
دوازدەمین فیلمە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی دهۆک بە بەشداری سینەماكارانی 37 وڵات دەستپێدەكات
ئاڤا نیوز
سبەی 12ـەمین فیلمە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی دهۆک دەستپێدەكات، سینەماكارانی 37 وڵات بە بەرهەمەكانیان بەشدارن، 110 فیلمی كوردی و بیانی بۆ نمایشكردن پاڵێوراون.
چیرۆكی سەرەكی: فیلمە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی دهۆک بووەتە نەریتێكی ساڵانە و ماوەی 12 ساڵە بەبێ پچڕان بەردەوامە، كە تێیدا جگە لە سینەماكاری ناوخۆی هەرێمی كوردستان، بەشداربووانی عێراق و وڵاتانی جیهانیش بە دەیان بەرهەم بەشدار دەبن. سبەی سێشەممە 9 ـی كانوونی یەكەمی 2025، دوازدەمین كۆپیی فێستیڤاڵەكە دەستپێدەكات، كە ئەمجارە سەرنجەكان زیاتر لەسەر گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا و ڕووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵییە و زۆرترین ئەو بەرهەمانەی نمایش دەكرێن، تایبەت بەم پرسە دەبن.
لێدوانی فەرمی: حەسەن عارف، بەرپرسی ڕاگەیاندنی 12ـەمین فیلمە فێستیڤاڵی دهۆک، بە ئاڤای ڕاگەیاند، ئەمساڵ جگە لە بەشداربووانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، نوێنەرانی 37 وڵاتی جیهان بەشدارن، ئەمەش دەبێتە دەروازەیەكی گرنگ بۆ ناساندنی كولتوور و چیرۆكەكانی هەرێمی كوردستان بە جیهان لەلایەک و ئاشنابوون و سوودوەرگرتن لە كولتوور و هونەری وڵاتان لەلایەكی دیكەوە.
ئەوەی پێویستە بیزانیت: لە كۆپی ئەمجارەی فێستیڤاڵەكە، 110 فیلمی سینەمایی لە جۆری كورتەفیلم و فیلمی ماوەدرێژ بۆ نمایشكردن پاڵێوراون، كە 45 لەو فیلمانە، فیلمی كوردین و 65ـیان بیانین. سبەی كاتژمێر 12:00 فێستیڤاڵەكە بە نمایشكردنی فیلمی (My Uncle Jens) لە دەرهێنانی بڕوا وەهابپوور لە هۆڵی كۆنگرەكانی زانكۆی دهۆك دەستپێدەكات.
وێنە: ئاری عەبدوڵڵا








