لە هەڵەبجە، دیسان ئاگربارانە

لە هەڵەبجە، دیسان ئاگربارانە

وەستانەوە بە ڕووی مەرگدا، کاری هەموو کەسێک نییە

خاکی هەڵەبجە لێوان لێوە لە یادەوەریی خوێن و مەرگ.

هەر بایەک لەهەر لایەکەوە هەڵدەکات، بۆنی سێو و زریکە و هاواری 16ی سێی هەڵگرتووە، ئەوا دیسان شاڵاوی مەرگ هەڵیکردووە و داستانێکی تری شەهیدبوون دەنووسێتەوە. 

یەکشەممەی، 17ی ئابی 2025، ئاگرێکی بێئامان و بێویژدان، وەک ئەوەی لە قووڵایی ناخی داگیرکەر و نەیارەوە هەڵیکردبێت، هات و بە پڕتاو دوو گیانی پاکی بەرگریکار لە ژیان و لە هەڵەبجەی هەڵلووشی.

کاکە ئاری؛ کرێکارێکی سادەی ژینگەپارێز، نە سەرباز بوو نە فەرماندە و نە خاوەن پلە و پایەی حکومی و حیزبی. ئاری پیاوێکی ئاسایی خاوەن دڵێکی گەورەی لەخۆ بوردوو بوو، بەخاوێن ڕاگرتنی هەڵەبجە بۆ ئەو کارێکی پیرۆز بوو .  

شیخ محەممەد؛ پۆلیسێکی پاراستنیی دارستان بوو، سوێندی خواردبوو سەوزایی دەشت و چیا و گەڵا و سێبەری درەختی هەڵەبجە، خەونی پەمەیی منداڵان، لە شاڵاوی ئاگر و مەرگ بپارێزێت.

 ئەم دوو نیشتمانپەروەرە دڵنیابوون و دەیانزانی زۆرانبازی لەگەڵ ئاگردا زۆر مەترسیدارە، بەڵام دڵسۆزییان بۆ خاک و خەڵکی قوربانیدەری هەڵەبجە، شەهیدبوونی لە ژیان لا خۆشەویستتر كردن.

وەستانەوە بە ڕووی مەرگدا، کاری هەموو کەسێک نییە، ئەوە تەنها لە قارەمانەکان دەوەشێتەوە.

ئەو دوو شەهیدەی وڵات، چاونەترسانە چوونە ناو جەرگەی ئاگرەوە، بەو ئومێدەی هەرچییەکیان کەوتە بەردەست و چاو، لە شاڵاوی مەرگ ڕزگاری بکەن، بەڵام  ئاگری دڵ پڕ لە قین ناپاکیی لێکردن و بەناهەق ڕۆحی ماندووی هەردووکیانی ڕفاند.

ئەمڕۆ، هەڵەبجە دیسان تازیەباری ڕۆڵە بە ئەمەکەکانییەتی. پرسەی گێڕاوە بۆ کاکە ئاریی کە خاکی نیشتمان بۆ ئەو دایک بوو !. بۆ کاکە شێخ محەممەد کە درەخت و دارستانی یەکسان کردبوو بە ژیان.

ئەمڕۆ دوو قارەمانی تر چوونە ڕیزی هەزاران شەهیدی هەڵەبجەی شاری شەهیدانەوە.

پرسیارێکی ناخهەژێن لەناو ئەو چڕە دووکەڵەدا وەک دەنگی شڤان پەروەر، دنیا دێنێتە لەرزە؛ خودایە! تاکەی؟ خودایە! کەی پشوویەکی ئاسوودەیی بەم وڵاتە ڕەوا دەبینی؟

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: