نانێکی تاڵ و گیرفانی بەتاڵ... پووچەڵکردنەوەی سیستمی فیدڕاڵ
- بیروڕا
- 3 کاتژمێر لەمەوپێش

شیکارییەک بۆ وتارەکەی سەرۆک بارزانی
شیکارییەک بۆ گوتارەکەی سەرۆک بارزانی لە کۆنگرەی یەکگرتنی هەردوو ڕێکخراوی قوتابیان و لاوانی پارتیدا.
بەشی یەکەم
1. بۆ پرسی مووچە و مامەڵەی بەغدا لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان سەرۆک بارزانی وتی : " وایان لێکردووە کە خەبات و تێکۆشانی ئەم میللەتە، ئەو ھەموو ساڵانە، ئەو ھەموو سەرکردە قارەمانانە، ئەو ھەموو گەورانە، ئەو ھەموو شەھیدە، ئەو ھەموو ئەنفال و کیمیابارانە، ھەمووی لەبەر ئەوە بووە داوای مووچەیان کردووە، ئەگەر مەبەست مووچە بووایە، ئەو دەوڵەتانەی پێشتر دەستی کوردیشیان ماچ دەکرد و مەمنوونیش بوون."
- سەرۆک بارزانی بەم دەربڕینە سەرلەنوێ جەوهەری پرسی کوردی بۆ یار و نەیار پێناسە کردەوە و بە ڕاشکاوی ڕەتیکردەوە کە خەباتێکی درێژخایەنی سەدساڵەی میللەتێک کورت بکرێتەوە بۆ پرسی مووچە و بوودجە.
- گوتارەکەی سەرۆک بارزانی ڕەنگدانەوەی هەوڵێکی جدی بوو بۆ بووژاندنەوەی ویژدانی مردووی هەندێک بەناو سیاسەتمەداری کوردی 'پشت مۆبایل و لاپتۆپ و فەیسبووکچی' کە پێیان وایە بەدەستهێنانی مووچە دوا ئامانجی باڵای سیاسەت و کوردایەتییە!. گوتاری سەرۆک هەوڵێکە بۆ ڕووح بەبەراکردنەوەی نەگۆڕە نەتەوەییەکانی کوردایەتی: (کەرامەت، شوناس، شەهیدان).
2. "بە ڕێنمایی لایەنی نێوخۆیی بووە، ئەو مامەڵەی لە مانگەکانی پێشوو لەگەڵ مووچەخۆران کردوویانە، بەهیچ شێوەیەک جێگەی قبووڵ نییە."
- لەم بڕگەیەی گوتارەکەی سەرۆکدا، ئاماژەیەکی ڕوون و دیارە کە ئەو جۆرە مامەڵەیەی بەرپرسانی بەغدا لەگەڵ مووچەخۆرانی کوردستاندا کێشە و پرسێکی تەکنیکی نییە بەڵکو بە ئیمتیازی سیاسییە.
- ئاماژەیەکی ڕوونە کە لە ناو سیستمی حوکمڕانیی عێراقدا باندێک هەیە کەهەمیشە لەبۆسەدایە و بە هاوکاری و ڕێنمای هەندێک بەناو کورد پلانێکی ئامادەی هەیە بۆ سزادانی خەڵک و حکومەتی هەرێم، چونکە لە بنەڕەتەوە بڕوایان بە فیدڕاڵیزم و دەستوور و برایەتی نێوان گەلانی عێراق نەبووە و نییە!، هەموو ئەوانەش بەلای هەر کوردێکی خاوەن کەرامەتەوە شیاوی قەبووڵکردن نییە.
3. " ئەگەر فیدراڵی نەماوە، باپێمان بڵێن، چونکە ئەو مامەڵەی ئێستا لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکرێت، مامەڵەکردنی فیدڕاڵییەت نییە."
- تۆن و سەنگی ئەم ڕستەیە تەواوی سیاسەتمەدار و حوکمڕانەکانی بەغدا دەخاتە بەردەم ئاڵانگارییەکی ڕاشکاوی بێ پێچ و پەناوە. سەرۆک بارزانی پرسیارێکی جەوهەری و وجودیی سەبارەت بە سرووشتی دەوڵەتی نوێی عێراق وروژاند و پەیامێکی ڕوونیدا بە گوێیاندا: ئەگەر بەلای ئێوەوە فیدڕاڵیزم وەهم و خەونێکی ناخۆشە، فەرموون بێ پێچ و پەنا، بە ڕاشکاوی ڕایبگەیەنن، خۆ ئەگەر واشنیە کەواتە فەرموون دڵسۆزانە پێوەی پابەندبن!.
4. "نابێت دەستوەردان لە دەستووردا بکرێت، ئەگەر هەرێمی کوردستان کێشەیەکی هەیە، پەرلەمانی کوردستان هەیە، با ئەوان لێپێچینەوە لە حکومەت بکەن."
- سەرۆک بارزانی بەم دەربڕینەی هەر جۆرە دەستتێوەردان و زیادەڕۆییەکی بەغدای بۆ سەر دەزگا یاساییەکانی هەرێم ڕەتکردەوە و پابەندبوونی خۆی و حیزبەکەی بە پرەنسیپی خۆ بەڕێوەبەری و فیدڕاڵیزم دووپاتکردەوە.
- زۆر بەڕوونی هەرێمی کوردستانی وەک قەوارەیەکی سیاسیی خاوەن دەسەڵات وێناکردەوە و ڕەتیکردووەتەوە کە تەنها وەک یەکەیەکی ئیداریی ژێردەستە، مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
5. ئەم شێوە ڕەفتارە کە لەگەڵ مووچە و میللەتی کورد دەکرێت، وەکو لە مانگەکانی پێشوو کردوویانە، لەمەودوا بە ھیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە.
- من ئەمە بە بێڕێزی دەزانم بۆ خوێنی شەھیدان، بۆ خەباتی گەلی کوردستان، بۆ مێژووی پڕ سەروەریی ئەم میللەتە، ئەم میللەتە لە برساندا شۆڕشی نەکردووە. فڵان ئیمزای کرد و ئیمزای نەکرد، ڕەزامەندی دا و ڕەزامەندی نەدا، بۆچی ئێمە دەرۆزەچین لەبەر دەرگەی ئێوە؟
- لێرەوە تۆن و دەنگ و سەنگی گوتارەکەی سەرۆک هەڵدەکشێت بەرەو ئاستێکی باڵای یادەوەری و شانازییەکانی مێژووی خەباتی میللەتێک!. پێناسەیەکی کورت و پوختی قەیرانەکە دەکات و دەیگێڕێتەوە بۆ ناو بازنە و چوارچێوەی کەرامەتی مرۆڤ و لە لیتاوی بەرژەوەندیی تەسکی دارایی ڕزگاری دەکات.
- بارزانی پەیامێکی ڕاستەوخۆ دەنێرێت بۆ ئەوانەی بە ئەقڵییەتی کوێخایەتی و کەڵەگایی مامەڵە لەگەڵ میللەتی کوردستان دەکەن و پێیان دەڵێت: ئێمە شەریکین لەم عێراقەدا نەک دەرۆزەکەری بەر قاپییی ئێوە!
بۆیە هێشتا بە بەرییەوە ماوە بۆ بەخۆدا چوونەوە و گۆڕینی تێگەیشتن و هەڵوێست و گوفتار و ڕەفتارتان بە جۆرێک کە هەم برایەتیی نێوانمان بپارێزێت و عێراق بەرەو پێش ببات هەم خەڵکەکەیشی سوودمەندبن لەو سەروەت و سامانە بێ شومارەی لەسەرخاک و ژێرخاکیدایە!
6- " ئێمەش داکوکی دەکەین، دەبێت بێن قەرەبووی ھەموو ئەنفالەکان بدەن، قەرەبووی کیمیابارانی ئەم میللەتە بکەنەوە، قەرەبووی ئەو چوار هەزار و 500 گوندە بکەنەوە. ئەمە حەقی میللەتی کوردە لەسەر ئەوان".
- لێرەدا گوتارەکە لە ئاستی بەرگرییەوە هەڵدەکشێت بۆ ئاستی داواکارییە مێژووییە ڕێک و ڕەوانەکانی میللەتێکی غەدرلێکراوی ماف زەوتکراو. ئاواز و ڕیتمی گوتارەکە لەوەدا چەق نابەستێت کە خۆی بە قەیرانێکی هەنووکەییەوە خەریک بکات، بەڵکو سەرنجەکان دەگوازێتەوە بەرەو ئاڕاستەی زیندووکردنەوەی دۆسیە هەستیارەکانی چارەنووس و قەرەبووی ئەنفالکراوان و مافی زەوتکراوی دەیان هەزار شەهیدی دەستی دەوڵەتی عێراق، هەزاران گوندی خاپورکراو بە تۆپ و تەیارەی دەوڵەتی عێراق.
- سەرۆک لەدەرگەی دەوڵەتی عێراق دەدات و دەڵێت: " ئەگەر ئێمە بەشێکین لە عێراق، نابێت ئەم یارییە ناشیرینە لەگەڵ ڕزقی خەڵکی کوردستان بکەن، خۆ ئەگەر بەشێکیش نین لە عێراق پێمان بڵێن". سەرۆک بارزانی بەم بڕگەیەی گوتارەکەی قەیرانی نێوان هەولێر و بەغدا لە چوارچێوەی تابلۆیەکی گەورەتردا دەخاتە ڕوو : { تابلۆی شکستی یەکخستنی نیشتمانی و مامەڵەی ڕەگەزپەرستانە لەگەڵ نەتەوی کورد دا }.
ئەمەش لە چوارچێوەنانێکی مەبەستدار و ڕێگەخۆشکەرە بۆ هەر بژاردە و بڕیارێکی سیاسیی چارەنووسساز لە ئایندەدا.
پوختەی شیکارییەکە:
- گوتارەکەی سەرۆک بارزانی تەنیا کاردانەوەیەک نەبوو لە بەرامبەر دواخستنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە، بەڵکو زەمینەسازییەکە بۆ پتەکردنی جێگە و پێگەی سیاسیی کورد لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ بەغدایەکدا کە جەوهەری فیدڕاڵیزمی پووچەڵکردۆتەوە.
- گوتارێکە لەپێناو هۆشیارکردنەوە و ئاشناکردنی خەڵکی کوردستان بە حەقیقەتی قەیرانەکان. گوتارێکە پشت بەستوو بە بنەماکانی دەستووری عێراق و پێداگر لەسەر مێژووی خەبات و بەردەوامیی نادادپەروەری بەرامبەر بە کورد لە عێراقی کۆن و نوێدا. پەیامێکی ڕاشکاو ڕاستەوخۆیە بۆ بەغدا: ئیتر بەسە پووچەڵکردنەوەی فیدڕاڵیزم ڕابگرن.
- لە نێوان پابەندبوونێکی ڕاستەقینە بە دەستوور یان هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی سیاسیی دەوڵەتی عێراق، یەکێکیان هەڵبژێرن!.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
نوێترین بیروڕا
دۆناڵد ترەمپ چۆن بیر دەکاتەوە؟
17 کاتژمێر لەمەوپێش
هێزێک بۆ ئابووری و پیشەسازیی کوردستان
15 ئایار
لە نێوان هەرێم و بەغدا، بۆچی دەبێ لایەنی حكومەتی خۆمان بگرین؟
12 ئایار
هاوسەنگی لە سەردەمی گۆڕانکارییەکاندا
10 ئایار
ڤلادیمیر پووتین چۆن بیر دەکاتەوە؟
10 ئایار
هێڵکێشانێک بە ژێر وتارەکەی سوودانی دا
8 ئایار
لوتکەی بەغدا؛ بەرەو ڕێبازێکی نوێی عەرەبی
8 ئایار
شی جینپینگ چۆن بیر دەکاتەوە؟
6 ئایار
بەغدا لە نێوان میوانداریکردنی لووتکەی عەرەبی و ئالنگارییەکانی ناوخۆ
5 ئایار
دووبارە دواكەوتنی واژۆكەی تەیف سامی
5 ئایار
- بیروڕا
- 17 کاتژمێر لەمەوپێش
دۆناڵد ترەمپ چۆن بیر دەکاتەوە؟