جەنگی ئێران و ئیسرائیل کۆتایی هاتووە یان تەنیا وەرگرتنی پشوویەکە؟

عەبدولڕەحمان ڕاشید

عەبدولڕەحمان ڕاشید

سەرنووسەری پێشووی ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت

جەنگی ئێران و ئیسرائیل کۆتایی هاتووە یان تەنیا وەرگرتنی پشوویەکە؟

گرافیکی جەنگی ئیسرائیل و ئێران

هەر لایەنێکی جەنگەکە سەرکەوتنی خۆی ڕاگەیاند. ترەمپ بەرپرسیارێتیی ڕاگەیاندنی هێرشەکەی گرتە ئەستۆ کە بە 14 بۆمبی زەبەلاح ئەنجامدراوە و سێ دامەزراوەی ئەتۆمی وێرانکراون، هاوکات داوای ڕێککەوتنێکی ئاشتیی کرد.

ئیسرائیلیش ئۆپەراسیۆنەکەی خۆی بە ناوی «عەم کەلافی» بە مێژوویی وەسف کرد. سەرکردە و شارەزایانی تیرۆر کرد و نیوەی جبەخانەی مووشەکە بالیستییەکانی ڕکابەرەکەشی لەناوبرد.

ئێرانیش کە ناوی ئۆپەراسیۆنەکەی نابوو «بەڵێنی ڕاستگۆ 3»، زیانێکی پێشتر نەبینراوی بە تەلئەبیبی گەورە و بئر شەبع گەیاند و ڕێبەری باڵا خامنەیی نووسی: "زلییەکی بەهێز بوو لە ئەمریکا".

ئەوەی لە دوو هەفتەی ڕابردوودا ڕوویدا تەنیا پێکدادانێک نەبوو، بەڵکو پێشهاتێکی سەربازیی دەگمەن و مەترسیدار بوو؛ یەکەم جەنگی ڕاستەوخۆ بوو لەنێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و ئێران لە لایەکی دیکەوە، کە ئێستا وەستاوە. ئەم وەستانەی ئێستاش تەنیا پشوویەک زیاتر نییە، مەگەر ڕێککەوتنێک لەنێوان سێ لایەنەکەدا ببینین، چونکە جەنگەکان بەم شێوەیە ڕادەگیرێن.

لەگەڵ بانگەشەی سەرکەوتنەکاندا، کام لە سێ لایەنەکە ئامادەیە سازش بکات؟ تەنیا ئەمریکییەکان بەپەلە پڕۆژەیەکی ئاشتییان پێشکەش کرد، کە دوای تووڕەبوونی سەرۆک ترەمپ لە زمانی ڕێبەری باڵا، ئاشکرا بوو. ترەمپ وتی کە ڕێگریی لە ئیسرائیل کردووە لە پڕۆژەی تیرۆرکردنی (خامنەیی)، و ڕازی بووە بە پێدانی شەش ملیار دۆلار بە ئێران، کە پارەی بلۆککراوی ئێرانە. هەروەها ڕێگەی دا بە هەڵگرتنی دەستبەجێی هەندێک لە سزاکان. دەگوترێت ئەمانە دیارین بۆ "نەرمکردنی کەشەکە" لەگەڵ ئێران بۆ دانوستان و دەنگۆی ئەوە هەیە کە واشنتۆن پێشنیازی یارمەتیدانی ئێرانی کردووە بۆ دووبارە بوونیادنانەوەی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی تا تەنیا بۆ مەبەستی مەدەنی بێت.

سەرۆک ئەرکانی ئیسرائیل، زامیر، وتی جەنگەکە کۆتایی نەهاتووە و لیستی ئامانجە ماوەکان درێژە. هەرچییەک بڵێت، دەزانین بڕیاری تەلئەبیب بەستراوەتەوە بە کۆشکی سپییەوە. ڕووداوێکی گرنگیش ڕوویدا، ترەمپ پەلەی کرد لە ڕزگارکردنی نەتەنیاهۆ کە لەسەر لێواری کەوتن بوو، لە پەتی سێدارەی دادگاییکردن ڕزگاری کرد. پشتگیریی خۆی بۆ «بیبی» ڕاگەیاند و وتی پێویستە ئیسرائیلییەکان دووری نەخەنەوە و دادگایی نەکەن. ئەم دەستوەردانە نرخێکی هەیە کە دەبێت سەرۆک وەزیران بیدات بە ترەمپ، کە چاوی لە ڕێککەوتنێکی ئاشتیی گەورەیە و لە نێوان دوو دوژمندا دەیچنێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، کلیلی ئەم قەیرانە لە دەستی تارانە، نەک واشنتۆن یان تەلئەبیب. تاران دەتوانێت بڵێت "نەخێر" و ململانێکان بەردەوام بن، یانیش دەتوانێت بڵێت "بەڵێ". بۆ کۆتاییهێنان بەو ڕووبەڕووبوونەوەیەی کە لە ساڵی 1980ـەوە بەردەوامە، دەبێت بنەمای پێکەوەژیانی هەرێمی قبوڵ بکات و بچێتە سەر شەمەندەفەری وڵاتانی ناوچەکە. هەموویان یان بوونەتە وڵاتانێک کە ڕێککەوتنی دوولایەنەیان لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە، یان وڵاتانێکن کە هیچ پڕۆژەیەکی ڕووبەڕووبوونەوەیان نییە. سووریا دوا سەرنشین بوو، بەوەش "وڵاتانی بەرەی مومانەعە" کۆتاییان هات. بە وێرانبوونی تواناکانی «حیزبوڵڵا» و «حەماس» و ڕووخانی ڕژێمی بەشار، بەرەی بەرەنگارییەکە داڕما و ئێران بە تەنیا لە بەرامبەر ئیسرائیلدا مایەوە.

پاشەکشەکردن لە سیاسەتی 45 ساڵەی ڕووبەڕووبوونەوە، کارێکی ئاسان نابێت بۆ ڕژێمی ئێران و ڕەنگە ئەنجامەکانی جەنگی دوازدە ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل، پەلە لەم کارە بکات و فشارەکان لەسەر تاران زیاد بکات.

بەدەر لە هەژمارکردنی زیانەکان، ئێران هێشتا هەندێک توخمی هێزی ماوە. خاوەنی یۆرانیۆمی پیتێنراوە، کە گرنگە چ بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، تەنانەت ئەگەر سەرەتاییش بێت، یان بۆ دانوستان لەسەری. هەروەها توانی بەخێرایی جێگەی ئەو سەرکردانەی پڕبکاتەوە کە لەدەستی دان، توانیشی کۆنترۆڵی دۆخی ناوخۆ بکات.

دەستکەوتەکانی ئیسرائیل ئەوەیە کە ترەمپی بەلای خۆیدا ڕاکێشا و ئەوەی ئەنجامدا کە ئیسرائیل بە تەنیا نەیدەتوانی بیکات؛ واتە وێرانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییە سەرەکییەکان. کەواتە ئەگەر کلیلی ئاشتی لە دەستی تاران بێت، ئەوا دەستی باڵا لە جەنگەکەدا هی تەلئەبیبە، چونکە سەرکەوتوو بوو لە لەناوبردنی هەڕەشە هەرێمییەکانی سەر بە ئێران.

کێ دەزانێت، ڕەنگە ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە کۆتاییهێنەری جەنگەکان بێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: