لە هەردوو ستادیۆمی ئامەد و وانەوە؛ جاڕدانی مانیفێستی کوردبوون
- بیروڕا
- 7 تشرینی یەکەم

ئازاد جندیانی
نووسەر و سیاسەتمەدار

ئاڤا نیوز
هەرچەندە من بەگشتیی هەواداری وەرزش نیم و ڕەنگە لە سەرەتای حەفتاكاندا بەسەریەکەوە چەند جارێکی کەم بۆ تەماشاکردنی یاری تۆپی پێ چووبمە ستادیۆمە زۆر سادەکانی ڕواندز و گەڵاڵە، هەروەها لە وەختی یارییەکانی مۆندیالیشدا بە نیوە ناچڵی یەک دوو یاری تەماشا دەکەم. لە ساڵانی پێشمەرگایەتیدا، کات و جێگە هەبووایە زۆربەمان هەڕەمەکییانە یاری بالەمان دەکرد.
پێم خۆشە بەر لەوەی بچمە سەر کڕۆکی باسەکەم ئەوەش بڵێم، کە من تا (2017) لایەنگریم لە هیچ یانەیەکی ناوخۆیی یان جیهانی نەدەکرد، بەڵام لە كاتی ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆیی کەتەلۆنییەکان و کاردانەوە دڕندانەکەی دەوڵەتی ئیسپانیا بەدواوە، ئیدی لە دیدێکی سیاسییەوە بوومەتە لایەنگری یانەی بەرشەلۆنەی کەتەلۆنییەکان، ئەوەش ناشارمەوە کە لەگەڵ ئەوەشدا بەدیار یاریەکانیشیانەوە دانانیشم، بەڵام کە هەواڵی بردنەوەی بەرشەلۆنە دەبیستم، بەتایبەت ئەگەر لە یانەی ڕیاڵ مەدریدی بردبێتەوە ئەوا زۆر دڵخۆش دەبم.
لەم چەند ڕۆژەی دواییدا، بەڕێکەوت لە یوتیوبەوە پێش گێمەکانی یاریکردنی هەردوو یانەی (ئامەد) و (وان)م بینی، کە لە ستادیۆمی ئامەد (دیاربەکر)دا دەکرا، ستادیۆمەکە پڕاوپڕ بوو لە هاندەرانی کوردی هەردوو یانە، هاندەران ببوونە دوو کۆرسی یەکتر تەواوکەر و سروودێکی هاوبەشی یەکجار ئاشنا و پڕ جۆش و خرۆشیان دەوتەوە و لە یەکتریان وەردەگرتەوە، نیوەی ستادیۆمەکە هاواریان دەکرد و بە میلۆدی سروودی کوردی دەیان گوت: (کینە ئەم) کۆرسەکەی تریش بەهەمان جۆش و خرۆشەوە دەیان گوت (کوردین ئەم).
لە دیمەنە ڤیدیۆییەکانەوە دیار بوو، کە هەزاران مۆبایلی هاندەران لە سەدان گۆشەوە ئەو نمایشە بەکۆمەڵەی نەوەی نوێی کوردستانیان بۆ هەموو جیهان دەگواستەوە، کە نمایشی ئۆپەرێتێکی زیندوو و ڕیالێتەی نەوەی نوێی چاونەترس و ئازای کورد بوو، کە من لای خۆمەوە بە نمایشی (جاڕدانی مانیفێستی کوردبوون و کوردستانی بوون) ناودێری دەکەم، لەو ڕێوڕەسمەی جاڕدانی کوردایەتیدا، دەنگی پڕ لە نەعرەتەی گەنجانی باکوو، کە لە ئامەدەوە بەرەو کەشکەڵان بەرزدەبووەوە وەک چۆن لێرە لە هەولێر دەنگی دەدایەوە، ئاواش لە مەهاباد و قامشلی و کرماشان و ورمێش دەنگی دەدایەوە، بێگومان لە ئەنقەرە و ئیستەنبووڵ و بەغدا و تاران و دیمەشقیش هەر هەمان دەنگدانەوە بوو، لەوێ لە ستادیۆمی ئامەدەوە، کە هەزاران گەنج و هەزاران گەروو و هەزاران دەنگ پێکەوە و هاودەنگ و هاوهەست بە گوێی هەموو دنیایان دادەدا، کە ئەوە دەنگی کوردە پێکەوە، ئەوە پەیامی کوردە پێکەوە، لەوەش گرنگتر ئەوە بڕیاری کوردە پێکەوە، ئەوە چڕینی مانیفێستی کوردە لە قوڕگی سەراپای نەوەیەکی سازبوو بۆ کوردایەتی بەرزدەبێتەوە.
خوێنەری بەڕێز … من هەر لە بینینی ئەو کردارە کوردانەیەوە و ئێستاشی لەگەڵ بێ لەژێر کاریگەری ئەو جاڕدانی کوردبوونەدام و بەم تەمەنی پیرییەمەوە بوومەتە هاوهەست و هاوهۆشی و بوومەتە بەشێک لەو هەزاران هەزار زمانەی، کە پێکەوە دەیان گوت (کوردین ئەم)، ڕەنگە پێویست بکا ئەو ڕاستییەش بڵێم، کە هەرچەندە دایکی کۆچکردووم خەڵکی شارۆچكەیەكی (وان)ە، بەڵام وەک تاکێک، کە وەک هەزاران هەزارەکەی ستادیۆمەکە هۆشیاریم هەیە بە ڕەچەڵەکی نەتەوەییم، بۆیە لەناو ئەو کۆمەڵە شەڕەفمەندەدا خۆبەخۆ توامەوە و پەیوەستبوونم بە شاری (موکس)ی ماڵەخاڵوانم لە چاو شوناسە مەزنە شکۆدارەکەی کوردبووندا کاڵ بووەوە .
ئەوەی ئەوێ ڕۆژێ گەنجانی ئەوێ کردیان، مانیفێستی کوردبوون بوو، مانیفێستێک، کە نەوەی نوێی کوردستان، بە شێوازی جیا جیا لە هەموو پارچەکانی کوردستان و لە دیاسپۆڕاشدا جاڕی دەدەن.
(پێشکەشە بە سەدان هەزار هاندەری یانەکانی ئامەد و وان و تەواوی یانەکانی باکووری کوردستان)
2025-10-06
هەولێر
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
نوێترین بیروڕا

سەرۆكوەزیرانی هەمووان ڕێگەنادات مەشخەڵی "نەورۆز" بكوژێتەوە
4 تشرینی دووەم
فیستیڤاڵی هەنار ژیاندۆستیی و مەزنی شارێک نیشاندەدات
2 تشرینی دووەم

غیابی پەروەردە و فێرکردن لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی عێراقدا
1 تشرینی دووەم

چاکسازیی بانکی لە عێراق و هەرێمی کوردستان: ئاییندەیەک لە نێوان چەکوش و سندان و پرسیارە چارەنووسسازەکان
1 تشرینی دووەم

هەڵبژاردن لە عێراق.. دیموکراسییەکی بێ دەرئەنجام و دەنگدانێکی بێ بەها
1 تشرینی دووەم

شۆڕشی ئاوەدانی مەسرور بارزانی
23 تشرینی یەکەم

هات.. دەستی ئاوەدانی مەسرور بارزانی بەرەو سلێمانی هات
19 تشرینی یەکەم

"كردمان، نەک دەیكەین"؛ قۆناغی نوێی بانگەشەی هەڵبژاردن
15 تشرینی یەکەم

هەڵبژاردن و دووبارە دڵنیاکردنەوە لە فرە جەمسەریی لە عێراقدا
14 تشرینی یەکەم

ڕووی ڕاستەقینەی ئیسلام ترسە یان خۆشەویستی؟
14 تشرینی یەکەم
- بیروڕا
- 2 تشرینی دووەم
فیستیڤاڵی هەنار ژیاندۆستیی و مەزنی شارێک نیشاندەدات
- بیروڕا
- 23 تشرینی یەکەم
شۆڕشی ئاوەدانی مەسرور بارزانی




