەڤزیۆن و ڕادیۆی ئازاد و هەزاران ماڵپەڕ و پەڕەی فەرمیی نێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەن و هەرێمی كوردستان لە موومارەسەكردنی دیموكراسی و گەشەسەندنی ئازادی و دیپلۆماسیدا، نموونەیەكی دیاری ناوچەكەیە و هیوای لەسەر هەڵچنراوە.
سەقامگیری و پێكەوەژیانی گشت پێكهاتە و ئایینە جیاوازەكان، یەكێک بوو لە شانازییەكانی ئێمە لە ئەمریكا بەو پێیەی "سەرەڕای ناسەقامگیریییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ململانێ سیاسییەكان و گرژییەكان لە وڵاتانی دراوسێ، كەچی هەرێمی كوردستان ناوچەیەكی ئارامە بۆ نەتەوەكانی و سەرجەم ئەو هێزە سیاسی و دیپلۆماسی و سەربازییانەی كە لە كوردستان نیشتەجێن بەتایبەت هێزەكانی هاوپەیمانان كە هاوشانی هێزی پێشمەرگە وەک سوپایەكی دامەزراوەیی و فەرمی، ڕۆڵیان لە پاراستنی هاووڵاتیان و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان هەیە"
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
نوێترین بیروڕا
دیدو تێڕوانینی مەسرور بارزانی لە ئیدارەدانی کوردستان
1 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆک مەسعود بارزانی.. فریادڕەسی ئێزدییەکان
18 ئەیلوول
بە کەمکردنەوەی ڕێژەی سوو بۆچی نرخی زێڕ دابەزی؟
18 ئەیلوول
شیعە "بەیعەت بە داعش دەدەن" و سەلەفییەت گوێڕایەڵی "حاکمیەتی شیعە" دەکەن
18 ئەیلوول
ئاڤا میدیا لە یەكەم ساڵی تەمەندا، چیتر ماوە بیبەخشێت؟
15 ئەیلوول
سەرە قەڵەمێک لە ساڵیادی ئاڤا میدیادا؟
15 ئەیلوول
ئاڤا؛ ئەو دەنگ و ڕەنگە بزێوەی سنوورەکانی تێپەڕاند
15 ئەیلوول
ئایا جەنگ لەناوچەكەمان دەستپێدەکاتەوە؟
14 ئەیلوول
ڕەوتی دژە کۆچبەریی بەریتانیا و چارەنووسی کۆچبەرانی عێراقی لە سیاسەتی ئەو وڵاتەدا
14 ئەیلوول
سەرۆک بارزانی؛ سیمبولی پێشمەرگە
6 ئەیلوول
- بیروڕا
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
دیدو تێڕوانینی مەسرور بارزانی لە ئیدارەدانی کوردستان
- بیروڕا
- 15 ئەیلوول
سەرە قەڵەمێک لە ساڵیادی ئاڤا میدیادا؟