ئاڤا؛ ئەو دەنگ و ڕەنگە بزێوەی سنوورەکانی تێپەڕاند

ئاڤا؛ ئەو دەنگ و ڕەنگە بزێوەی سنوورەکانی تێپەڕاند

لە پانزەی سێپتێمبەردا، تەمەنی (ئاڤا میدیا) بوو بە ساڵێک ، کەناڵێک کە لە منداڵدانی پێویستییەوە هاتە دنیاوە و  زۆر  بە خێرایی بەسواری چەندین شەپۆلی بەرزو کەفچڕێنەوە هات و تسونامییەکی لە قوڵایی دەریای مەنگی میدیای کوردییدا هەڵکرد . ئەو ساوا  زرت و بزێوە هات و گەلێ دەقی ناو کتێب و پێوەری ستانداردی تێکشکاند ...  دەرگەی ستۆدیۆ  ناکامڵەکانی خستنە سەرپشت بۆ خەڵکی سادەی کوردستان ..  ئەوەیشی نەیتوانی بگاتە ناو ستۆدیۆ ، ئاڤا بارو بارگەی خۆی پێچایەوەو  بە هەموو کەرەسەو کادیر و تەکنەلۆژیاکەیەوە  گەیشتە لایان ... بۆ ناو بازاڕ ، بۆ سەر قەڵا ، بۆ ناو پارک و سەیرانگەو هۆڵ و یاریگە ... بۆ  شارەحەیاتەکە و زاخۆی دەلال و ناو کەرکووکی دڵی کوردستان .

خوێندنەوەی هەواڵی کردە گێڕانەوەی چیرۆکی ڕووداوەکان ... زمان و شێوازی گێڕانەوەکەیشی سادە ساکارەو لەگەڵ خولیا و چێژی زۆرینەی خەڵکی کوردستاندا دێتەوە. گرتنە بەری ئەم شێواز و ستایلەش ، نەبۆتە ڕێگر لەبەردەم بەرهەمهێنانی بەرنامەی هونەری و گفتوگۆی سەنگین و ئاست بەرز بۆ دەستەبژێری ئەکادیمی و ڕۆشنبیریی کۆمەڵگە.

ئاڤا ، کەناڵێکی  سرکە ، نا ئاساییە و پێشبینی ناکرێ مانگی داهاتوو  بەنیازی چییە و چ بەزم و گۆبەنێک دەگێڕێ!  هەتا دێت زیاتر گەشەدەکات و ئەمڕۆی دووبارەکردنەوەی دوێنێی نییە و سبەیشی کۆپیی ئەمڕۆ نابێت . ئاڤا ، لەم ماوە زۆر کورتەدا، سەرباری باڵادەستیی لە باشووری کوردستاندا ، بۆتە یەکێ  لە کاریگەرترین کەناڵە ئاسمانییە کوردییەکان  لە هەر چوار پارچەی نیشتماندا ، بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی شیریندا ، کە گەلی کورد لەو پارچەیە پێویستییەکی زۆریان بە بیستنەوەی دەنگی ئازاد و بینینەوەی ڕەنگی ئازاری خۆیان هەیە و  خواست و ئاواتیان لە شاشەی ئاڤاوە  هاتۆتە دی ، نەک تەنها بەهۆی تەکنەلۆژیاو  بەرنامەکانییەوە، بەڵکو بەهۆی ڕاستگۆیی و نزیکییەوە لە کێشەکانی شەقام،  بەهۆی تێگەیشتنییەوە  لە پرسیار و خولیا و گومان و ناڕەزایەتیی خەڵک، بەهۆی پڕکێشی و سەرکێشییەتی لە گوتنی ئەوەی نەگوتراوەو کردنی ئەوەی کە نەکراوەو  پێشاندانی ئەوەی نەبینراوە. لە ساڵی داهاتووشدا دەرگەی ئاڤا هەر واڵا دەبێت بۆ هونەرمەندان ، ڕۆشنبیران بۆ دەنگ و ڕەنگی جیاواز و ڕەخنەو گلەیی. هەر پارێزەری ژینگەو کولتوور و مێژووی دێرینی کورد و کوردستان دەبێت ،  پێشوازیی گەرم لە دەسپێشخەری و داهێنانی گەنجان دەکات ، قەڵایەک دەبێت بۆ بەرگری لە مافی ژنان، منداڵان و چین و توێژە پەراویزخراوەکانی ناو کۆمەڵگە .

ئاڤا وەک هەمیشە سەکۆی ئاشتی و  تەبایی نێو ماڵی کورد دەبێت. دڵسۆزانە و بێ توانج و بێ شکاندن، بە نیازو خواستی ڕاستکردنەوەی هەڵەو پڕکردنەوەی کەموکورتی ڕەخنەدەگرێت.  لە ئاڤا بڕوامان بە فەراهەمکردنی ژیانێکی پڕ لە جوانی وکەرامەت و یەکتر قەبووڵکردنە.

لەگەڵ دەسپێکی ساڵی نوێی تەمەنی ئاڤادا ، ئاڵەنگارییەکان زیاتر و گەورەتر دەبن ، میچی چاوەڕوانیەکانی خەڵکیش بەرزتر دەبن. بەڵام هیوا و بڕوامان زۆرە  کە "ئاڤا"  لە جێبەجێکردنی ئەرکە نیشتمانی و نەتەوەیی و کولتووری ڕۆشنبیرییەکانیدا بە پەرۆشی و شەونخونیی کادیرە چاوکراوەو بزێوەکانی، درێغی ناکات و دەیان بەزم و گۆڤەندی نە کراوەو نە بینیراوەی ترمان پێشکەشدەکات .

لە یەکەمین ڕۆژی دووەمین ساڵی تەمەنی ئاڤا دا ، خۆشەویستیم بۆ  هەموو ئەو بەڕێزانەی بە وشەیەکیش بێت بەشدارییان لە دامەزراندنی ئەم پڕۆژەیەدا کردووە، دەستخۆشیی زۆرم بۆ هەموو ئەوانەی  باوەڕیان پێهێناو و پشتگیرییان کرد.

ماوەتەوە بلێم : هەموو ساڵێک ، ئەم ڕۆژەی ئاڤامان  بەخۆشی و بەهاتەوە ، ئاڤا نە کڕدراوەو نە فرۆشراوە !

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: