
لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمەوە، هەمیشە لە سەرۆکوەزیران کاک مەسرور بارزانییەوە گوێبیستی ئەوە بووین، کە کابینەکە گرنگی زۆر دەدات بە هەمەچەشنکردنی ئابووری و مەبەستیەتی کوردستان لە سێکتەرە جۆراوجۆرەکاندا گەشە بکات و بە تەنها پشت بە نەوت و بە یەک سەرچاوە نەبەستێت، لێرەدا بۆ خەڵکی کوردستان گرنگە کە بەتەواوی لێیان ڕوون بێت، ئایا ئەمە تەنها دروشم بوو، یان کابینەی نۆیەم بە دروستی و کارزانانە بەڵێنەکانی بەجێگەیاند و هەرێمی کوردستانی بردە قۆناغێکی تر؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارەی سەرەوە، جێبەجێکردنی دەیان پرۆژەی گرنگ لە بوارەکانی ڕێگاوبان و وزە و کارەبا و کشتوکاڵ و دروستکردنی سایلۆ... هتد، سەلمێنەری ئەوەن کە کابینەی نۆیەم کابینەی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان و جێبەجێکردنی پرۆژە ستراتیژییە گرنگەکان بوو.
لەم وتارەمدا، مەبەستم نییە، دەستکەوت و پرۆژەکانی کابینەی نۆیەم ڕیز بکەم و ئاماژەیان پێبدەم، چونکە خەڵکی کوردستان شاهێد و گەواهیدەری دەستکەوت و خزمەتەکانی کابینەکەن و هاوکات شاهیدی سەرجەم ئەو قەیران و ئالێنگارییە ناوخۆیی و عێراقی و هەرێمیانەن کە کابینەی نۆیەم توانی ڕووبەڕوویان ببێتەوە.
چەند ڕۆژێک پێش ئێستا و بە دیاریکراوی لە 12/5/2025ـدا، سەرۆکوەزیران کاک مەسرور بارزانی، بە فەرمی (پرۆژەی چیمەنتۆ و کارەبای دابین)ـی ڕاگەیاند، کە یەکێکە لە گرنگترین پرۆژە پیشەسازییە ستراتیژییەکانی سەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق.
مەبەستمە لە چەند ڕووییەکەوە قسە لەسەر ئەم پرۆژە ستراتیژییە پیشەسازییە گرنگە بکەم:
یەکەم: بونیادنانی پرۆژەی پیشەسازیی گەورە لە کوردستان و عێراق کارێکی سەخت و ئەستەمە.
لای هەمووان ڕوونە، وڵاتانی پێشکەوتووی ئەورووپا و هەندێک لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ئاسیا، پێشەنگ و پێشبڕکێکاری بواری پیشەسازیین و وڵاتانی ئەم ناوچەیە و بە تایبەت عێراق و هاوشێوەکانی لە بواری پیشەسازییدا دواکەوتوون و لە کاروان بەجێماون، ئەمە وایکردووە کە پێشکەوتن لە سێکتەری پیشەسازیی لەم ناوچەیەدا، کارێکی ئەستەم بێت، بەڵام خۆشبەختانە کابینەی نۆیەم لەم بوارەشدا دەستەوەستان نەبوو، ئەم پرۆژە ستراتیژییە گرنگەشی خستە سەر خەرمانی دەستکەوت و پێشکەوتنەکانی بۆ کوردستان.
ئەم پرۆژەیە؛ جگە لە ڕەخساندنی (1200) هەزار و دوو سەد هەلی کاری نوێ، (6300) شەش هەزار و سێ سەد تۆن چیمەنتۆ، ڕۆژانە بەرهەم دەهێنێت.
دووەم: ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی بۆ هەرێمی کوردستان.
(پرۆژەی کارگەی چیمەنتۆ و کارەبای دابین)، لە لایەن کۆمپانیای (پاوەر چاینا) کە کۆمپانیایەکی هەرە گەورەی نیودەوڵەتییە، بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای (دابین) کە کۆمپانیایەکی خۆماڵییە، بە بەهای زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار جێبەجێکراوە.
هاتنی کۆمپانیایەکی گەورەی نێودەوڵەتی بۆ وەبەرهێنانێکی وەها گەورە لە هەولێر، سەلمێنەری ئەوەیە کە دڵنیایی و متمانەیەکی نێودەوڵەتیی گەورە هەیە بۆ سەقامگیری هەولێر و هەرێمی کوردستان، ئاخر ئەم وەبەرهێنانەی کە ئەم کۆمپانیایە لەم پرۆژەیەدا کردوویەتی بە ساڵێک و دوو ساڵ گوژمەی پرۆژەکەی دەستناکەوێتەوە و دوای چەندین ساڵ کارکردن لە هەرێمی کوردستان دەتوانێت ئەو پارەیەی دەستبکەوێتەوە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە وڵاتان و کۆمپانیا گەورەکانی جیهان، ستراژییانە و دوورمەودا مەبەستیانە لە کوردستان بن و کاری تێدا بکەن، متمانەیان بە حوکمڕانی ئێستای کوردستان و بەڵێن و بەرنامەکانی سەرۆکوەزیران هەیە و دەزانن کە کوردستان لە گەشەی بەردەوامدایە و چاویان لەوەیە کە هاوبەشیی بکەن لەو گەشەسەندنەدا.
بێگومان ڕۆڵی کۆمپانیای (دابین)ـیش وەک کۆمپانیایەکی کوردی خۆماڵی لەم وەبەرهێنانە گرنگەدا، زۆر بەرجەستە و گرنگە و جێگەی دەستخۆشی و پێزانینی زۆرە.
سێیەم: ژینگەپارێزی و گرێدانی لەگەڵ هەنگاوەکانی ئاوەدانی و پێشکەوتن.
گرنگیدان بە ژینگە و بنەمای ژینگەپارێزی، یەکێکە لە بنەما سەرەکی و پیرۆزەکانی ڕێبازی پیرۆزی بارزانی، پارتی دیموکراتی کوردستان و خودی جەنابی سەرۆکوەزیران، سوورن لەسەر پاراستن و لەبەرچاوگرتنی بنەمای ژینگەپارێزی لەهەر پرۆژە و هەنگاوێکی پێشکەوتن و ئاوەدانیدا، هەر بۆیە، لە کاتێکدا کە پیشەسازیی چیمەنتۆ بەگشتی پیسبوونی ژینگەی لێدەکەوێتەوە، بەڵام لەم کارگەیەدا لە ڕێگای بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو، فلتەری تایبەت دروستکراوە بۆ ئەوەی پاشماوە زیانبەخشەکان فلتەر بکرێن و کاریگەریی خراپیان لەسەر ژینگەی کوردستان نەبێت.
چوارەم: سەرکردەی لێهاتوو و کارزان.
ئەوەی لە پێشەکی و سێ خاڵی سەرەوەی ئەم وتارەدا ئاماژەی پێدراوە، بێگومان سەرکردە و حوکمڕانێکی کارزان و لیهاتوو و بە سەلیقەی لە پشتەوەیە و توانیویەتی وەک سەرۆکوەزیرانی کابینەی نۆیەم ڕابەرایەتیی ئەم دەستکەوت و پێشکەوتنانە بکات و بناغە و ژێرخانێک بۆ پیشەسازی و کشتوکاڵ و ئابووریی کوردستان بونیاد بنێت، زۆر لەوە دڵنیاین کە بە ڕابەرایەتیی کاک مەسرور بارزانی کابینەی دەیەم دەتوانێت ئەم ژێرخانە پیشەسازی و کشتوکاڵی و ئابورییەی خۆی بپارێزێت و بەهێزتری بکات و کوردستانمان هەمیشە ئاوەدانتر و سەقامگیرتر بکات.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
نوێترین بیروڕا
دۆناڵد ترەمپ چۆن بیر دەکاتەوە؟
2 کاتژمێر لەمەوپێش
لە نێوان هەرێم و بەغدا، بۆچی دەبێ لایەنی حكومەتی خۆمان بگرین؟
12 ئایار
هاوسەنگی لە سەردەمی گۆڕانکارییەکاندا
10 ئایار
ڤلادیمیر پووتین چۆن بیر دەکاتەوە؟
10 ئایار
هێڵکێشانێک بە ژێر وتارەکەی سوودانی دا
8 ئایار
لوتکەی بەغدا؛ بەرەو ڕێبازێکی نوێی عەرەبی
8 ئایار
شی جینپینگ چۆن بیر دەکاتەوە؟
6 ئایار
بەغدا لە نێوان میوانداریکردنی لووتکەی عەرەبی و ئالنگارییەکانی ناوخۆ
5 ئایار
دووبارە دواكەوتنی واژۆكەی تەیف سامی
5 ئایار
لەوێ بووین - لە ستایشی ڕەنگینیی دهۆکدا
3 ئایار
- بیروڕا
- 2 کاتژمێر لەمەوپێش
دۆناڵد ترەمپ چۆن بیر دەکاتەوە؟