ڕیفراندۆم بڕیار لە چارەنووسی خۆم؛ ئیرادەی سەربەخۆخوازانی کورد و دووڕوویی بەرژەوەندخوازانی دنیا
- بیروڕا
- 30 خولەک لەمەوپێش

هەشت ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە 25 ـی سێپتێمبەری 2017 دا ، گەلی کوردستانی باشوور، بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد ئیتر بەسە ! دەنگێک کە زۆر بەرزتر بوو لە گرمەی تۆپ و تەیارەی ئینگلیز و لەشکری لیوی و سوپای خێڵەکیی عێراقی پادشایەتیی و فەیلەقەکانی کۆماری کودەتاچییانی تەمووزی 58 و شوباتی 63 و تەمووزی خوینڕێژەکانی 68 تا بەهاری 2003. دەنگی بەڵێیەکی بڵند و درەوشاوە لەناو جەرگەی ڕۆژە ڕەشەکانی قاعیدە و تیرۆریستانی داعش و هەموو جڕو جانەوەرەکانی تری دوای 2016 ، فیلمێکی خوێناویی بێ وچان کە 97 ساڵی خایاند. ڕیفراندۆم دەنگێکی بەرزو دلێر بوو کە هەموو داگیرکەر و ستەمکار و جروجانەوەرەکانی ناوچەکەی لە خەونی بێ خەمی و بێ منەتی، ڕاچڵەکاند و کەوتنە خۆیان و هەموو دروشمە ساختەکانی یەکسانی و دادپەروەریان ژێرپێ خست و بۆ جاری سەدەمین ڕووی ڕاستەقینەی بێ دەمامکی برایەتیی ساختەی گەلانی موسڵمانیان بەدیارکەوت؛ وەڵامیان بۆ خواساتی ڕەوای کورد، چاوسوورکردنەوەو هەڕەشەو گەمارۆدان و داخستنی سنوور و لەشکرکێشی بوو.
گەلی ستەمدیدەی مافخواری کورد لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆییدا بڕیاری لە چارەنووسی خۆیدا و بەڵێیەکی زەق و ڕەقی دا بە گوێی کەڕی دنیای دوور و نزیکدا و پێی گوتن : ئێمە فێرنیین بێڕێزی و ستەم و ژێردەستەیی قەبوڵ بکەین بۆیە سەربەخۆیی و سەروەری و دراوسێیەتییەکی دادپەروەرانەمان هەڵبژارد. ئێمە هەشت ساڵ لەمەوبەر بە هەموو دنیامان ڕاگەیاند: دەمانەوێت ئاڵای کوردستانی سەربەخۆ بە پاڵ ئاڵای گەلانی ترەوە بە ئاسمانەوە بشەکێتەوە.
ئایا سەد ساڵ ژێردەستەیی و زوڵم و زۆر بەس نیە!؟ وەرنە سەر مێزی گفتوگۆو دیبەیتی ڕاستەوخۆ . وەرن ڕووبەڕوو پێمان بڵێن بە چ یاساو شەرعێک سەربەخۆیی کوردستان حەرام و بڤەیە ؟ پێمان بڵێن بۆچی شەوو ڕۆژ وێردی سەرزارتان نەفرەتکردنە لە ئیستعمارو ئیمپریالیزم و کارو کردەوەکانیان کە ڕێزی ئیرادەی گەلان ناگرن و دەیانچەوسێننەوە، کەچی کە باس دێتە سەر ڕێزگرتن لە ئیرادەی ملیۆنان کورد کە سەد ساڵ لەمەوبەر بەپلان و پیلانی ئەو ئیستعمارە نالەبارە ، خرانە ژێر دەستی ئێوە و ئێوەش بە سەردەستەی ئەوان، گورج گڕ دەگرن و کورد دەبێتە ئەهریمەن و خیانەتکارو دەستوپێوەندی بێگانە و هەرچیی تۆمەتی نابەجێیە دەیدەنە پاڵمان ؟
هەر لە ڕێکەوتننامەی سایکس بیکۆی ئیستعمارییەوە لە 1916 دا ، کوردستانی گەورە وەک میراتی بەسەر چوار وڵاتدا دابەشکرا، تا گەیشت بە ستەم نامەی لۆزان لە 1923 کە بە ئیرادەی کۆڵۆنیالیزم و نەتەوەپەرستانی دەوروبەر، مۆمی ئومێدی دەوڵەتی کوردیی کوژایەوە.
دەیان ساڵ بوو ئێمەی کوردو کوردستانیان لە دۆخی نامۆبوون و لە دەرەوەی مێژووی ڕاستەقینەدا ، لەژێر چەپۆکی دەوڵەتانی دەسنێژی کۆلۆنیالزمدا ، لەسەر خاکی خۆمان بەرگرییەکی کەم وێنەی پر لە ژان و چەرمەسەریی خوێناویمان نواند . ئەگەرچی لە سادەترین مافی سەرەتایی خۆمان وەک نەتەوە ، بێبەشکرابووین، بەڵام ڕێمان نەدا ناوو شوناس و کولتوور و زمانمان ڕەشکەنەوە ، خۆڕاگرو گەشبین و ژیاندۆست بووین . داستانی پڕ قوربانیدان و داهێنانمان لە مێژووی سەدەی بیستەمدا تۆمارکرد و شکستمان بە 84 ساڵ تەمەنی دەوڵەتی عێراقی داگیرکەر هێنا.
ئێمەبووین لە پاش 70 ساڵ خەباتی چەکداری ، لە 2017 دا ، پەنامانبرد بۆ سندووقەکانی دەنگدان و دەنگمان دا بە سەربەخۆیی ، بۆ یار و نەیار و دوور و نزیکمان سەلماند کە نەتەوەیەکین ناچار بە چەکهەڵگرتن کرابووین، ڕامانگەیاند : ئەوە ئێمەین کە بۆ بەدەستهێنانی مافی ڕەوای خۆمان ، ڕێوشوێنێکی ئاشتیخوازانەی شارستانیی مەدەنیمان هەڵبژاردووە . ئەوەش سیاسی و خوێندەوار و میدیاکار و ئیماندارو خەڵکی سادەو ڕەشوڕووتی مێشک شۆراوەی گەلانی سەردەستە و لووتبەرز و لەخۆڕازین کە ناتوانن بێنە سەر ڕێگەی مەدەنیەت و دیموکراسی و ڕێزگرتن لە بەرامبەر، ئەوە ئێمەین داوای یەکسانی و دادپەروەری لە دنیا دەکەین ، ئەوەش ئەوانن کە تەنیا ئەو کاتانە ئێمەیان لاپەسەندە و ئەکراد و کاکا یەکی زێنین ، کە بە پلە سێ و چوار ڕازی بین و دەنگمان لێوە نەیەت، مەگەر ئەو کاتانەی کە پێویست بێت بڵێین ( نعم سیدي)!
ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ، ئەو ڕاستییەی سەلماند کە جەوهەری چەمکی دەوڵەت بەرلەوەی هێڵ و خاڵەکانی سنووربێت و لەسەر نەخشەی بەرژەوەندییەکان بکێشرێن ، بەردێکی بناغەی تۆکمەی پێویستە کە (ئیرادەی خەڵکە) ئەو دەمەی دەڵێن بەڵێ بۆ سەربەخۆیی . ڕاستە هەشت ساڵ لەمەوبەر لە چرکە ساتێکی زۆر سەختەدا جیهانی دوور و نزیک دڵڕەقانە و دوو ڕووانە ، دەنگ وئیرادەی کوردیان ڕەتکردەوە و پشتیان لێکردین ، بەڵام لەوساوە تا ئێستا ملیۆنان دەنگی بەڵێ، هێشتا وا لە ناو دەشت و دەر و دۆڵ و لووتکەی چیاکاندا ، لە ناو شارو گوندەکاندا دەنگ دەداتەوە. لە گڕوگاڵی ساوایەکی تازە نەمامدا ، لە وریایی گەنجێکی سرک و بزێوت کوردستاندا ، لە لاواندنەوەی دایکانی ڕەشپۆشی گەرمیان و بارزاندا ، لە ڕێوڕەسمی یادی هەر شەهیدێکی قارەماندا، لە سەمفۆنیای پڕ ئازایەتیی پێشمەرگەدا گوێم لەو سروودەیە کە دەڵێت : زۆری سەرکەش هەوڵی داوە کورد نەهێڵێ .. خاکی کوردستان بە بۆمبا و چەک بکێڵێ ، هەڵدێراون لەم کێوانە بوونەتە پەندی زەمانە.
دڵنیابن ئیرادەی سەربەخۆخوازانەی کورد شکستی نەهێناوە ؛ بەڵکو لاپەڕەیەکی پرشنگداری ترمان لە مێژووی دوور و درێژی خەباتدا نووسییەوە ، لاپەڕەیەک کە بە خەتێکی سوور لە ناوەندیا نووسراوە : "ڕەنگە بتوانن لەدایکبوونی سەربەخۆیی بۆ چەند ساڵێک دوابخەن ، بەڵام هەرگیز ناتوانن لەباری بەرن!".
نوێترین بیروڕا
ئایندەی کورد لە سووریا
18 کاتژمێر لەمەوپێش
دیدو تێڕوانینی مەسرور بارزانی لە ئیدارەدانی کوردستان
21 ئەیلوول
سەرۆک مەسعود بارزانی.. فریادڕەسی ئێزدییەکان
18 ئەیلوول
بە کەمکردنەوەی ڕێژەی سوو بۆچی نرخی زێڕ دابەزی؟
18 ئەیلوول
شیعە "بەیعەت بە داعش دەدەن" و سەلەفییەت گوێڕایەڵی "حاکمیەتی شیعە" دەکەن
18 ئەیلوول
ئاڤا میدیا لە یەكەم ساڵی تەمەندا، چیتر ماوە بیبەخشێت؟
15 ئەیلوول
سەرە قەڵەمێک لە ساڵیادی ئاڤا میدیادا؟
15 ئەیلوول
ئاڤا؛ ئەو دەنگ و ڕەنگە بزێوەی سنوورەکانی تێپەڕاند
15 ئەیلوول
ئایا جەنگ لەناوچەكەمان دەستپێدەکاتەوە؟
14 ئەیلوول
ڕەوتی دژە کۆچبەریی بەریتانیا و چارەنووسی کۆچبەرانی عێراقی لە سیاسەتی ئەو وڵاتەدا
14 ئەیلوول
- بیروڕا
- 18 کاتژمێر لەمەوپێش
ئایندەی کورد لە سووریا