(ئاڤا) لە ناو دڵی سلێمانیدا

(ئاڤا) لە ناو دڵی سلێمانیدا

لە چەند رۆژی رابردوو بە سپۆنسەری ئاڤا میدیاو بە بەشداری شێفە بەناوبانگەكانی شار و بەدەستپێشخەری گەنجی شارەكە، گەورەترین فێستیڤاڵی كۆمەڵایەتی لە پاركی هەواری شاری سلێمانی رێكخرا.

فێستیڤاڵێك دەرخەری دیوە جوان و گەشبین و ژیان دۆستەكەی سلێمانی بوو، سلێمانیەكی دەستڕەنگین بە خواردنی چەورو بە لەزەتی کولتووری، شارێكی هونەردۆست وهونەرساز بە گۆرانی كوردی ڕەسەن و نوێ. فێستیڤاڵێك هەموو کولتووری كوردی تێدا بە ئەوپەڕی جوانی خۆی نمایش كرد.

لەم فێستیڤاڵەدا ئەوەی زۆر جێگەی سەرنج بوو، متمانەی زیاتریشی دروستكرد ئەو ڕێكخستنە جوانە خۆڕسكە بوو بۆ ئەو بۆنە كۆمەڵایەتیە، واتە پابەندی گەنجەكان بوو بە ئەخلاقیاتی كۆمەڵایەتی ڕەسەن و كوردانە، بەشێوەیەك لەماوەی ئەو نۆ ڕۆژەدا كە بەسەدان هەزار كەس ڕژاونەتە ناو پارکی هەواری شار یەك بەریەككەوتنی نەخوازراو ڕووی نەداوە، بە پێچەوانەوە كەشێكی كۆمەڵایەتی و هونەریی جوان بەڕێكرا و هەم گەنجەكان و هەم خێزانەكان، پێی دڵخۆش بون.

ئەمەش ئاماژەی ئاستی بەرزی گەنجانی شارو هەموو گەنجی كوردستانە كە لەگەڵ دەربڕینی خۆشی و شادی و بەسەربردنی كاتە خۆشەكان، پابەندی پاراستنی ئادابی گشتیین، ئەمە زۆر جێی دڵخۆشیە.

ئەم كەشە كۆمەڵایەتیە لەكەم شوێنی دونیا هەیە ئاوا بێ كێشە، بێ تۆماركردنی هیچ دیاردەیەكی نەشیاو توندوتیژیی تێپەڕێت، كەواتە ئەوەی ئاڤا لەچەند رۆژی ڕابردوودا نیشانی دا، ڕۆحی ڕاستەقینەی سلێمانی بوو كە ڕۆحی ژیاندۆستی و عەشقی شارو خاك و وڵات بوو.

كێ توانی بە جوانی گوزارشت لە خەڵكی شار بكات؟

دەركەوت ئاڤا میدیا تاكە تەلەفزیۆنە لەناو دڵی خەڵكی سلێمانیدا بژی، ژیان لەناو دڵی سلێمانیدا بەو مانایە نا كە ئەوان ئاڤایان خۆش دەوێ یان ئاڤا ئەوانی خۆش بوێ، ئەوە شتێكی بێگومانە، بەڵكو بەو مانایەی ئاڤا تاكە میدیا بوو بزانێ خەڵكی سلێمانی چییان دەوێ و چییان ناوێ و ژیان لە دڵی ئەواندا چۆن وێنابووە.

فێستیڤاڵەكەی ئاڤا زۆر بە جوانی لەچەند رۆژی ڕابردوودا گوزارشتی لە ڕۆحی ژیاندۆستی و باوەڕبەخۆبوون و ئەو ئومێدە ڕاستەقینەیە كرد كە گەنجانی سلێمانی بە وڵات و بە شارەكەیان هەیانە.

بێگومان ئەمەش مانای ئەوە نیە كاتێك خەڵك گوزارشت لە ڕۆحی ژیاندۆستی خۆیان دەكەن گرفت و كێشەكانیان لە بیر چووەتەوە، نەخێر هەرگیز، بەڵام هەمیشە لە ئەوپەڕی سەختیدا دەبێت ئومێد و باوەڕ بەژیان ئامادەیی هەبێت، ئەمە ئەو ڕۆحەی خەڵكی سلێمانییە كە ئەو كاتەش خۆپیشاندانیان ئەنجام دەدا هەر بەم ڕۆحیەتەوە دەیانویست ژیانێكی باشتر و كۆمەڵگایەكی دادپەروەرتر و پێشكەوتووتر بێتە كایەوە.

گەنجی سلێمانی و خەڵكەكەی لەگەڵ دەربڕینی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و خەونی باشتركردنی وڵات كە هەمیشە بۆ ئەمە دەستپێشخەربوون، لە هەمانكاتدا خەڵكێكی گەشبین و ژیان دۆست و نیشتمان پەروەر و عاشقی خاك و ئاوی كوردستان بوون.

گەنجی سلێمانی ئەو گەنجەیە نرخ و بەهای وڵاتەكەی باش دەناسێت و هەركاتێكیش ناڕەزایەتی دەربڕیبێت، بۆ باشتر كردنی وڵاتەكە بووە نەك بۆ لەناوبردن و سفركردنەوەی ئەوەی كە هەیە. وەك هەندێك میدیا دەیانویست بەناوی خەڵكی شارەكەوە گوزارشت لەمە بكەن.

خەڵكی سلێمانی و گەنجەكانی ئازادیخوازن بە مانای وشە، ئازادیخواز لەبارەی كولتووری و رۆشنبیری و سیاسی، هەمیشە بۆ دنیایەكی باشتر بە ئومێدبوون و شارەكەشیان پێشكەشی تاریكپەرستی و ڕق و ئیرهاب ناكەن.

ئەوەی تائێستا بەناوی خەڵكی ئەمشارەوە قسەی كردووە میدیایەك بووە نە لە خەڵكەكەی تێگەشتووە نە لەخواستەكانیان، نەشیتوانیوە گوزارشت لە دید و بۆچونەكانیان وەك خۆی بكات.

ئەم میدیایە دەیویست لەسەر بنەمای ڕق و ڕەتكردنەوەی ئەوانی تر، سلێمانی بەدنیا بناسێنێت، تەنانەت هەندێ جار وای نیشان دەدا گوایە ئەم شارە دەیەوێت لە نیشتیمانی دایك جیا بێتەوە! كە دەركەوت بەس وانیە و خەڵكی ئەم شارە تووند باوەشیان بە نیشتیمانی دایك (كوردستان) دا كردووە و هەرگیز لێی جیانابنەوە.

دەمانەوێ بڵێین هەرگیز كۆمەڵگا هەرچەندە كێشەی هەبێت نابێت تەسلیمی بێ هیوایی و ڕەشبینی ببێت، بەڵكو دەبێت بە ئومێدەوە دەست بۆ دروستكردنی دنیایەكی باشتر بۆ هەمووان بەرین و قۆڵی مەردایەتی و هەماهەنگی بۆ دنیایەكی جوانتر و كوردستانێكی ئاوەدانتری لێ هەڵماڵین ... پشت لە پشت و قوەت لە خوا.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: