
بەڕێز سەرۆک ترەمپ, زۆر کەمن ئەو دەستپێشخەرییانەی کە لەوەتەی دەستبەکار بوویتەتەوە ئەنجامت داون و من پێیان ڕازی بم - جگە لەوانەیان کە پەیوەندییان بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەیە. گەشتەکەت بۆ ناوچەکە و دیدارت لەگەڵ سەرانی سعودیە، ئیمارات و قەتەر و هەروەها کۆنەبوونەوەت لەگەڵ سەرۆکوەزیران بنیامین نەتانیاهۆ لە ئیسرائیل، بەلای منەوە واتای ئەوەیە کە خەریکە ڕاستییەکی بنەڕەتی دەناسیت، ئەویش ئەوەیە کە: ئەم حکومەتەی ئیسرائیل بە شێوەیەک کار دەکات کە هەڕەشە لە بەرژەوەندییە سەرەکییەکانی ئەمریکا دەکات لە ناوچەکەدا; نەتانیاهۆ هاوڕێی ئێمە نییە.
لەگەڵ ئەوەشدا, نەتانیاهۆ پێی وابوو کە دەتوانێت تۆ بکاتە قوربانیی خۆی. من دەستخۆشیت لێدەکەم و سەرسامم بەوەی کە تۆ لە ڕێگەی دانوستاندنە سەربەخۆکانت لەگەڵ حەماس، ئێران و حوسییەکان، ئەوەت بەو گوت کە هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر تۆوە نییە و تۆ نابیتە قوربانیی ئەو. ئەمە بە ڕوونی ئەوی ترساند. من هیچ گومانم نییە کە گەلی ئیسرائیل، بەگشتی، هێشتا خۆیان بە هاوپەیمانی نەگۆڕی گەلی ئەمریکا دەزانن و بە پێچەوانەشەوە. بەڵام ئەم حکومەتە تووندڕەوە نەتەوەییە و ئایینییەی ئیسرائیل هاوپەیمانی ئەمریکا نییە. ئەمە یەکەم حکومەتە لە مێژووی ئیسرائیلدا کە ئەولەویەت نادات بە ئاشتی لەگەڵ زۆربەی دراوسێ عەرەبەکانی و بایەخ بەو سوودانە نادات کە لە بەهێزکردنی ئاسایش و پێکەوەژیانەوە دروست دەبن. ئەولەویەتی ئەو [نەتانیاهۆ]، داگیرکردنی کەناری ڕۆژئاوا و دەرکردنی فەلەستینییەکانی غەززە و دروستکردنی کۆمەڵگاکانی نیشتەجێکردنی جووەکانە.
بیرۆکەی ئەوەی کە ئیسرائیل حکومەتێکی هەیە کە چیدی وەک هاوپەیمانی ئەمریکا هەڵسوکەوت ناکات و نابێت وەک هاوپەیمان سەیر بکرێت، بۆ هاوڕێیانی ئیسرائیل لە واشنتن حەبێکی شۆکهێنەر و تاڵە بۆ قووتدان - بەڵام دەبێت قووتی بدەن.
چونکە، حکومەتی نەتانیاهۆ لە پەیڕەوکردنی ئەجێندا تووندڕەوەکەی، زیان بە بەرژەوەندییەکانمان دەگەیێنێت. دەستخۆشیت لێدەکەم کە ڕێگەت نەدا نەتانیاهۆ خۆی لە تۆ لا بدات وەک چۆن لەگەڵ سەرۆکەکانی پێشووی ئەمریکا کردی. ئەوەش پێویستە بەرگری لە سیستمی ئاسایشی ئەمریکا بکەیت کە لەلایەن سەرۆکەکانی پێشووەوە لە ناوچەکەدا بونیاد نراوە. پێکهاتەی ئێستای هاوپەیمانێتی نێوان ئەمریکا و عەرەب و ئیسرائیل لەلایەن ڕیچارد نیکسن و هێنری کیسینجەر دوای جەنگی ئۆکتۆبەری ساڵی 1973 دامەزرا. ئەوەش بە ئامانجی دەرکردنی ڕووسیا و کردنی ئەمریکا بە هێزی باڵادەستی جیهانی لە ناوچەکەدا. ئەمە پڕۆسەیەکە لەو کاتەوە خزمەتی بەرژەوەندییە جیۆپۆلیتیکی و ئابوورییەکانمانی کردووە. دیپلۆماسیەتی نیکسون و کیسینجەر ڕێککەوتنەکانی ساڵی 1974ـی نێوان ئیسرائیل، سوریا و میسری داڕشت. ئەم ڕێککەوتنانە بنەمای ڕێککەوتننامەکانی ئاشتی کامپ دەیڤیدیان دانا، کە ڕێگەی خۆشکرد بۆ ڕێککەوتننامەکانی ئاشتیی ئۆسلۆ. ئەنجامەکە ناوچەیەک بوو کە تیایدا ئەمریکا، هاوپەیمانە عەرەبەکانی و ئیسرائیل باڵادەست بوون.
بەڵام هەموو ئەم پێکهاتەیە تا ڕادەیەکی زۆر لەسەر بنەمای بەڵێنێکی ئەمریکی-ئیسرائیلی بوو بۆ چارەسەری دوو دەوڵەتیی بۆ پرسی فەلەستین- بەڵێنێک کە تۆ خۆت هەوڵت دا لە خولی یەکەمدا بەهێزی بکەیت بە پلانی خۆت بۆ دەوڵەتێکی فەلەستینی لە غەززە و کەناری ڕۆژئاوا لە پاڵ ئیسرائیل - بەو مەرجەی فەلەستینییەکان دان بە ئیسرائیلدا بنێن و بەوە ڕازی بن کە دەوڵەتەکەیان چەکدار نەبێت. بەڵام ئەم حکومەتەی نەتانیاهۆ ئەولەویەتی دا بە داگیرکردنی کەناری ڕۆژئاوا کاتێک لە کۆتایی ساڵی 2022 هاتە سەر دەسەڵات - زۆر پێش هێرشەکەی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 – لە بری ئەوەی ئەولەویەت بدات بە سیستمی ئاسایش و ئاشتیی ئەمریکی بۆ ناوچەکە.
بۆ نزیکەی ساڵێک، ئیدارەی بایدن تکای لە نەتانیاهۆ کرد یەک کار بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل بکات: ڕازی بێت بە دەستکردن بە دیالۆگێک لەگەڵ دەسەڵاتی فەلەستینی لەسەر چارەسەری دوو دەوڵەتی لە داهاتوودا لەگەڵ حکومەتێکی ڕیفۆرم کراو - لە بەرامبەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سعودیە لەگەڵ ئیسرائیل. ئەمە ڕێگا خۆشدەکات بۆ ئەوەی کۆنگرێس پەیماننامەی ئاسایشی نێوان ئەمریکا و سعودیە پەسەند بکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران و چین.
نەتانیاهۆ ڕەتی کردەوە ئەمە بکات، چونکە تووندڕەوە جووەکان لە ناو حکومەتەکەیدا گوتیان ئەگەر وا بکات، ئەوان حکومەتەکەی دەڕووخێنن. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە نەتانیاهۆ لە دادگا چەندین تۆمەتی گەندەڵی ئاراستە کرابوو و نەیدەتوانی واز لە سەرۆکوەزیرانیی بهێنێت، چونکە بە هۆی ئەو پۆستەوە لە دادگا پاریزگاریی لە خۆی دەکرد و دادگاییەکەی درێژ دەکردەوە و ئەگەری زیندانیکردنی دوور دەخستەوە.
نەتانیاهۆ بەرژەوەندییە کەسییەکانی خۆی لە سەرووی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا دانا. ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و سعودیە کە گرنگترین دەوڵەتی ئیسلامییە، لەسەر بنەمای هەوڵدان بۆ چارەسەری دوو دەوڵەتی لەگەڵ فەلەستینییە میانڕەوەکان، دەیتوانی هەموو جیهانی ئیسلامی بەڕووی گەشتیاران، وەبەرهێنەران و داهێنەرانی ئیسرائیلیدا بکاتەوە، گرژییەکانی نێوان جوولەکە و موسڵمانان لە سەرتاسەری جیهان کەم بکاتەوە و ئەو سوودانەی کە نیکسون و کیسینجەر بۆ ئەمریکایان دانابوو بۆ دەیەیەکی دیکە یان زیاتر جێگیر بکات.
دوای ئەوەی نەتانیاهۆ بۆ ماوەی دوو ساڵ هەمووانی ڕازی کرد، بە گوێرەی چەند ڕاپۆرتێک، ئەمریکییەکان و سعودییەکان بڕیاریان دا واز لە بەشداریکردنی ئیسرائیل لە ڕێککەوتنەکەدا بهێنن - زیانێکی ڕاستەقینە بۆ ئیسرائیلییەکان و جوولەکە. بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆیتەرز "ئەمریکا چیتر داوای ئەوە لە سعودیە ناکات پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە وەک مەرجێک بۆ بەرەوپێشچوون لە دانوستاندنەکانی هاوکاریی ئەتۆمی مەدەنی."
ئێستاش دەکرێت شتەکان خراپتر بن. نەتانیاهۆ خۆی ئامادە دەکات بۆ دووبارە داگیرکردنی غەززە بە پلانێک بۆ ڕێکخستنی دانیشتووانی فەلەستینی لەوێ. غەززە، لە سووچێکی بەرتەسکدایە، لەلایەکەوە دەریای ناوەڕاست و لەلایەکی دیکەوە سنووری میسر هەیە. لە کەرتی ڕۆژئاواش ئیسرائیل بە خێرایی و بەرفراوانی لە داگیرکردنی کەرتەکە بەردەوامە. ئیسرائیل (بەتایبەتی سوپاسالاری نوێ، ئەیال زامیر) زیاتر ڕووبەڕووی تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگی دەبێتەوە کە بیبی چاوەڕێی ئەوە دەکات کابینەکەت ئەو لە بەرامبەر ئەو تۆمەتانە بیپارێزێت.
من هیچ هاوسۆزییەکم بۆ حەماس نییە. پێم وایە ڕێکخراوێکی نەخۆشە کە زیانێکی گەورەی بە دۆزی فەلەستین گەیاندووە. بەرپرسیارێتی گەورەی هەیە لە کارەساتی مرۆیی ئەمڕۆی غەززەدا. ڕابەرایەتیی حەماس دەبوو گیراوەکانی ئازادبکردایە و لە مێژ بوو غەززەی بەجێهێشتبا، هیچ بیانوویەکی بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی جەنگ نەدابایە دەست ئیسرائیل. بەڵام پلانی نەتانیاهۆ بۆ دووبارە داگیرکردنی غەززە ئامانجی دروستکردنی ئەڵتەرناتیڤێکی میانڕەو نییە بۆ حەماس تا لەلایەن دەسەڵاتدارێتیی فەلەستینییەوە بەڕێوە ببرێت، بەڵکو ئامانجی داگیرکارییەکی سەربازیی هەمیشەیی ئیسرائیلییە و ئامانجی نەوتراویشی گوشارخستنە سەر هەموو فەلەستینییەکانە بۆ جێهێشتنی ناوچەکە. ئەمە نوسخەیەکە بۆ یاخیبوونی بەردەوام - ڤێتنامێک لەسەر دەریای ناوەڕاست. لە کۆنفرانسێکدا لە 5ـی ئایار کە لەلایەن ڕۆژنامەی بێشەڤای زایۆنیستی ئایینییەوە سپۆنسەر کرابوو، بێزالێل سموتریچ، وەزیری دارایی تووندڕەوی ئیسرائیل، قسەی کرد و وەک ئەوەی هیچ بەلایەوە گرنگ نەبێت گوتی: "ئێمە غەززە داگیر دەکەین بۆ ئەوەی بمێنینەوە. چیدی هیچ چوونەناوەوە و دەرچوونێک نابێت." دانیشتوانی ناوچەکە دەخرێنە کەمتر لە چارەکی کەرتی غەززەوە.
وەک ئاموس هارێل، پسپۆڕی سەربازیی هائارێتز ئاماژەی پێکرد: "بەو پێیەی سوپا هەوڵدەدات کەمترین قوربانیی هەبێت، بۆیە شرۆڤەکاران پێشبینی دەکەن سوپا بە شێوەیەکی زۆر دوژمنکارانە هێز بەکاربهێنێت، ئەمەش زیانێکی بەرچاو بە ژێرخانی شارستانیی ماوەی غەززە دەگەیەنێت. کۆچپێکردنی دانیشتووان بۆ کەمپە مرۆییەکان، هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی کەمیی خۆراک و دەرمان، دەبێتە هۆی مردنی بەکۆمەڵی هاووڵاتیی زیاتر و هەروەها فەرماندە و ئەفسەرانی زیاتری ئیسرائیلیش ڕووبەڕووی ئەگەری دادگاییکردنی یاسایی دەبنەوە."
لە ڕاستیدا، ئەگەر ئەم ستراتیژە جێبەجێ بکرێت، ئەوا نەک هەر دەبێتە هۆی تۆمەتی زیاتری تاوانی جەنگ دژی ئیسرائیل، بەڵکو هەڕەشە لە سەقامگیریی ئوردن و میسریش دەکات. ئەم دوو کۆڵەکەیەی هاوپەیمانێتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەمریکا ترسی ئەوەیان هەیە نەتانیاهۆ بیەوێت فەلەستینییەکان لە غەززە و کەناری ڕۆژئاواوە بۆ ئەو وڵاتانە دەربکات، کە بێگومان ئەمە ناسەقامگیری سەر سنوورەکانیان زیاتر دەکات، تەنانەت ئەگەر فەلەستینییەکانیش وا نەکەن.
ئەمە بە شێوەیەکی دیکەش زیانمان پێ دەگەیەنێت. وەک هانس وێکسێل، ڕاوێژکاری باڵای سیاسەتی پێشوو لە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، پێی گوتم، "تا ئومێد بۆ ئاواتی فەلەستینییەکان کەمتر بێت، ویستی ناوچەکە بۆ فراوانکردنی پێکهاتەی ئاسایشی ئەمریکی-عەرەبی-ئیسرائیلی کەمتر دەبێت، کە دەیتوانی بەرژەوەندی درێژخایەنی بەسەر ئێران و چینەوە هەبێ - بەبێ پێویستی بە سەرچاوەی هاوشێوەی سەربازی ئەمریکی لە ناوچەکە بۆ پاراستنی."
بەڕێز سەرۆک، سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تۆ هەندێک هەستی سەربەخۆی باشت هەیە. دوایان بکەوە. ئەگەر نا، پێویستە خۆت ئامادە بکەیت بۆ ئەم ڕاستییە بەپەلەیە: نەوە جوولەکەکانی تۆ یەکەم نەوەی منداڵانی جوو دەبن کە لە جیهانێکدا گەورە دەبن تێیدا دەوڵەتی جوو وەک دەوڵەتێکی بێزراو لە قەڵەم دەدرێت. چەند وشەیەکی ناو ڕۆژنامەی هائارێتز، ڕێکەوتی 7ی ئایارت بۆ بەجێدێڵم: "ڕۆژی سێ شەممە، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل نۆ منداڵی کوشت، تەمەنیان لە نێوان 3 بۆ 4 ساڵ بوو. ... سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند ئامانجەکە 'ناوەندێکی فەرماندەیی و کۆنترۆڵی حەماس' بووە و 'کار کراوە بۆ کەمکردنەوەی زیانی هاووڵاتییانی بێتاوان.' ... دەتوانین بەردەوام بین لە پشتگوێخستنی ژمارەی فەلەستینییە کوژراوەکانی کەرتی غەززە - زیاتر لە 52 هەزار کوژراو، لەوانەش نزیکەی 18 هەزار منداڵ؛ گومان لە باوەڕپێکراوی ژمارەکان بکەین؛ هەموو میکانیزمەکانی سەرکوتکردن، نکۆڵیکردن، گوێپێنەدان، دوورکەوتنەوە، ئاساییکردنەوە و پاساوهێنانەوە بەکاربهێنین. بەڵام هیچ کام لەمانە ڕاستییە تاڵەکە ناگۆڕێت: ئیسرائیل ئەوانی کوشت. ئەوە بە دەستی ئێمە ئەنجام درا. نابێت چاوی لێ بنوقێنین. دەبێت بێدار بین و بە بەرزترین دەنگمان هاوار بکەین: ئەم جەنگە ڕاگرن."
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
نوێترین بیروڕا
خوارنا مافێ کوردان ل عیراقێ ئێدی بوویە دیاردە!
6 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆک ئێـمەش قبووڵی ناکەین
16 ئایار
نانێکی تاڵ و گیرفانی بەتاڵ... پووچەڵکردنەوەی سیستمی فیدڕاڵ
16 ئایار
دۆناڵد ترەمپ چۆن بیر دەکاتەوە؟
15 ئایار
هێزێک بۆ ئابووری و پیشەسازیی کوردستان
15 ئایار
لە نێوان هەرێم و بەغدا، بۆچی دەبێ لایەنی حكومەتی خۆمان بگرین؟
12 ئایار
هاوسەنگی لە سەردەمی گۆڕانکارییەکاندا
10 ئایار
ڤلادیمیر پووتین چۆن بیر دەکاتەوە؟
10 ئایار
هێڵکێشانێک بە ژێر وتارەکەی سوودانی دا
8 ئایار
لوتکەی بەغدا؛ بەرەو ڕێبازێکی نوێی عەرەبی
8 ئایار
- بیروڕا
- 6 کاتژمێر لەمەوپێش
خوارنا مافێ کوردان ل عیراقێ ئێدی بوویە دیاردە!
- بیروڕا
- 16 ئایار
سەرۆک ئێـمەش قبووڵی ناکەین
- بیروڕا
- 15 ئایار
دۆناڵد ترەمپ چۆن بیر دەکاتەوە؟