ڕابەرێک لە نێوان سیاسەت و چەک و ڕەمزییەتدا؛ خوێندنەوەی نێوان دێڕەکانی پیرۆزباییەکان
- بیروڕا
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش

دیمەنی سەرۆک بارزانی لەکاتی پێشمەرگایەتی. گرافیک؛ ئاڤا میدیا
شەست وسێ ساڵ قاڵبوون لە بۆتەی خەباتی پێشمەرگایەتی و سیاسەت و دیپلۆماسییەتدا، ئەمڕۆ (سەرۆک بارزانی) کردۆتە ئەفسانەیەکی زیندوو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا . دەنگ و سەنگی سەرۆک لە قووڵایی ئەشکەوتی چیا سەختەکانی کوردستانەوە تا ناو هۆڵەکانی کۆنگرێسی ئەمریکی دەبیسرێت و حیسابی بۆ دەکرێت. لە شەست و سێیەمین ساڵیادی پەیوەندیکردنی سەرۆک بارزانیدا بە ڕیزەکانی پێشمەرگەوە، چەندین پەیامی پیرۆزبایی لە واشنتۆنەوە گەیشتوونەتە کوردستان کە لە ڕووکەشدا تەنها دەربڕینی سۆزو خۆشەویستیین، بەڵام لە ڕاستیدا پەیامگەلێکی بارگاوین بەو دەربڕینانەی بەڵگەی ڕێزگرتنێکی قووڵن . بە خوێندنەوەی نێوان دێڕەکان و شیکارییەکی خێرای ئەو پەیامانە چەندین ئاماژەی سیاسی و سەربازی و ڕەمزیمان بۆ ئاشکرا دەبێت کە جەخت دەکەنەوە لەسەر پێگەی ڕابەری نەتەوەو نیشتمانێک، کە دەیان ساڵە بە قوربانیدان داکۆکیی لە خەونێکی ڕەوا خۆیان دەکەن.
بە خوێندنەوەی نێوان دێڕەکان ، بۆمان دەردەکەوێت سەرۆک بارزانی لە دیدی ئەمریکییەکاندا، تەنها سەرۆکێکی لۆکاڵی نیەو بەس؛ بەڵکو ڕەمزێکە بۆ بەردەوامی و بۆ هیوا. دەنگ و سەنگێکی زیندووی کاریگەرە بۆ دادو ئازادی لە ناو دڵی ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی پڕ لە بێدادی و ستەمدا.
یەکەم : پەیامی جۆ ویلسۆن
ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکی (جۆ ویلسۆن) خزمەتی 63 ساڵەی سەرۆک بارزانی لە ڕیزەکانی پێشمەرگایەتیدا وەک "سەرکەوتنێکی بێ وێنە" وەسف دەکات و راستەوخۆ ڕابەرایەتیی ئەوی بە دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستانەوە گرێداوەتەوە کە دەڵێت : "ئەمڕۆ، دەتوانن لەگەڵ سەرۆک ، سەرکەوتنی کوردستان ببینن ، دەتوانن ئەوە ببینن کە سەرۆک بارزانی و سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، و گەلی کوردستان ، بەدەستیانهێناوە ". ئەم ئەندامەی کۆنگرێسی ئەمریکی، ئاماژە بەوە دەکات کە "لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کوردستان وەک هێمایەکی ئازادی و دیموکراسی و سەربەخۆیی ئابووری دێتە بەرچاو". جەختیش دەکاتەوە لەسەر " پەیوەندیی راستەوخۆ و گرنگیی کەلتوورو بەهای هاوبەش کە هەمیشە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان جێی بایەخن."
خوێندنەوەی نێوان دێرەکان:
٠ دەستەواژەی "سەرکەوتنێکی بێ وێنە" خەسڵەتی ڕەمزییەتی مێژوویی بە بارزانی دەبەخشێت و راستەوخۆ بە سەرکەوتنەکانی هەرێمی کوردستانییەوە گرێ دەدات.
٠ گرێدانەوەی ڕابەرابەتیی سەرۆک بە ئاست و دۆخی ژیان لە هەرێمی کوردستاندا ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ڕەوایەتیی ئەم ڕابەرایەتییە و دانپێدانانێکی ئەمریکییە بە ڕۆڵی بنەڕەتیی بارزانیدا .
٠ وەسفکردنی کوردستان بە "هێمایەک بۆ ئازادی و دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا " ڕەنگدانەوەی دیدگە و هەڵسەنگاندنی ئەمریکییە بۆ هەرێمی کوردستان وەک نموونەیەک بۆ ئازادی و دیموکراسی و "سەربەخۆیی ئابووری " لە داهاتوودا.
٠ جەختکردنەوە لە "پەیوەندیی ڕاستەوخۆ و کەلتوورو بەهای هاوبەش" ڕێزگرتنێکی قووڵە لە بەها هاوبەشەکانی نێوان هەردوو کۆمەڵگەی کوردستانی و ئەمریکی و ئاماژەیەکی ڕوونیشە بۆ هاوبەشیی ستراتیژیی نێوانیان کە تەنیا لە بەرژەوەندی سیاسی و ئابووریدا قەتیس نامێنێ.
دووەم : پەیامی سیس مۆڵتەن
کۆنگرێسمانی ئەمریکی (سیس مۆڵتەن) دەڵێت : "بەڕێز سەرۆک، زۆر سوپاست دەکەم بۆ پەیوەندیی درێژخایەن و متمانەپێکراوتان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکاندا . ماوەیەکی زۆرمان تێپەڕاندووە، بەڵام هیوای باشترینم بۆ ئێوە هەیە لە داهاتوودا."
خوێندنەوەی نێوان دێڕەکان:
٠ وەسفکردنی پەیوەندییەکان بە "متمانەپێکراو" ئەوە دووپاتدەکاتەوە کە بارزانی هاوبەشێکی جێگیر و متمانەپێکراوی پشت پێبەستراوە.
٠ ئاماژەکردن بە "پەیوەندیی درێژخایەن" ڕەهەندێکی مێژوویی بە پەیوەندییەکە دەبەخشێت و لە بەردەوامیی هاوبەشیی ستراتیژیدا ڕەنگدەداتەوە.
٠ دەستەواژەی "هیوای باشترینم بۆ ئێوە هەیە لە داهاتوودا" پشتگیرییەکی ناڕاستەوخۆیە بۆ بەردەوامبوونی ڕۆڵی ڕابەرایەتیی سەرۆک لە ئایندەی هەرێمدا.
سێیەم: پەیامی ڕۆبەرت ئادەرهۆڵت
ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکی (ڕۆبەرت ئادەرهۆڵت) لە پیرۆزباییەکەیدا بۆ سەرۆک بارزانی دەڵێت: "هیوای باشترینم بۆ سەرۆک بارزانی هەیە لە 63 ساڵی داهاتووی تەمەنیدا ." هەروەها جەخت لە گرنگیی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان دەکاتەوە و دەڵێت: "هاوڕێیەتییەکی بەهێزمان دەوێت لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و کوردستاندا."
خوێندنەوەی نێوان دێڕەکان :
• هیواداریی بۆ "63 ساڵی داهاتوو" ئاماژەیە بۆ خواستی ئەو کۆنگرێسمانە ئەمریکییە، کە ڕابەرایەتیی بارزانی بۆ نەوەکانی داهاتووش بەردەوام بێت.
• جەختکردنەوە لەسەر "پەیوەندییە دووقۆڵییەکان" ئاماژەیە بۆ داننانی ئەمریکا بە پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا لەڕێی سەرۆک بارزانییەوە بەدەر لە عێراق.
• دەستەواژەی "هاوڕێیەتییەکی بەهێز" هەڵگری تاکە واتایەکە کە بریتییە لە: هاوپەیمانیەتییەکی درێژخایەن لەسەر بنەمای متمانە و هاوبەشیی ستراتیژی.
چوارەم : پەیامی گلین گرۆسمان
کۆنگرێسمانی ئەمریکی(گلین گرۆسمان) لە پەیامەکەیدا بۆ سەرۆک بارزانی بێ پێچ و پەنا دەلێت : "هیوادارم ڕۆژێک وڵاتی ئێوە سەربەخۆیی تەواو بەدەست بهێنێت، تا ئەو کاتەش گەلی کوردستان هەر لە گەشەو پێشکەوتندا بێت ."
خوێندنەوەی نێوان دێڕەکان :
٠ دەستەواژەی "سەربەخۆیی تەواو" ئاماژەیەکی دیپلۆماسیانەیە بۆ پشتیوانیی ئەمریکی لە سەربەخۆیی کوردستان، لە داهاتوودا .
٠ جەختکردنەوە لە "گەشەکردن و پێشکەوتن" داننانە بەوەی کە هەرێم لەگەشەو پێشکەوتندایە لەسایەی ئەم ڕابەرایەتییەی ئێستایدا .
٠ بوونی سەرۆک بارزانیش لە لووتکەی ئەو ڕابەرایەتیەدا دڵنیایی و گەرەنتییە بۆ بەردەوامیی ئەم ئارامی و گەشە سیاسی و ئابوورییە.
پێنجەم: پەیامی جێم جێفری
باڵیۆز ( جێم جێفری) لە پیرۆزباییەکەیدا دەڵێت : "دەزانم لە هەر ئەگەرێکی نەخوازراودا سەرۆک بارزانی ئامادەیە پۆشاکی سەربازی لەبەر بکاتەوە و چەک لەشانبکات و بگەڕێتەوە بۆ ناو چیاکان. ئەوسا منیش، ئەگەر بتوانم، لەگەڵی دەچمە شاخ .".. "ئێمە زۆر شانازی بە خۆی و بە گەلی کوردستانەوە دەکەین لە ڕووبەڕووبوونەوەیان لە دژی داعش، لە جەنگیان دژی سەدام و لە جەنگیان دژی هەر نەیارێک کە پێ بنێتە خاکیانەوە."
خوێندنەوەی نێوان دێڕەکان :
٠ وەسفکردنی سەرۆک بەوەی "ئامادەیە پۆشاکی سەربازی لەبەر بکاتەوە" ئاماژەو دانپێدانانە بە سیفەتی ڕابەرایەتیی سەرۆک لە ڕەهەندی پێشمەرگایەتییەوە .
٠ ئاماژەکردن بە ئامادەبوونی سەرۆک بۆ "گەڕانەوە بۆ چیاکان "بەڵگەیە لەسەر بەردەوامیی روحیەتی پێشمەرگایەتی لەلای جەنابیان .
٠ شانازیکردن بە سەروەرییەکانی "پێشمەرگەو گەلی کوردستان لە جەنگی دژ بە داعش و ڕژێمی سەددام" دانپێدانانی باڵیۆزی ئەمریکایە بە ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی بارزانی لە ئارامیی هەرێمی کوردستان و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکاندا.
شەشەم: پەیامی ژەنەراڵ ئێرنی ئادینۆ
لەبارەی مێژووی تێکۆشانی سەرۆک بارزانییەوە (ژەنەراڵ ئێرنی ئادینۆ) لە پەیامی پیرۆزباییەکەیدا دەڵێت: "لە سایەی قوربانیدانەکانیەوە، ئەمڕۆ کوردستان لەسەر ڕاستە ڕێیەکی پتەوە. 63 ساڵە مەسعوود بارزانی جەنگاوەرو پێشمەرگەیەکی نموونەییە لە هەموو مەیدانەکاندا ."
خوێندنەوەی نێوان دێڕەکان :
٠ جەختکردنەوە لەسەر "قوربانیدانەکانی" ڕەوایەتیی مێژوویی و ئەخلاقیی سەرۆک بارزانی ئەوەندەی تر بەهێز دەکات.
٠ دەستەواژەی "ڕاستەڕێیەکی پتەو" ئاماژەیەکە بۆ ڕاستی و درووستیی و سەقامگیریی درێژخایەنی هەرێمی کوردستان لەسایەی ڕابەرایەتی بارزانیدا.
٠ وەسفکردنی سەرۆک بەوەی "جەنگاوەر و پێشمەرگەیەکی نموونەییە" ڕەهەندی ڕەمزییەتێکی جیهانیی پێدەبەخشێت و دەیکاتە هێمای بەرەنگاربوونەوە و پێشەوایەتیی سەربازی.
حەوتەم : پەیامی کۆڵۆنێل مایڵز کاگینز
(کۆڵۆنێل مایڵز کاگینز )کە لە هاوپەیمانیی دژی داعشدا خزمەتی کردووە، لە پیرۆزباییەکەیدا ، هۆکاری سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای ئەمریکا لە هەرێمدا دەگەڕێنێتەوە بۆ کاریگەریی سەرۆک بارزانی لە مەیداندا و دەڵێت: "ویلایەتە یەکگرتووەکان سەرکەوتنێکی گەورەی لە هەرێمی کوردستاندا بەدەست هێناوە و سەرۆک مەسعوود بارزانیش هۆکارێکی سەرەکی بوو لەوەدا. لە یادی شەست و سێیەمی پەیوەندییان بە پێشمەرگایەتییەوە، دەمەوێت ڕێزی خۆم بۆ ڕابەرایەتی ئەو دەرببڕم ، ئێمە ڕێز و پێزانینمان هەیە بۆ خۆی و هێزی پێشمەرگەش هەمیشە بە زیندوویی بمێنێتەوە."
خوێندنەوەی نێوان دێڕەکان :
٠ گرێدانەوەی "سەرکەوتوویی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکی" بە ڕۆڵی کاریگەری سەرۆک بارزانییەوە ، دانپێدانانێکی ستراتیژییە بە ڕۆڵی سەربازی و سیاسی سەرۆک.
٠ وەسفکردنی بارزانی بەوەی "هۆکارێکی سەرەکی" بووە لە سەرخستنی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکادا ، پێگەی سەرۆک وەک هاوبەشێکی بنەڕەتی لە سیاسەتی ئەمنیی ئەمریکیدا بەهێزتر دەکات.
٠ نزاو پاڕانەوە بۆ بەزیندوویی مانەوەی هێزی پێشمەرگە، بەڵگەی گرنگی و بەردەوامیی ڕۆڵی پێشمەرگەیە لەسایەی ڕابەرایەتی بارزانیدا .
هەشتەم : پەیامی وەلید فارس
ڕاوێژکاری سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا (وەلید فارس) لە پەیامێکی پیرۆزباییدا، ژیانی سەرۆک بارزانی وەک نموونەیەک بۆ ڕابەرایەتی لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەسف دەکات و دەلێت : "سەرۆک بارزانی ڕابەرێکی مەزنە." .." سەرۆک بارزانی هەمیشە جەخت لەوە دەکاتەوە کە کاتێک "دەتەوێت خەبات لە پێناو ئازادیدا بکەیت و هەوڵ بدەیت و ئامادە بیت قوربانیی بۆ بدەیت، دەگەیت بە ئامانجەکەت " هەروەها دەڵێت : ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان " گەشەیەکی ئابووری و سیاسیی بەخۆوە دەبینێت و بۆتە نموونەیەک بۆ زۆربەی کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە شوێنپێی هەڵگرن."
خوێندنەوەی نێوان دێڕەکان :
٠ وەسفکردنی ژیانی سەرۆک وەک نموونەیەک بۆ ڕابەرایەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێگەو سەنگی بارزانی دەباتە ئاستی ڕەمزێکی هەرێمایەتی .
٠ جەختکردنەوە لە چەمکی "خەبات و قوربانیدان" ڕەهەندی ئەخلاقی و ڕەمزیی ڕەوایەتیی ڕابەرایەتییەکی سەرۆک بەهێزتر دەکات.
ئاماژەکردن بە " گەشەی ئابووری و سیاسی"ـی هەرێم و راستەوخۆ گرێدانەوەی بە ڕابەرایەتی بارزانییەوە، پاشان وێناکردنی کوردستان وەک نموونەیەکی شایستە بە چاولێکردن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، جێی سەرنج و تێڕامانێکی قووڵە بۆ یارو نەیار.
لە نێوان دێڕەکانی پەیامی پیرۆزباییە پڕ لە سۆز و شانازیەکانی ئەمریکییەکاندا، خۆمان لەبەردەم ئاوێنەیەکی ڕۆشندا دەبینینەوە کە لە چاوی گەورەترین هێزی سیاسی و ئابووری و سەربازی لە جیهاندا پێگەی سەرۆک بارزانیمان پێشان دەدات. سەرۆک بارزانی؛ ڕابەرێکی متمانەپێکراوە، پێشمەرگەو پێشەوایەکی سەربازیی قوربانیدەرە، هێمایەکی زیندووی ئازادیخوازییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
نوێترین بیروڕا
كوژانەوە لە عێراق و داگیرسان لە كوردستان؛ ئیرادەی سیاسی گۆڕانكاری دروست دەكات
13 ئاب
سەبارەت بە پۆپۆلیزم، بە بیانووی دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحیدەوە
13 ئاب
جەنگی غەززە و نهێنیی کەناڵی بن گۆریۆن
11 ئاب
(ئاڤا) لە ناو دڵی سلێمانیدا
9 ئاب
دەستوەردانی عێراق و کوردستان لەنێوان یاسا و سیاسەتدا
8 ئاب
کارەبای 24 کاتژمێری و مەترسییەکی زۆر گەورە !
5 ئاب
فێستیڤاڵی شێفەكان.. گەشانەوە و پێكەنین لە شارە حەیاتەكە
5 ئاب
ڕەش !! ئاڵایەکی ڕەش .. ڕۆژانێکی ڕەش.. ژنانی ڕەشپۆش
3 ئاب
هەشت پرسیار و هەشت هەزار داخ
31 تەممووز
بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا: لە هاوبەشیی ستراتیژییەوە بۆ هەوڵی کۆتاییهێنان بە ڕێککەوتنێکی مێژوویی
28 تەممووز