
شی جینپینگ، سەرۆکی چین، گرافیک: پەیڕەو سەڵاح - ئاڤا
شی جینپینگ، سەرۆکی چین، ڕۆڵێکی گەورەی لە دوایین گۆڕانکارییە ئابووری و سیاسییەکانی جیهان هەیە، چۆن بیر دەکاتەوە؟ سرووشت و تایبەتمەندییەکانی چین و میزاجی چۆنە؟ چۆن لە جیهان دەڕوانێت؟ خەونی بۆ جیهان چییە و چۆنیش کار بۆ گۆڕینی دەکات؟ لەوانەیە ئەمانە گرنگترینی ئەو پرسیارانە بن کە پێویست بکات بە دوای وەڵامی لۆژیکییاندا بگەڕێین تا بتوانین پێشبینی بۆ ڕووداوەکانی داهاتوو بکەین.
شی جینپینگی سەرۆکی چین لە سەرۆکەکانی پێش خۆی جیاوازە و لە سەر ئاستێکی فراوانیش وەک بەهێزترین کەس لە دوای ماو تسی تۆنگ سەیر دەکرێت؛ بەتایبەتیش لە دوای هەمواری دەستوور کە مافی حوکمڕانی بۆ ماوەیەکی کراوەی پێبەخشرا. سەرۆکەکانی پێشوو هەوڵیان دەدا لە ڕێگەی ئابوورییەوە چین لە هەژاری و پاشەکشە ڕزگار بکەن، بەڵام ئەم ڕۆڵە چیدی بۆ چینی نوێ بەس نییە.
پەکینی شی چیدی پەکینی ماو یان دینگ شیاو پینگ نییە. لەگەڵ بەرزبوونەوەی هێزی ئابووری، خولیا سیاسی و سەربازییەکانیش بەرز دەبنەوە و ئامانجی ئەوەی هەیە لە داڕشتنی سیستەمی جیهانیدا ڕۆڵ بگێڕێت. ئەمەش پێشتر لەلایەن زلهێزەکانەوە ڕوویداوە.
بەریتانیای مەزن کە لە سەدەی نۆزدەهەمدا لە داڕشتنی سیستەمی نێودەوڵەتی گەورەترین ڕۆڵی گێڕا، خاوەنی بەهێزترین کەشتیگەلی دەریایی بوو، ئامانجەکەشی بریتی بوو لە پاراستنی بازرگانی لە سەرتاسەری جیهاندا و دڵنیابوون لە ڕێڕەوی کاڵاکان لە نێوان لەندەن و کۆڵۆنییەکانیدا. لەگەڵ زیادبوونی کاریگەریی ئابووری و هێزی سەربازی، خولیاکانیشی زیادیان کرد بۆ گێڕانی ڕۆڵێکی گەورەتر بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی و چەسپاندنی سیستەمێک کە لەگەڵیدا دەگونجێت.
هەمان شت بۆ ئەمریکاش ڕوویدا کە دوای شۆڕشەکەی تەنیا نزیکەی بیست هەزار سەربازی هەبوو و ئەوانیش سەرقاڵی ڕاوەدوونانی دانیشتووانی ڕەسەن بوون لە ڕۆژئاوا. لەگەڵ زیادبوونی هێزە ئابوورییەکەی (گەورەترین سوودمەندی سیستەمی لیبڕاڵی بوو کە بەریتانیا دایمەزراند بەبێ ئەوەی نرخی پاراستنی بدات) و هێزە سەربازییەکەی، تەماحی سیاسی بەرزبووەوە بۆ داڕشتنەوەی سیستمی بەرێوەبردنی جیهان لەسەر شێوە لیبڕاڵییە سەرمایەدارییەکەی.
چین هەمان ڕێڕەوی هێزە مەزنەکان دەگرێتەبەر، سەرکەوتنی ئابووری بەدوای خۆیدا سەرکەوتنی سەربازی دێنێت ئەمەش خواستی گەڕان بەدوای پێگەیەکی گەورەتری جیهانی دێنێت.
سەرۆکی چین دیدێکی ستراتیژی ڕوونی هەیە. ئەمەش لە لێدوان و وتارە ساڵانەکانیدا ڕوونە. من لە دوا وتاری لە پەکین ئامادە بووم کە تێیدا دیدی ستراتیژی خۆی خستەڕوو (جێی سەرنجە کە ئەم وتارە هێمنە هاوکات بوو لەگەڵ بەڕێوەچوونی یەکەم دیبەیتی نێوان ترامپ و بایدن کە تێیدا جنێویان بەیەکتر دەدا).
دیدگای ئەو بەکورتی، ئەگەر وتاری چاوەڕوانکراو وەلابنێین، گۆڕینی سیستەمی نێودەوڵەتیی ئێستایە کە لە ڕوانگەی ئەوەوە چیدی بەسوود نەماوە و بەرژەوەندییەکانی هێزە ڕۆژئاواییەکان دەپارێزێت؛ وەک نموونەش ئەو شەڕانەی هێنایەوە کە ئەمریکا لە سەرتاسەری جیهاندا هەڵیگیرساندوون (عێراق، ئەفغانستان و پشتیوانیی بێمەرجی بۆ ئیسرائیل). سەرۆکی چین باسی لە بەکارهێنانی بابەتەکانی وەک مافەکانی مرۆڤ و بەهاکانی ڕۆژئاوای کرد کە بەسەر نەتەوە و کەلتوورەکانی دیکەدا دەیانسەپێنن.
لە ڕووی سەربازییەوە، ئێستا چین خاوەنی خواستێکی ڕوونە بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی بەسەر دەریای باشووری چیندا. کەشتیگەلی چین بە 234 کەشتی جەنگییەوە گەورەترینە و هەروەها لە دوای ئەمریکا دووەم گەورەترین بودجەی بەرگریی هەیە (246 ملیار دۆلار بۆ خەرجی سەربازی).
کەسایەتیی سەرۆکی چین بە سەرسەختی ناسراوە؛ بە بارودۆخی سەختدا تێپەڕیوە (باوکی بۆ ماوەی 16 ساڵ لە سەردەمی حوکمی ماودا چەوسێنرایەوە). بڕوای بە بیری دامەزراوە و حیزب هەیە. چەندینجار داواکارییەکەی بۆ بەئەندامبوون لە حیزب ڕەتکرایەوە بەڵام ئەو هەر سوور بوو، بڕوای وابوو کە بێ پەیوەندیکردن بە حیزبی کۆمۆنیست ناگاتە ئامانجەکانی. ئێستاش هەروا بیردەکاتەوە، بڕوای وایە بەبێ گوێڕایەڵی حیزبی دەسەڵاتدار و ملکەچبوون بۆ مەرجەکانی و بۆ لۆژیکی دەوڵەتی چین، پەکین ناتوانێت ئامانجە ستراتیژییە دوورمەوداکانی بەدیبهێنێت.
کاتێک جاک ما، خاوەنی کۆمپانیای 'عەلی بابا' بڕیاری دا لە چوارچێوە دەربچێت و ڕەخنەی تووندی ئاراستەی حکومەتی چین کرد، ئەمە بە دەستدرێژیکردنە سەر دامەزراوە و حیزبی دەسەڵاتدار لێکدرایەوە. جاک چەند مانگێک لە پێش چاوان ونبوو و دوای کورتکردنەوەی نینۆکە تیژەکانی گەڕایەوە.
زیادبوونی ئازادییە سیاسییەکان لە هەناوی دامەزراوە دەدات و لە ناوەوە هەڵیدەوەشێنێتەوە، ئەمەش ئەوەیە کە لە کۆتایی هەشتاکان ڕوویدا کاتێک خۆپیشاندانەکان لە گۆڕەپانی تیانانمن هەڵگیرسان و جینپینگ نایەوێت دووبارە ببنەوە.
ئەمە ئەوەیە کە هێزە ڕۆژئاواییەکان چاویان لێیەتی لەوەتەی پەکین سیستەمی سەرمایەداری پەسەند کرد و چووە ناو ڕێکخراوی بازرگانی جیهانییەوە. چاکسازییە ئابوورییەکان چاکسازی سیاسی و دیموکراسی بە شێوازی ڕۆژئاوایی بەدوادا دێت، ئەمەش ئەوەیە کە سەرۆکی چین ڕەتیدەکاتەوە چونکە بڕوای وایە دیموکراسی بە شێوازی ڕۆژئاوایی چین پارچەپارچە دەکات و هەڵیدەوەشێنێتەوە.
هەر لەبەر ئەمە گۆشەگیرکردنێکی تەکنیکی بەسەر چیندا سەپاند؛ ئەمەش بۆ ڕێگرتن لە دزەکردنی بیرۆکە ڕۆژئاواییە "ئالوودەکان". دروستکردنی حیزبەکانی قەدەغە کرد، چاودێری تووندی بەهێز کرد و لە ڕێگەی ڕۆشنبیرکردنی بەکۆمەڵەوە بە شێوازی لینینی بیرۆکەکانی نیشتمانپەروەری چینیی و حیزبی کۆمۆنیستی لە مێشکی نەوە نوێیەکاندا چەقاند. بەڵام بڕوای بە ئازادییە ئابوورییەکان و بازاڕی ئازاد و دەستوەردانی دەوڵەت هەیە بۆ پشتگیریکردنی کۆمپانیا چینییەکان.
دوای هاتنی ترەمپ و شەڕی ئۆکڕاینا
لەو کاتەی کە دۆناڵد ترەمپ بە هۆی سەپاندنی باجی گومرگییەوە بازاڕەکانی شێواند و وەک سەرکردەیەکی سەدەی نۆزدەیەم دەرکەوت، سەرۆک بە وێنەی پیاوێکی سەرمایەدار دەرکەوت کە دڵنیایی دەبەخشێت. بەڵام سەرکردایەتیکردنی جیهان کە جینپینگ بە تەمایەتی بابەتێکی ئاسان نییە و بەرپرسیارێتی گەورەی پێویستە؛ لەوانە دەستوەردان بۆ ڕێگرتن لە هەڵگیرسانی شەڕەکان، یان سزادانی هێزە یاخیبووەکان، یان سەپاندنی سزاکان و پاراستنی سیستەمی جیهانی لە ئاژاوە. و بێسەروبەری.
بەڵام چۆن چین بە پاساوی دەستێوەرنەدان ئەم کێشەیە چارەسەر دەکات لە کاتێكدا هەندێک لە هاوڕێیان و هاوپەیمانەکانی لە تێکدەرەکانن وەک کۆریای باکوور کە بە مووشەکە ناوکییەکان هەڕەشە لە جیهان دەکات و ڕووسیا کە هێرشی کردووەتە سەر ئۆکرانیا؟ ئایا ڕێگری لە هەڕەشەی میلیشیاکان بۆ سەر بازرگانیی جیهانی دەکات؟ ئایا دژی گروپە تیرۆریستییەکان دەجەنگێت؟ شێوەی جیهان چۆن دەبێت ئەگەر چین ببێتە تاکە جەمسەر یان لەگەڵ هێزەکانی دیکە لە بەڕێوەبردنی کاروباری جیهان بەشدار بێت؟ ئایا کۆمەڵکوژی و هێرشە کیمیاییەکان دەوەستێنت؟ ئایا کەشتیگەلی دزە دەریاییەکان و قاچاخچییەکانی ماددەی هۆشبەر ڕاودەنێت؟ ئایا بکوژەکان ڕەوانەی دادگای دادی نێودەوڵەتی دەکات؟ کەس ناتوانێت وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە، بەڵام ئەوەی دڵنیاین لێی ئەوەیە کە سەرۆکی چین، پیاوە بەهێزەکە، پیاوی دەوڵەت و حیزب، پیاوێک کە سۆز و هەستەکانی کۆنترۆڵی ناکەن، بە تەمایە چین لە پێگەیەکی جیهانیدا ببینێت کە شایستەیەتی؛ جیهانیش دەبێت زوو یان درەنگ دان بەمەدا بنێت.
نوێترین بیروڕا
بەغدا لە نێوان میوانداریکردنی لووتکەی عەرەبی و ئالنگارییەکانی ناوخۆ
5 ئایار
دووبارە دواكەوتنی واژۆكەی تەیف سامی
5 ئایار
لەوێ بووین - لە ستایشی ڕەنگینیی دهۆکدا
3 ئایار
کار و کرێکاری لە دیدێکی ئایینی
2 ئایار
كورد لەناو بەها جیهانیەكانی سەردەمی نوێدا
1 ئایار
"زیندووکردنەوەی میراتی هەولێر: سەردەمێکی نوێی ئاسایشی ئاو و خۆشگوزەرانی"
30 نیسان
ئەگەر بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە سلێمانی لێی بدرێت بازرگان و خەڵکی مەدەنی چی بکەن؟
27 نیسان
چەند دێڕێک بۆ یادی بۆردوومانکردنی قەڵادزێ
23 نیسان
سەرۆک بە تەنیا هاتە ژوورێ !
23 نیسان
چەخماخەیەک لە قاهیرەوە .. 127 ساڵ خەباتی بێوچانی وشەی کوردی
22 نیسان