کورد و ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل و ئێران.. کرانەوەی نوێ یان مەترسییە کۆنەکان؟

محەممەد ساڵح

محەممەد ساڵح

هاوکاری پایەبەرزی نانیشتەجێیە لە (پەیمانگای توێژینەوەی سیاسەتی دەرەوە) لە فیلادێلفیای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا

کورد و ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل و ئێران.. کرانەوەی نوێ یان مەترسییە کۆنەکان؟

ئاڤا نیوز

سەرەڕای کارابوونی ئاگربەست، ئێستا دوای ڕووبەڕووبوونەوە 12 ڕۆژییەکەی نێوان ئیسرائیل و ئێران، گورزەکانی ئیسرائیل کە لە 13ی حوزەیراندا قووڵایی خاکی ئێرانیان بڕی، تابۆیەکی هەرێمیی دەیان ساڵەیان شکاند.

بۆ یەکەمجار لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی عێراق-ئێران لە ساڵی 1988، ئیسرائیل بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ژێرخانی سەربازیی ئێرانی لەسەر ئاستێکی بەرفراوان کردە ئامانج - ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە "دۆخی باوی" (الوضع الراهن) پێشوو چیتر کاری پێناکرێت و ئەگەر و مەترسیی هەرێمیی نوێ لە ئارادان.

لەنێو ئەو گەلانەی کە زۆرترین کاریگەریی ئەم واقیعە هەرێمییە نوێیەیان لەسەرە، کوردی ئێرانن کە ماوەیەکی درێژە قوربانیی پەراوێزخستنی سیستماتیکن. ڕژێمی ئێران، بە قۆستنەوەی هەڵمەتە جەنگییەکەی ئیسرائیل، سێ کوردی لەسێدارە دا کە لە 25ی حوزەیراندا بە تۆمەتی بێ بنەمای سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل دەستگیرکرابوون. ئەمە شتێکی نوێ نییە. زۆرجار چالاکوانە سیاسییەکانی کورد بە جوداخواز ناو دەبرێن و وەک هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و ڕژێم بەردەوامە لەسەر لەسێدارەدانی ناهاوسەنگی کورد و ئەندامانی کۆمەڵگە نەتەوەییەکانی تر بەهۆی چالاکییە سیاسییەکانیانەوە، بەپێی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ.

سەرکوتکردنی سیاسیی توند هاوکاتە لەگەڵ ئەو سەختییە ئابوورییە ئەنقەستانەی کە لەلایەن دەوڵەتەوە سەپێنراون. بۆ نموونە، پارێزگا زۆرینەکانی کورد وەک کوردستان، کرماشان و ئیلام لە ڕیزبەندیی هەژارترین و کەم گەشەسەندووترین ناوچەکانی وڵاتدان.

لەناو ئەم واقیعە گشتییەدا، بەئامانجگرتنی بنکەکانی سوپای پاسداران لەم پارێزگایانە لەلایەن "ئیسرائیل"ـەوە، دەیتوانی دەرفەتێک بۆ گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردی نیشتەجێی کوردستانی عێراق بخوڵقێنێت – زۆرێک لە مۆڵگەکانیان کراوە بوون – لەگەڵ ئەوەشدا، هەموو حیزبە سەرەکییەکانی کوردی ئێران، لە "حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)" و باڵەکانی "کۆمەڵە"وە تا پارتی "ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)"، خۆیان لە "قۆستنەوەی" بابەتەکە پاراست.

سەرەڕای ئەو پروپاگەندانەی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەکرێن و ئەو تێگەیشتنە هەڵانەی لەنێو زۆرێک لە شیکارەوانان و میدیاکاندا هەن، داواکارییە ڕاگەیێنراوەکانی ئەم حیزبانە ئامانجیان کۆتاییهێنانە بە جیاکاریی نەتەوەیی و ئایینی و دابینکردنی حوکمڕانیی لامەرکەزییە – نەک سەربەخۆیی تەواو.

ئەم خۆگرتنەوە ستراتیژییە ڕەگی لە وریاییدا داکوتاوە. سەرکردەکانی کورد بە دروستی حیسابیان کردووە کە لەژێر فشاری بووندا (الضغط الوجودي)، ڕەنگە ئێران هەوڵ بدات کورد و گرووپە سیاسییە نەتەوەییەکانی تر وەک ئەوانە نیشان بدات کە هەوڵی جیابوونەوە و دابەشکردنی وڵات دەدەن. پاشان دەکرێت ئەم گێڕانەوەیە بۆ پاساودانی هەڵمەتێکی سەرکوتکەری توند دژی ناوچە کوردییەکان بەکاربهێنرێت و لە هەمان کاتدا کاریگەریی "کۆبوونەوە لە دەوری ئاڵا" دروست بکات – بەتایبەتی لە ناوەندە شارییەکانی تێکەڵ بە نەتەوە وەک تاران و لە ناوچە فارس و شیعە زۆرینەکاندا – بەمەش کات بۆ ڕژێم بکڕێت و هەستی ناسیۆنالیستی بەهێز بکات. بەڵام دوای ئەوەی لەم جەنگە ڕزگاری بوو، ڕەنگە ڕژێم ئێستا هەوڵ بدات دانیشتووانی فراوانتر بترسێنێت و هێزی خۆی لەڕێگەی لەسێدارەدانی چالاکوانی زیاتری کۆمەڵگە نەتەوەییەکانەوە نیشان بدات.

کاریگەرییەکان لەسەر کوردی عێراق

لاوازبوونی ئێران کاریگەریی گەورەی هەیە کە سنوورەکانی تێدەپەڕێنێت – بەتایبەتی بۆ کوردی عێراق. لەلایەنی عێراقییەوە، سەرکردە عێراقییەکانیش مانۆڕی دیپلۆماسییان کردووە – تا ڕادەیەکی زۆر بە بەخت بوون – لە تێپەڕاندنی زریانە هەرێمییەکەدا تا ئێستا. یەکێک لە هۆکارە سەرەکی و بەختئامێزەکانی عێراق، ویستی ئیسرائیل بوو بۆ نەکردنەوەی بەرەیەک لە عێراقدا، لانیکەم ئێستا بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەو هەڕەشەیەی لەلایەن گرووپە چەکدارە عێراقییەکانی هاوپەیمانی تارانەوە ڕووبەڕووی ببووەوە، لەچاو حزبوڵڵای لوبنان یان گرووپی ئەنساروڵڵای حوسی لە یەمەن کەم بوو.

لەگەڵ کارابوونی ئاگربەستی ئێستا، دەبێت چاوەڕێ بین بزانین ئایا بەغدا بڕیار دەدات سازش بکات – لانیکەم لەسەر ئاستی مووچە – لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێستا، یان بەپێچەوانەوە هەڵمەتی فشارخستنە سەر کورد دوو هێندە دەکات.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە نفوزی ئێران ماوەیەکی درێژە "بەرەی شیعە"ی پێکهێناوە، ئێرانێکی لاواز – بەتایبەتی یەکێک کە لەژێر فشاری بەردەوامی ئیسرائیل و ئەمریکادا بێت – دەتوانێت هاوسەنگیی هێز لەناو عێراقدا بە قازانجی گرووپە غەیرە شیعەکان بگۆڕێت و پاڵ بە بەغداوە بنێت نەرمیی زیاتر نیشان بدات لە پرسە هەڵپەسێردراوەکانی ماوەیەکی درێژ وەک پێدانی مووچەی کورد و هەناردەکردنی نەوت. ئەو ڕاستییەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حیزبە کوردستانییەکانی عێراق بەگشتی بە وریاییەوە مامەڵەیان لەگەڵ ماوەی هەستیاری جەنگەکەدا کرد و ڕێگەیان نەدا خاکەکەیان وەک سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر ئێران بەکاربهێنرێت، لەوانەیە ڕۆڵ ببینێت لە نەرمکردنی هەڵوێستی تاران و بەغدا بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان.

لەگەڵ ئەوەشدا، بەدەر لە هەموو لێکدانەوەکان، لەوانەیە بەغدا هەڵبژێرێت کە نەرمیی کەمتر بەرامبەر کورد نیشان بدات – لانیکەم تا کاتێک کە ئاگربەست بەردەوامە و فشار لەسەر ئێران و بەمەش لەسەر عێراق، سووکە.

چوارچێوەی تورکی و سووری

ڕێکخستنەوەی هەرێمی کاریگەری لەسەر سیاسەتی تورکیاش هەیە. سەرۆک ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆبوونەوەیەکی ڕێکخراوی هاریکاریی ئیسلامیدا لە 22ی حوزەیران هۆشداری دا و وتی: «ڕێگە نادەین سیستەمێکی نوێی سایکس-پیکۆ لە ناوچەکەماندا دابمەزرێت بە سنوورگەلێک کە بە خوێن دەکێشرێن.» تەنانەت دەوڵەت باخچەلی، هاوبەشەکەی لە هاوپەیمانیی فەرمانڕەوا و سەرۆکی ناسیۆنالیستە توندڕەوەکانی تورک، زیاتر ڕۆیشت و نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی کە "ئامانجی سەرەکی" هەڵمەتە هەرێمییەکەی ئیسرائیل، تورکیایە.

بەدەر لە ڕاستی و دروستیی نیگەرانییەکانیان، تورکیا مەیلی ئەوەی هەیە کە جووڵەکانی ئیسرائیل وەک بەشێک لە نەخشەیەکی فراوانتر ببینێت بۆ دووبارە داڕشتنەوەی ناوچەکە لەڕێگەی لاوازکردنی ئەو دەوڵەتانەی کە دژی ئیسرائیلن. لەوانەیە بەرزبوونەوەی گرژییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل لە کۆتاییەکانی دەیەی یەکەمی سەدەی بیست و یەکەمەوە – بەتایبەتی لە سەردەمی ئاکەپەدا – و لێدوانی هەندێک لە ناوەندەکانی ئیسرائیل کە داوای "فیدراڵیزم" بۆ دەوڵەتە هەرێمییەکان دەکەن، سیاسەتوانانی تورکی زۆر نیگەران کردبێت.

جا ئەم نیگەرانییانە لەسەر بنەمای ڕاستی بن یان لە پانۆرامای سیاسییەوە سەرچاوەیان گرتبێت، ڕاستییەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە: تورکیا دەترسێت کە کورد لە کۆتاییدا هاوپەیمانی لەگەڵ ئیسرائیل بکات بۆ لاوازکردنی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و هەرێمی.

ئەگەری زۆرە ئەم ترسە زیادەڕۆیی تێدا کرابێت – بەتایبەتی کە سەرکردە باڵا کوردە زیندانیکراوەکانی تورکیا، وەک عەبدوڵڵا ئۆجەلان و سەڵاحەدین دەمیرتاش، بە ئاشکرا دژایەتیی نەخشە هەرێمییەکانی ئیسرائیلیان کردووە، جا چ ڕاستەقینە بن یان خەیاڵی، بەڵام ئەوەی کە نیگەرانییەکانی سەرکردەکانی تورک بێگومان ئاشکرای دەکەن، هۆشیاریی تایبەتیی ئەنقەرەیە لەوەی کە مامەڵەی لەگەڵ کورددا – لەناو سنوورەکانی خۆی و دەرەوەیدا – نادادپەروەرانە بووە. هەروەها ڕەنگدانەوەی نیگەرانییەکی قووڵترە کە لەوانەیە کورد ڕۆژێک هەوڵ بدات ستەمە مێژووییەکەی نەبوونی دەوڵەت لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم ڕاست بکاتەوە.

دەبێت گرنگترین ئەولەویەتی تورکیا و دەوڵەتە هەرێمییەکانی تر، بوونیادنانی مۆدێلی حوکمڕانیی گشتگیر و دادپەروەرانە بێت کە تێیدا هەموو کۆمەڵگە نەتەوەیی و ئایینییەکان هەست بکەن مافەکانیان پارێزراو و ڕێزلێگیراوە.

بێگومان، چارەنووسی کوردی سووریاش بە شێوەیەکی قووڵ بەستراوەتەوە بە دینامیکییە هەرێمییە فراوانترەکان و ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەکانی ئیسرائیل لەگەڵ دەوڵەتە هەرێمییەکانی وەک ئێران و تورکیا – ئەگەر ڕووبەڕووبوونەوەی وا ڕووبدات، تەنانەت بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆش لەڕێگەی گۆڕەپانی سووریاوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، بە درککردن بەو مەترسی و ئاستەنگانەی کە لە ڕکابەرییە ئێستاییەکانەوە دروست دەبن، کوردی سووریا تا ڕادەیەکی زۆر خۆیان لە داواکردنی یارمەتی لە ئیسرائیل پاراستووە. ئەمە سەرەڕای هەندێک وتارە کە یەکسەر دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد دەرکەوتن کە تێیدا کەسایەتییە باڵاکانی کورد ئاماژەیان بەوە کرد کە پێشوازی لە پشتیوانیی ئیسرائیل دەکەن. ئەو لێدوانانە لەژێر بارودۆخێکی فشاری زۆردەرکران کە تێیدا وا دەردەکەوت تورکیا و گرووپە چەکدارە سوورییەکانی هاوپەیمانی لەسەر لێواری ئەنجامدانی هەڵمەتێکی تری پاکتاوی ڕەگەزین لە باکووری سووریا – هاوشێوەی ئەوەی لە ساڵانی 2018 و 2019دا ڕوویدا.

خاڵی هاوبەشی خەمناک لە نێوان هەموو ئەو دەوڵەتانەی کە حوکمی کورد دەکەن – لە عێراق و ئێرانەوە تا تورکیا و سووریا – هەروەها لەنێو زۆرێک لە نوخبە فیکری و میدیاییەکانی ئەو گرووپە نەتەوەیی و ئایینییە باڵادەستانەی کە دەسەڵاتیان لەو دەوڵەتانەدا قۆرخ کردووە، بڵاوکردنەوەی ترسی بێوچانە دژی کورد.

لەبری ئەوەی بەم جۆرە ڕەفتار بکەن و تۆمەتی جیابوونەوە و دابەشبوون هەڵبەستن، دەبێت ئەم لایەنانە سەیری ئاوێنە بکەن، دەبێت لە خۆیان بپرسن بەردەوام چ هەڵەیەک دەکەن کە لەوانەیە پاڵ بە کوردەوە بنێت بیر لە داواکردنی هاوپەیمانیی دەرەکی یان قۆستنەوەی دینامیکییە هەرێمییە گۆڕاوەکان بکاتەوە کە جەنگ دروستی کردوون، بۆ ئەوەی بەرەنگاری دۆخێکی باوی ستەمکارانە و دوورخەرەوە ببنەوە.

 

محەممەد ئـ . ساڵح

هاوکاری پایەبەرزی نانیشتەجێیە لە (پەیمانگای توێژینەوەی سیاسەتی دەرەوە) لە فیلادێلفیای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەروەها توێژەر و ڕاوێژکارێکی سەربەخۆیە. هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە زانکۆی (پێنسلڤانیا)، و چەندین نووسینی بەرفراوانی هەیە دەربارەی کاروباری عێراقی و کوردی و هەرێمی.

شەیری بکە لە: