
دیاردەی مانگگیران لە بەشێکی زۆری ناوچەکانی جیهان بینرا
ئاڤا نیوز
دانیشتووانی بەشی زۆری وڵاتانی جیهان بینەری دیاردەی مانگگیران، مانگی مانگی خوێناوی بوون.
چیرۆکی سەرەکی: شەوی یەکشەممە 7-9-2025، دیاردەی مانگگیرانی تەواوەتی لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان بینراوە، ئەمەش یەکێکە لە دیاردە ئاسمانییە سەرنجڕاکێشەکان کە دووبارەبوونەوەی زۆر کەمە و تەنها لە چەند کاتێکی جیاواز ڕوودەدات.
ئەوەی پێویستە بیزانیت: مانگگیران و خۆرگیران دوو دیارەدەی سرووشتی جیاواز و سەرنجڕاکێشن کە هاووڵاتییان دەتوانن لە زەوییەوە بینەری بن، ئەم دیاردەیەش کاتێک ڕوودەدات کە تەنێک بێتە بەردەم سەرچاوی ڕووناکی و بە بەردەم تەنێکی تردا تێپەڕبێت.
زانیاریی زیاتر: مانگگیران کاتێک ڕوودەدات کە زەوی لە نێوان خۆر و مانگدا تێدەپەڕێت و سێبەرێک دەخاتە سەر ڕووی مانگ، بەگوێرەی زانیارییەکانی ناساش ئەم دیاردەیە کاتێک ڕوودەدات کە مانگ پڕ بێت.
ئەمەش بزانە: دوو جۆری دیاری مانگگیران هەیە ئەویش "مانگگیرانی نیو و مانگگیرانی تەواو یاخود مانگی خوێناوی"، ئەمەش بەندە بەوەی مانگ چەند لە سێبەری زەویدا دەمێنێتەوە، کاتێک سێبەری زەوی بە تەواوی دەکەوێت سەر مانگ بەشێک لە تیشکی خۆر لە بەرگە هەوای زەوییە تێپەڕدەبن، بەهۆی ئەوەی شەپۆلی سەوز و شین مەودای بڵاوبوونەوەیان کورتترە لەلایەن بەرگە هەوای زەوییەوە بڵاودەبنەوە، تەنها ڕەنگی سوور توانای تێپەڕبوونی دەبێت و بەوەش مانگ سوور دەردەکەوێت.
وێنە: عەبدوڵڵا حوسێن



