
دیمەنێک لە وێرانی دوای جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران. گرافیک؛ ئاڤا میدیا
لە کۆتایی جەنگی دوازدە ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە مانگی شەشی ئەمساڵەوە تائێستە، پێشبینییەکان بە ئاراستەی سەرهەڵدانەوەی قۆناغی دووەمی ئەو جەنگە دەڕۆن.
ئەمە جەنگێکە نەک تەنها ئیسرائیل و ئێران یاریزانی سەرەکی دەبن، بەڵکو ئەمریکاش ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت. لەم جەنگە پێشبینی کراوەدا نەک تەنها ئێران دەبێتە ئامانج، بەڵکو گرووپە نزیکەکانی وەک حەشدی شەعبی لە عێراق، حیزبوڵڵا لە لوبنان و حووسییەکان لە یەمەنیش دەکرێنە ئامانج و کۆتاییان پێ دەهێنرێت. ئەمە تا ئێستا تەنها پێشبینییەکەو دەنگی هەیەو رەنگی نیە.
پێشبینییەکان سەبارەت بەم جەنگە ئەوەندە بەهێزن کە زۆرێک لە بەرپرسانی ئێرانی، تەنانەت ڕێبەری باڵا، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، بە ئاشکرا باسی دەکەن و نایشارنەوە.
خامنەیی بێ هیچ خۆپارێزییەک لە وتارێکدا ڕووبەڕووی گەلی ئێران وتی: "خۆراک و دەرمانی باش کۆگا بکەن، چونکە جەنگێکی سەخت و درێژخایەن لە ڕێمانە." مەسعوود پزشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە زیاتر لە بۆنەیەکدا ئەگەری جەنگ لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا بە دوور نابینێت و بە ڕاشکاوانە باسی لێکەوتەکانی ئەو جەنگە لەسەر ئێران دەکات، لەوانە پارچەپارچەبوونی خاکی ئێران.
ئەم گوزارشتکردنە بە دابەشبوونی ئێران لەلایەن سەرۆککۆمارەوە و ترساندنی خەڵک بە ئەگەری جەنگێکی درێژخایەن لەلایەن ڕێبەرەوە، لە خۆڕا نییە. بەڵکو گوزارشت لە بوونی سیاسەتێک لەناو ئێراندا دەکات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەگەر و پێشهاتی جەنگی چاوەڕوانکراو.
ئەم دەربڕین و ڕاشکاوییە لە گوتاری بەرپرسانی ئێران، دیوی دەرەوەی سیاسەتی "ڕیالیستی" یان وەک خۆیان دەڵێن "ڕئالیستی" (واقعیەتی) و (پۆزەتیڤیزم) نیشان دەدات، کە بەرپرسانی ئەو وڵاتە لەگەڵ مەترسی جەنگ پەیڕەوی لێدەکەن.
ئەم گوتارە ڕیالیستییەی بەرپرسانی ئێران و سڵنەکردنەوە لە خستنەڕووی ئەو ڕاستییانەی کە دەکرێت ڕووبدات و بەسەر وڵاتەکەیاندا بێت، تەنانەت تا ئاستی دابەشبوونیش، وەڵامی ئەو پرسیارەمان دەداتەوە کە ئایا بەرپرسانی ئێران لەسەر چ بنەمایەک مامەڵە لەگەڵ ئەو پێشهات و چاوەڕوانکراوانەی جەنگ دەکەن؟ "خۆنەشاردنەوە لە ڕاستییەکان" و مامەڵەی واقیعیانە بە ڕوونی نەک تەنها لە گوتاری ئێرانیدا، بەڵکو لە سیاسەتی گرووپە نزیکەکانی ئێران (پرۆکسی) بەتایبەت لە عێراق و لوبناندا دەردەکەوێت، واتە ئێران و پرۆکسییەکانی بە یەک شێوە مامەڵە لەگەڵ ئەو ئەگەرانە دەکەن.
ئەمەش دەروازەیەکی گرنگە بۆ ئەوەی لێیەوە لەو لۆژیکە تێبگەین کە ئێران و پرۆکسییەکانی بە چ شێوەیەک لەگەڵ ئەگەری شەڕ و بوونی هەڕەشە لەسەر وڵاتەکانیان و گرووپەکانیان لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە مامەڵە دەکەن. وەک دەردەکەوێت، ئەوان واقیعبینانە و دوور لە سۆزگەرایی و "ڕیسک یان تەسلیمبوون" مامەڵە لەگەڵ ئەو پێشهاتانە دەکەن.
ئەم واقیعبینییەی لە ئاستی گوتاردا لەلایەن قسەکەرە ئێرانییەکانەوە دەبینرێت، بێ گومان لە سیاسەتیشدا کاری خۆی دەکات. واتە ئەو دەربڕینانەی پزیشکیان و ئایەتوڵڵا خامنەیی بۆ ئەوە نییە کە ئیدی حەتمییە دەبێت ئێران بەرەو ئەو جەنگە بڕوات و دەربازبوونێک لە ئارادا نییە، نا. بەڵکو بۆ ئەوەیە ئێران چی دەتوانێت بکات تا لەو جەنگە ڕزگاری بێت.
واتە پرۆسەی "پێشبینی" فاڵگرتنەوەیەک نییە بۆ میتافیزیک و خەبەردان نییە لە کۆمەڵێک ڕووداوی حەتمی، بەڵکو خۆئامادەکردنە بۆ چۆنیەتی دەربازبوون لەو چارەنووسە. واتە لە سیاسەتدا، باوەڕ (ئیعتیقاد) جەبری نییە، بەڵکو قەدەریە و دەکرێت ڕووبدات و دەکرێت ڕوونەدات.
چەند مانگێکە ئێران و پرۆکسییەکانی چۆن مامەڵە دەکەن؟
بە خوێندنەوەی کار و کاردانەوەی نێوان ئەمریکا و پرۆکسییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا و هەروەها خودی ئێران، دەتوانین بگەینە ئەو باوەڕەی کە ئێرانییەکان و پرۆکسییەکانیان لەوە تێگەیشتوون دووبارەبوونەوەی شەڕی بەرفراوان، بە هیچ شێوەیەک لە قازانجی ئەوان نییە، بۆیە دەبێت بە هەموو شێوەیەک خۆیانی لێ لابدەن.
لە بەرامبەردا، ئەمریکییەکان دەزانن ئەوەی بە جەنگ ئامانجیانە، ئەگەر بە هەڕەشەی جەنگ دەستیان بکەوێت باشترە و ئەوانیش ناچار نین جەنگ بۆ شتێک بکەن کە بە هەڕەشەی جەنگ دەستیان دەکەوێت. واتە ئەگەر بە هەڕەشەی جەنگ سەرکەوتنت بەدەستهێنا، ئەوا باشترە لەوەی بە خودی جەنگەکە ئەو سەرکەوتنە بەدەست بهێنیت.
ئێستاش، وەک دەبینرێت چ لە عێراق و چ لە لوبنان، گرووپە نزیکەکانی ئێران هەنگاو بە هەنگاو و زۆر شاراوە ئەوە بۆ ئەمریکییەکان جێبەجێ دەکەن کە دەیانەوێت.
لە عێراق: وەک دەبینین، هێزە شیعەکان بە فەرمی و نافەرمی نایانەوێت بکەونە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەقینە لەگەڵ ئەمریکییەکان و لە دەرئەنجامە خراپەکانی ئەو ڕووبەڕووبوونەوەیە تێگەیشتوون. لە پێناو مانەوەدا دەیانەوێت لەگەڵ سیاسەتی "کلک و گوێکردن"ـی ئەمریکا خۆیان بگونجێنن.
دواخستنی یاسای حەشدی شەعبی و گەیشتن بە تێگەیشتنی هاوبەش لەسەر مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و ئازادکردنی ڕفێنراوێکی بە ڕەگەز جوو لە ڕۆژانی ڕابردوودا، و پێشتریش خۆپارێزی هێزە شیعەکان لە بوون بە بەشێک لە جەنگی ئیسرائیل-ئێران؛ هەموو ئەمانە دەریدەخەن ئەم هێزانە لەوە وریاترن خۆیان تووشی چارەنووسێکی تاریک بکەنەوە.
ئەوەی ئێستا شیعەکان لە عێراق هەیانە کەم نییە و خەونی چەند ساڵەیە، بۆیە پێم وانییە بە ئاسانی خۆیان و عێراقیش بکەنە قوربانی هیچ لایەنێک. وادیارە لەم قۆناغەشدا ئێران ئەمەی ناوێت، بەڵکو دەیەوێت یارییەکە لەسەر ڕێسا کۆنەکە بەردەوام بێت، تەنانەت ئامادەشە هەندێک سازشی زیاتریش بکات.
هێزە شیعەکانی عێراق چەند لەگەڵ ئێران تەبا و ڕێک بن، ئەوەندەش لە ئەمریکی و ئەورووپییەکان نزیکن و بە ئاسانی ئەم پەیوەستبوونە ناپچڕێنن.
لە لوبنان: بە دووری نابینم حیزبوڵڵاش هەمان سیاسەت پەیڕەو بکات، بەتایبەت کە ئێستا مەسەلەی چەکداماڵینی ئەو حیزبە بووە بە پرسێکی دەوڵەتی. سەرەڕای هەڕەشەکانی نەعیم قاسم، ئەمینداری حیزبوڵڵا، بە تەسلیم نەکردنی چەک، بەڵام دەرگای گفتوگۆشی لەگەڵ دەوڵەت دانەخستووە تا ئەو چەکە بکاتە بەشێک لە بەرگری نیشتیمانی لوبنان.
میدیای ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە گوایە پڕۆژەیەک هەیە تا لە ڕێی "هاندانەوە" نەک لێدان، حیزبوڵڵا بەوە ڕازی بکرێت چەکەکەی تەسلیم بە دەوڵەت بکات. ئەو پلانە بریتییە لە پڕۆژەی "قەڵغانی ئاڵتونی" کە لە ڕێگەی هاندانی داراییەوە وا بکرێت حیزبوڵڵا ئاسانتر چەکەکەی ڕادەست بکات.
بۆ ئەم پڕۆژەیەش، وەک میدیای عیبری دەڵێت، 14 ملیار دۆلار تەرخانکراوە. هەروەها حیزبوڵڵا ئاشکرای کردووە لە بەرامبەر کشانەوەی ئیسرائیل و ڕاگرتنی پەلاماردانی سەربازی، ئامادەیە چەک ڕادەستی دەوڵەت بکات. بە هەرحاڵ، لە لوبنان دیار نییە دۆخەکە بە کام ئاراستەدا دەڕوات، بەڵام نیمچە کۆدەنگییەک لە لوبنان هەیە بۆ پشتیوانی لە پلانی "کۆکردنەوەی چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا." و لەوانەیە حیزبوڵڵاش نەیەوێت لە دەرەوەی ئەم كۆدەنگیە بێت.
ئێرانییەکان وەک دەبینرێت دووبارە لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆم و ئەو پیاوەی کە زۆر لێی توڕە بون (ڕافایل ماریانۆ گرۆسی)، سەرۆکی ئاژانسەکە، کەوتوونەتەوە مامەڵەکردن لەگەڵی، هەرچەندە پێشتر سوێندیان خوارد بوو چیتر مامەڵەی لەگەڵ ناکەن.
دیمەنەکە لە بەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەم شێوەیەیە؛ چەند ئەگەرەکانی جەنگ بەهێزن، ئەوەندەش ڕێکار و سیاسەتەکانی خۆپارێزی خراونەتە کار. بەڵام ئەو بەشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە خەریکە ئاماژەکانی جەنگ تیایدا سەرهەڵدەدەن، ناو دڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە بەشی ڕۆژئاوا، کە مەبەستمان سووریای نوێ و لە پشتیەوە توركیایە.
ئایا ڕۆژان و ساڵانی داهاتووی ئەم ناوچەیە بەرەو کوێ دەچێت؟ ئایا بە بێ جەنگ پلانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەم ناوچەیە جێبەجێ دەبێت یان دەبێت لەبری جەنگی ئێران-ئیسرائیل خۆمان بۆ جەنگێکی بە وەکالەت یان ڕاستەوخۆ لەو بەشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادە بکەین كە تیایدا هاوكێشەی نوێ هەیە.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
نوێترین بیروڕا
سەرۆک مەسعود بارزانی.. فریادڕەسی ئێزدییەکان
12 کاتژمێر لەمەوپێش
بە کەمکردنەوەی ڕێژەی سوو بۆچی نرخی زێڕ دابەزی؟
20 کاتژمێر لەمەوپێش
شیعە "بەیعەت بە داعش دەدەن" و سەلەفییەت گوێڕایەڵی "حاکمیەتی شیعە" دەکەن
20 کاتژمێر لەمەوپێش
ئاڤا میدیا لە یەكەم ساڵی تەمەندا، چیتر ماوە بیبەخشێت؟
15 ئەیلوول
سەرە قەڵەمێک لە ساڵیادی ئاڤا میدیادا؟
15 ئەیلوول
ئاڤا؛ ئەو دەنگ و ڕەنگە بزێوەی سنوورەکانی تێپەڕاند
15 ئەیلوول
ڕەوتی دژە کۆچبەریی بەریتانیا و چارەنووسی کۆچبەرانی عێراقی لە سیاسەتی ئەو وڵاتەدا
14 ئەیلوول
سەرۆک بارزانی؛ سیمبولی پێشمەرگە
6 ئەیلوول
(پێشمەرگە) لە ناو دڵی (پاریس) دا؛ چیرۆکی ئازایەتی و مەردایەتی
6 ئەیلوول
ئارما؛ لە نێوان باڵندەی کامەرانی و گورگی خیانەتدا
30 ئاب
- بیروڕا
- 12 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆک مەسعود بارزانی.. فریادڕەسی ئێزدییەکان
- بیروڕا
- 20 کاتژمێر لەمەوپێش
بە کەمکردنەوەی ڕێژەی سوو بۆچی نرخی زێڕ دابەزی؟
- بیروڕا
- 20 کاتژمێر لەمەوپێش
شیعە "بەیعەت بە داعش دەدەن" و سەلەفییەت گوێڕایەڵی "حاکمیەتی شیعە" دەکەن
- بیروڕا
- 15 ئەیلوول
سەرە قەڵەمێک لە ساڵیادی ئاڤا میدیادا؟