سەبارەت بە پۆپۆلیزم، بە بیانووی دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحیدەوە

سەبارەت بە پۆپۆلیزم، بە بیانووی دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحیدەوە

"ئەمڕۆ مەترسی لەسەر دیموکراسی ئەوە نییە کە ئایدۆلۆجیا گشتگیرەکان بەشێوەیەکی سیستماتیک بەها دیموکراتییەکان ڕەتدەکەنەوە، بەڵکو ئەوەی مەترسی پۆپۆلیزمە کە دیموکراسی لەکاردەخات و لە ژێر سایەی حوکمی خەڵکدا بەڵێنی پێشکەشکردنی باشتر دەدات".  ژان وارنەر مولەر.

دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ بووەتە مانشێتی سەرەکی میدیاکانی هەرێمی کوردستان. بەپێی نووسراوێکی دادگا، ئەو بە گوێرەی ماددەی 431 لە یاسای سزادانی عێراقی و لەسەر سکاڵای ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی کورستان بە تۆمەتی هەڕەشە و ناوزڕاندن دەستگیر کراوە. بەگوێرەی ناوەرۆکی ماددەکە "هەر کەسێک هەڵسێت بە هەڕەشەکردن و بڵاوکردنەوە یاخود خستنەپاڵ بە شتێکی ئابڕووبەر ئەنجام بدات، شکاندنی پێگە یان درکاندنی (نهێنی کەسەکە)، کەسی تۆمەتبار بە زیندانیکردن سزا دەدرێت."

گرتنەکە دەرگای گفتوگۆ و تەفسیری جیاواز لەسەر کۆمەڵ شەیدایی (پۆپۆلیزم) دەکات هەروەها خوێندنەوەی جیاوازیش  بۆ کەسی یەکەمی حیزبەکە دەهێنێتە بەرباس، لە بنەڕەتتدا سیستمی فیکری کۆمەڵ شەیدایی لەسەر دوو تەوەر وەستاوە کە بریتین لە دوانەی 'خەڵک/حوکمەت'، 'باش/خراپ' و 'ڕەش/سپی'. هەر لەم سۆنگەیەشەوە حیزبی پۆپۆلیست پێی وایە کە ناکرێت لەنێوانی خەڵک و حکومەت هیچ نێوەندگیرێکی سیاسی هەبێت و دەبێت خەڵک خۆیان نوێنەری خۆیان بن، بەردەوامیش جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە خەڵکی لەلایەن دەستەیەکی گەندەڵەوە حوکم دەکرێن و وەک بارمتە گیراون.

ڕوانگەی پۆپۆلیستی ناکۆکە لەگەڵ بەهادان بۆ خەڵک کە بە گوێرەی ویست و زانینی خۆیان و دوور لە فریودان بڕیار لەسەر حوکمی خۆیان بدەن. هەروەک چۆن لەگەڵ فەلسەفەی سیاسیی ئەفلاتونیدا کە پێی وایە خەڵک دەبێت لەلایەن دەستەیەکەوە بەڕێوەببرێن و کە ئامادەکراون بۆ حوکمڕانی. ئەفڵاتوون پێی وایە کە چینە باڵاکانی کۆمەڵگا ئایدیاڵی حوکمڕانەکانن و ئامادەکراون بۆ ئەوەی حاکمیان تێدا بەرهەم بهێنرێت.

لە ئەمڕۆدا پۆپۆلیزم لەسەر هێزیکی زمانەوانی نەبینراو وەستاوە کە شەرعیەتی لێوە وەردەگرێت، ڕەوانبێژی قسەکردن و حوکمی ڕەهای خەڵک و حکومەت لە ڕێگەی گەمەی وشەسازیەوە، چونکە گەیشتن بە زۆرترین بەردەنگ و خەڵکی پێویستی بە زمانێکە بە گوێرەی ویستی کۆمەڵ و سادەیی ناوەڕۆک و ڕازیکردنی حەشامات. ئەفڵاتوون ئەمە ڕوون دەکاتەوە و دەڵێت "ڕەوانبێژی هونەری حوکمکردنی مێشکی خەڵکە" بەو مانایەی دروستکردنی گوتارێکی سیاسی زمانەوانی داینەمۆی وەستان و مانەوەی هێزە پۆپۆلیستیەکانن کە خۆیان وەک هێزی باشە و فریادڕەس و هێزی حوکمڕانیش وەک نەفرەت و خراپەکاری نیشان دەدەن.

لەژێر ڕۆشنایی ئەم تێگەیشتنانەدا، کەسی یەکەمی نەوەی نوێ وەکو پۆپۆلیست دێتە هەژمارکردن، بە بەڵگەی سەنترالیزەبوونی کەسایەتی و ڕۆڵ و دەرکەوتنەکانیشی کەسی یەکەم و سەرەکی حیزبەکەیە و زۆرینەی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییە گرنگەکانی حیزبەکەشی خۆی یەکەم و کۆتا قسەکەری حیزبەکەی بووە لە زۆرینەی دیسکۆرسە سیاسیەکانیشدا چەمکی (خەڵک) و (نوێنەرایەتی خەڵک) دیارترین تەوەری قسەکانی بوون. لە ئێستادا حیزبەکە و دەنگدەرانی لەنێو جۆرێک لە شڵەژانی سیاسی و دەروونیدا دیارن، چونکە کەسی یەکەمی حیزبەکە چیتر حزوری ئاراستە و بڕیاردانی نییە.

لێرە و لەوێش زۆر دەبیستین لەسەر چەمکی پۆپۆلیزم بەکارهێنانی لەناو زمانی سیاسیدا، ڕیشەی چەمکەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی 19 و بە دیاریکراویش ساڵی 1890 بۆ یەکەمجار لە ئەمریکا حیزبێکی سیاسی بە ناوی حیزبی پۆپۆلیزم دامەزرا، کە نمایندەی جووتیار و کرێکار و دەستەی کارکەرانی دەکرد، بەم جۆرە وشەکە لە فەرهەنگی سیاسیدا ڕسکا، لە پاشاندا بە هەمان نەفەس لەناو ڕووسیادا تەشەنەی سەند و هەر لە سەدەی 19 لە ڕێگەی بزووتنەوەی ئەگراریان بوون بە ڕووبەندی پۆپۆلیزم و لەڕووسیادا ناسرا بە نارۆدیزم، بەم قۆناغە شکڵگرتنی چەمکەکە لەنێو فەرهەنگی ئەدەبی و سیاسیدا گەشەی زیاتری کرد هەتا هەندێک لە بیرمەندانی بیری سیاسی لە ساتەوەختی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2016 چەمکەکەیان گەیاندە ترۆپکی خۆی و زۆرترین مشتومڕی لەبارەوە کرا.  

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا وەکو یەکێک لە پۆپۆلیستە سیاسییەکان لە جیهاندا ناوی دەهێنرێت.  ڕەنگە ئەوەشی کە دۆناڵد ترەمپ و شاسوار عەبدولواحید پێکەوە گرێ بدات ئەوە بێت کە هەردووکیان لە پێشینەی بازرگانییەوە بەرەو سیاسەت هەنگاویان ناوە؛ هەردووک خاوەنی سامان و هێزی میدیایین تەنانەت هەندێک ئەداتی پروپاگەندەکردنیش، دەرکەوتنی پۆپۆلیزم و خەستبوونەوەی لەسەردەمی تەکنۆلۆژیادا بە هاوکاریەکی زەبەلاحی میدیای دەرکەوتن و دەرخەری دیوێکی دیکەی واقعی سیاسی جیهانیە. شانبەشانی ئەوەش بۆ ئێمە وەکو کورد لۆکاڵییە، چونکە زەمینە ڕەخساندن بۆ دەنگدەری سادە و تەفسیری دوانەیی لەسەر بنەمای فریشتە و شەیتان بۆ دنیایەکی ئاڵۆز و فرەڕەهەندی وەکو ئەمڕۆ ناتوانێت ببێتە وەڵامدەرەوەی زەمینەی سیاسی بە تایبەت بۆ کورد وەکو گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەتی ناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناتوانێت وەڵامدەرەوەی خواستە سیاسی و مێژووی و نەتەوەییەکانی بێت.

لە کۆتاییدا، دەستگیرکردنی کەسی یەکەمی ناو نەوەی نوێ دەرگا لەسەر زۆر چاوەڕوانی و پرسیاری سیاسی دەکاتەوە لەمەڕ داهاتووی جووڵانەوەکە و ئاراستەی کارکردنیان، بە نموونە ئەگەر نەوەی نوێ حیزبێکی سەنتراڵیستی تاکە کەسی نییە هەنگاوەکانی داهاتوویان چۆن دەبن؟ بە تایبەت لە ساتەوەختێکی گەرمی سیاسی وەکو ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق لە مانگی نۆڤەمبەری ئەمساڵ، لە ئەگەری ئازادنەبوونی کەسی یەکەمی حیزبەکە کێ شەرعیەتی بڕیاردان و ئاراستەکردنەکەی وەردەگرێت؟ بە چ مۆدێلێکی سیاسی کەسی داهاتووی حیزب هەڵدەبژێرن؟ لە ئەگەری غیابی شاسوار عەبدولواحید دەتوانن بە بەهێزی بمێننەوە؟ هەموو ئەم پرسیارانە ڕۆژانی داهاتوو و ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق یەکلاییان دەکەنەوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: