"زیندووکردنەوەی میراتی هەولێر: سەردەمێکی نوێی ئاسایشی ئاو و خۆشگوزەرانی"
- بیروڕا
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش

وێنەی قەڵای هەولێر. گرافیکی ئاڤا
دابینکردنی ئاوێکی پاک و متمانەپێکراو وەک یەکێک لە توخمە گرنگەکانی تەندروستی و خۆڕاگری و خۆشگوزەرانی ئێستا و داهاتووی شارە مۆدێرنەکان دەمێنێتەوە. هەولێر شارێک کە لە نێوان مێژووی هەزاران ساڵە و شارنشینی خێرا و مۆدێرنیزمدا خۆی دەبینێتەوە، بۆیە پێویستی بە چارەسەرێکی پایاری و بنەڕەتی ئاو تادەهات زیاتر و بە پەلەتر دەبوو.
بەرزبوونەوەی خواست و زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و فراوانی بوونی شار و فشارەکانی گۆڕانی کەشوهەوا وایکردووە دەستڕاگەیشتن بە ئاو تەنها پێویستییەکی سەرەتایی نەبێت، بەڵکو ببێتە ئەولەویەتێکی ستراتیژی بۆ مانەوەی درێژخایەنی شارەکان.
لە هاوینان سەردێڕی یەکەمی هەواڵەکان لە گشت کەناڵەکان باس و خواس بوو لەسەر ئاوی خواردنەوە، جا سواربوون بە سەر شەپۆلی ناڕەزاییەتیەکان لێرە و لەوێ هەبوو. ئاخر کەی دابینکردنی چەند تانکەرێک کێشەی ئاو چارەسەر دەکات، شارێک سنووری فراوانی شارەوانییەکەی دوو هێندەی فراوانی شارەوانی پاریس بێت تانکەر دادی نادات.
بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم ئاڵنگارییە، دەبووایە بیر لە پرۆژەیەکی ستراتیژی و گرنگ بکرێتەوە. کە هەم بە دەم داواکارییەکانی هاوشارییان و هەمیش پاراڵێل بێت لەگەڵ ستایل و کوالێتی ژیانی ئەمرۆی شار. ئەوەی من باسی دەکەم خەون نییە، بەڵکو پرۆژەیەکە کە لە ئەنجامی دیدگایەکی دووربین دەکرێێ بێتە دی.
دەی ئەوە وا هاتە دی پڕۆژەی فریاگوزاری گەیاندنی خێرای ئاو بۆ شاری هەولێر. بە بودجەیەکی 480 ملیۆن دۆلاریی و ئامانجێکی بوێرانەی تەواوکردنی لە ماوەی تەنها 550 ڕۆژدا، کەئەم ماوەیە لە وڵاتانی پێشکەوتووشدا بە لایەنی کەمەوە سەرووی هەزار رۆژە.
ئەم دەستپێشخەری و پرۆژەیە نوێنەرایەتی گەورەترین وەبەرهێنان دەکات لە ژێرخانی ئاودا لە مێژووی شارەکە و کوردستاندا. پڕۆژەکە بۆ دڵنیابوون لە ئاوی خواردنەوەی پاک بۆ ماوەی ٣٠ ساڵی داهاتوو داڕێژراوە، تەکنیکی ئەندازیاری پێشکەوتوو و تۆڕێکی دابەشکردنی گشتگیر و هێزێکی کارکردنی تێدایە کە بە دەگمەن لە ناوچەکەدا دەبینرێت. بەڵێن دەدات نەک تەنها کەمیی ئاوی وەرزی هەولێر چارەسەر بکات بەڵکو مۆدێلێکی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی پایاری ئاوی شارەکان دروست بکات.
ئامانجی سەرەکی پڕۆژەکە چارەسەرکردنی کێشەی کەمی ئاوە، کە کێشەیەکی لەمێژینەی هەولێرە، بەتایبەتی لە مانگەکانی وەرزی هاویندا کە خواست لەسەر ئاو بەرز دەبێتەوە هەم بەهۆی کاریگەری وەرزەکە و هەمیش بەهۆی بەکارهێنانی فێنکەرەوە (مبریدە) کە بڕێکی زۆری ئاوی پێوستە، بێ گومانیش ئاوی خواردنەوە بەکاردەهێنرێت. پڕۆژەکە سەرچاوەی ئاو لە زێی گەورەی (زاب)ەوە وەردەگرێت، کە پێکهاتەیەکی پێشکەوتووی وەرگرتنی ئاو لەوێ دروست دەکرێت بۆ وەرگرتنی ئاو لە رووبارەکە بە بڕی 21,000 م3/کاتژمێر. ئەم سیستەمى وەرگرتنە فلتەر (پاڵاوتن)ێکی سەرەتایی لەخۆدەگرێت و لە رێگەی دوو بۆری گەورەی تیرەی 1600 ملم کە بە درێژایی 14.5 کیلۆمەتر ئاوی خاو (نەپاڵێوراو) بۆ وێستگەی نوێی چارەسەرکردنی ئاو دەگوازێتەوە.
لە دڵی پڕۆژەکەدا گەورەترین وێستگەی پاککردنەوەی ئاو لە هەرێمی کوردستان بنیاتدەنرێت، کە ئاوی ڕووبار بە پێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی خواردنەوە پاکدەکرێتەوە. لەوێشەوە ئاوی پاک لە ڕێگەی دوو بۆرییەوە بە تیرەی 1500 ملم بە درێژایی 21.5 کیلۆمەتر مەتر دەگوازرێتەوە بۆ دامەزراوەیەکی کۆگاکردنی ناوەندی بە قەبارەی 100,000 م3. ئەم کۆگا ستراتیژییە دڵنیایی دەدات لەوەی شارەکە دابینکردنی پاشەکەوتی متمانەپێکراو و دابەشکردنی لێشاوی نەرم و نیانى هەیە.
بۆ گواستنەوەی ئەم ئاوەی کە دەشێت بۆ خواردنەوە لە کۆگاکانەوە بۆ گەڕەکەکانی شار، پڕۆژەکە لە رێگەی چوار هێڵی سەرەکی گواستنەوە کە کۆی گشتی 137 کیلۆمەتر بۆری و بە تیرەی جیاواز ئاو دەگوازێتەوە بۆ نێو کوچە و کۆڵانەکانی شار. ئەم هێڵانە نوێنەرایەتی بڕبڕەی پشتی سیستەمی نوێی دابەشکردنی ئاوی هەولێر دەکەن.
سەرەڕای ئەوەش، زنجیرەیەک وێستگەی بووستەر و کۆگای لاوەکی ئاو لە سەرانسەری شارەکەدا لە ناوچەکانی وەک بنەسڵاوە، 5-حەسارۆک، بەحرکە و شوێنە گرینگەکانی دیکە دروست دەکرێن. ئەم ژێرخانانە فشاری ئاوی بەردەوام و دابینکردنی بۆ هەموو گۆشەیەکی شارەکە دابین دەکەن.
هەر لە چوارچێوەی پڕۆژەی دابینکردنی ئاوی فریاگوزاری لە هەولێر، کێبڵی ئینتەرنێتی فایبەر ئۆپتیک لە سەرەوەی بۆرییە سەرەکییەکانی ئاوەوە دادەنرێت.
ئەم تەواوکارییە دەبێتە هۆی چاودێریکردنی کاتی ڕاستەقینە و کۆنترۆڵکردنی زیرەکی تەواوی سیستەمی دابەشکردنی ئاو ڕاستەوخۆ لە وێستگەی پاککردنەوە. بە ژێرخانی دیجیتاڵی پێشکەوتوو، کارمەندانی وێستگەی سەرەکی دەتوانن بەدواداچوون بۆ ڕۆیشتنی ئاو بکەن، هەڵەکان دەستنیشان بکەن، و دابینکردنی ئاو لە سەرانسەری شاردا کۆنترۆڵ بکەن، ئەمەش تۆڕێکی گەیاندنی ئاوی کاراتر و وەڵامدەرەوە و پارێزراوتر بۆ نەوەی داهاتوو مسۆگەر دەکات.
هەر لە مەراسیمی دەست پێکردنی پرۆژەکە سەرۆک وەزیران لایەنە پەیوەندارەکانی راسپارد بە هاوتەریب لەگەڵ ئەم پرۆژەیە، بەستنەوەی هێڵە سەرەکیەکان بە هێڵە لاوەکیەکان بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە. کە بەخۆشحاڵیەوە لە ئێستادا کار لەسەر ئەم پرۆژەیەش بەردەوامە و بە درێژایی زیاتر لە دووری نێوان هەولێر و بەغدا کە نزیکە لە ٤١١ کیلۆمەتر بۆری ئاو دادەنرێت و دەبەسترێت. ئەوەی مایەی شانازییە کە هەموو ئەم کارانە بە کۆمپانیا و دەستی کاری ناوخۆیی ئەنجامدەدرێت لە ژێر چاودێری و سەرپەرشتی وەزارتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان.
ئەم پڕۆژەیە نەک تەنها بەهۆی قەبارەکەیەوە بەڵکو بەهۆی کاریگەرییە نیشتمانییەکانیشەوە ناوازەیە. بە پێچەوانەی وێستگەکانی پێشوو کە تەنها 13 هەزار مەتر سێجا لە کاتژمێرێکدا دابین دەکەن، ئەم پڕۆژەیە هێندە و نیو زیاتر دابین دەکات، ئەمەش ئاسایشی ئاوی پایتەختی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەکاتەوە.
ئێستا هەموو هاوشارییان، لە هەموو شوێنێکی هەولێر دەتوانن شاهیدی پابەندبوون بە تەواوکردنی ئەم پڕۆژەیە لە کاتی خۆیدا بن. کرێکاران و ئەندازیارانی بیناسازی، شەو و ڕۆژ، لە سەرانسەری شاردا ماندوو نەناسانە کار دەکەن. لە ڕاستیدا کۆمپانیاکە ئامانجێکی نوێی ناوخۆیی داناوە بۆ هێنانی ئاو بۆ شارەکە هەر لەم هاوینەدا، زۆر پێش وادەی فەرمی تەواو بوونى- کە ئەمەش بەڵگەی خۆبەخشی و پیشەیی بوونیان دەسەلمێنێت.
ئەم پڕۆژەیە لەگەڵ ئامانجە جیهانییەکانی گەشەپێدانی پایاری (SDGs) هاوتەریبە، بەتایبەتی ئامانجەکانی گەشەپێدانی پایاری 6 (ئاوی پاک و پاکوخاوێنی)، ئامانجی گەشەپێدانی پایاری 9 (پیشەسازی، داهێنان و ژێرخانی)، و ئامانجەکانی گەشەپێدانی پایاری 11 (شار و کۆمەڵگە بەردەوامەکان). هەروەها ڕەنگدانەوەی دیدگای فراوانتری حکومەتی هەرێمە بۆ بنیاتنانی کوردستانێکی خۆڕاگر و ئاوەدان و مۆدێرن.
ئەم پڕۆژە ستراتیژییە ئاوییە درێژەپێدەری مێژوویی میراتی هەولێرە لە بەڕێوەبردنی ئاودا، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵە پێشەنگەکانی سەنحاریب، پاشای ئاشووری نوێ. زیاتر لە 2،700 ساڵ لەمەوبەر، سەنحاریب ئاوی لە بەستۆڕەوە هێنایە قەڵای هەولێر لە ڕێگەی کەناڵێکی 21 کم، کە سەرسوڕهێنەرێکی ئەندازیاری سەردەمی خۆی، ئێستا وەک شوێنەوارێکی میژوویی پارێزراوە. ئەمڕۆ بە هەمان دیدگاوە بەڵام لە سەردەم و کاتێکی جیاوازتر، پڕۆژەی دابینکردنی ئاوی فریاگوزاری هەمان ئەو ڕۆحی داهێنان و دووربینی دووپات دەکاتەوە. هەروەک چۆن کەناڵەکەی سەنحاریب خزمەتی بە پێداویستییەکانی هەولێری دێرینی دەکرد، ئەم ژێرخانە مۆدێرنە ئاوی پاک بۆ نەوەکانی داهاتوو مسۆگەر دەکات، ئەمەش دڵنیای دەدات کە هەولێر بە خۆڕاگری و بەردەوام و ئامادەیی داهاتوو لە بەرامبەر پەرەسەندنی خواست و فشارەکانی گۆڕانی کەشوهەوادا دەمێنێتەوە.
لە کۆتاییدا، پڕۆژەی دابینکردنی ئاوی فریاگوزاری تەنها هەوڵێکی بیناسازی نییە- بەیاننامەیەکی هیوا و پێشکەوتن و توانایە. ڕەنگدانەوەی پابەندبوونی حکومەتی هەرێمە بۆ دابینکردنی پێداویستییە بنەڕەتییەکانی هاونیشتمانیان و دانانی ستانداردی نوێ لە ژێرخان و حوکمڕانیدا.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
نوێترین بیروڕا
ئەگەر بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە سلێمانی لێی بدرێت بازرگان و خەڵکی مەدەنی چی بکەن؟
27 نیسان
چەند دێڕێک بۆ یادی بۆردوومانکردنی قەڵادزێ
23 نیسان
سەرۆک بە تەنیا هاتە ژوورێ !
23 نیسان
چەخماخەیەک لە قاهیرەوە .. 127 ساڵ خەباتی بێوچانی وشەی کوردی
22 نیسان
سێ ڕێڕەوی گۆڕانکاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
19 نیسان
ژینگە و ژینگەپارێزی وەک ئەرکێکی ئایینی و ئینسانی
16 نیسان
بەپارێزگابوونی هەڵەبجە سەرەتای بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی نموونەیی
16 نیسان
ئەنفالێک لەپێشمانەوە
14 نیسان
ئەوان هەموویان لێرە بوون؛ ئەنفال هات و ڕایپێچان و نەگەڕانەوە
13 نیسان
سەرکردەکانی کورد دەبێ چ وانەیەک لە ڕووداوە مێژووییەکان وەربگرن؟
13 نیسان
- بیروڕا
- 23 نیسان
سەرۆک بە تەنیا هاتە ژوورێ !