پارتەکەی ئەردۆغان گڵۆپی سەوزی بۆ کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنە پەرلەمانییەکە لەگەڵ ئۆجەلان هەڵکرد

شەیری بکە لە:
پارتەکەی ئەردۆغان گڵۆپی سەوزی بۆ کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنە پەرلەمانییەکە لەگەڵ ئۆجەلان هەڵکرد

گرافیک ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز

 

ئەندامانی ئاکپارتی [پارتی دەسەڵاتدار]ی تورکیا لە کۆمیسیۆنە پەرلەمانییەکە هاوشێوەی ئەندامانی دەمپارتی و مەهەپە، بە بەڵێ دەنگ دەدەن بۆ پێکهێنانی شاندێک لە کۆمیسیۆنەکە تاوەکو سەردانی ئۆجەلان بکات لە دوورگەی ئیمڕاڵی و گوێ لە سەرنج و پێشنیازەکانی بگرێت بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی.

 

وێنە گەورەکە: بەر لە کۆبوونەوەکەی سبەی کۆمیسیۆنی "یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" بۆ دەنگدان لەسەر چوونی شاندێکی کۆمیسیۆنەکە بۆ لای ئۆجەلان، ئەمڕۆ 20-11-2025 هەریەک لە ئاکپارتی و جەهەپە کۆبوونەوەی ناوخۆییان ئەنجام دا بۆ بڕیاردان لەمبارەیەوە.

 

لێدوانی فەرمی: عەبدوڵڵا گولەر، سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی لە پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند: سەردانی شاندی کۆمیسیۆنەکە بۆ ئیمراڵی بە باش دەزانین. هێشتا دیاری نییە کێ سەردانی ئیمڕاڵی دەکات، بەڵام ئەگەر لە کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنەکە دەنگ بدرێت، ئەندامانی ئاکپارتی بە بەڵێ دەنگ دەدەن بۆ پێکهێنانی لیژنەکە.

 

بە تەنیشت ئەم بابەتەوە: هەرچەند ئەمڕۆ جەهەپە وەک گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆن لە تورکیا بۆ هەمان مەبەست، کۆبوونەوەی ناوخۆیی ئەنجام دا، بەڵام هیچ ڕاگەیەندراوێکی لەمبارەیەوە بڵاو نەکردەوە و سەرچاوەکانی جەهەپەش ئاماژە بەوە دەدەن سبەی بەر لە کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنەکە، جەهەپە بڕیاری خۆی دەدات لەمبارەیەوە. 

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: هەر ئەمڕۆ فەتی یڵدز، جێگری سەرۆکی گشتیی مەهەپە ڕایگەیاند لە چەند ڕۆژی داهاتوودا و بەمەبەستی زانینی بیروبۆچوونی ئۆجەلان لەسەر پرۆسەکە، پەرلەمانتارێکی هەریەک لەو پارتانەی لە پەرلەمان خاوەن فراکسیۆنن، دەچنە دوورگەی ئیمڕاڵی.

 

لە لایەکی دیکەوە: کۆی ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان، دوای بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی لە تورکیا و باکووری کوردستان، پەکەکە 17ی ئەم مانگە بڕیاری کشانەوەی گەریلاکانی دا لە ناوچەی زاپ و ڕۆژێک دواتریش دەوڵەت باخچەلی ڕایگەیاند: ئەگەر شاندی کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان و کەس نەچێت بۆ لای ئۆجەلان، خۆی و سێ لە هاوڕێکانی دەچنە لای و ڕووبەڕوو لەگەڵیدا کۆدەبنەوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ