
هەروەک ئەوەی سوودانی بە وەفدەکەی یەکگرتووی ئیسلامی بڵێ، "هاتنەکەتان ناوەختە و خۆشتان دەزانن بێ ئەنجامە"، بزەیەکی گاڵتەئامێزی بۆ کردن و کامێراکان ئەو بزە گاڵتەئامێزەیان تۆمار کردووە، کە پڕە لە دەلالەت و ڕەمزیەت، بۆ کەسانێک سەرنج بدەن.
نەک هەر ئەمە، بەڵکو سوودانی ڕوون و ڕاشکاو پێی وتون «ئێستە ئێوە بەم بەرە جەژنانە هاتوون من چیم پێ دەکرێت؟» سەیر لەوەدا بوو وەفدەکەی یەکگرتوو خۆیان ئەمەیان دەگێڕایەوە!
جا ئایا وەفدەکە لەم قسەیە تێنەگەیشتبوون؟، یاخود وەک وتەبێژێکی ئەمین ئەرکیان ئەوە بووە ورد و درشتی قسەکانی جەنابی سوودانی -کە وەزیرەکەی خۆشی حسابی بۆ ناکات- بۆ ڕای گشتی بگوازنەوە.
هەر ئەو ڕۆژەی وەفدەکەی یەکگرتوو، شاگەشکە ببوون بە بینینی سوودانی و پەیامە سواوەکانی و پاساوەکانیان بۆ ڕای گشتی دەگوازتەوە، هەر ئەو ڕۆژە وەزیرەکانی پارتی ناو حکومەتەکەی سوودانی وەک دەربڕینی ناڕەزایەتی و هەنگاوی یەکەم بۆ وەرگرتنی مەوقیفی تووند لە بەرامبەر یاریکردن بە پرسی مووچە و بودجە لەلایەن بەغداوە، بایکۆتی دانیشتنی ئەنجوومەنی وەزیرانیان کردبوو.
دەبوو ئەم بایکۆتە هەڵوێستی سەرجەم لایەن کوردستانیەکان بێت لە بەرامبەر یاریکردن بە هەست و کەرامەتی سەدان هەزار مووچەخۆری کوردستان.
جا ئەگەر وەفدی یەکگرتوو بەیەک دانیشتن ئاوا بکەونە ژێر کاریگەریی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، کەواتە خەیاڵ بکە ئەگەر بەشداریی حکومەتەکەی بن و ماوەی چوار ساڵ وەزیربن، ئەوکات چۆن شەرعیەت بە هەمو بڕیارێک دەدەن؟، ئەمە مەترسیدارە بەڕاستی!
لەم ناوەختەدا و لەم کاتەدا کە سوودانی لە هەمووکات بێ دەسەڵاتترە و خۆشی زیاد لە جارێک بۆ زیاد لە بەرپرسێ دانی پیاناوە کە بۆ ناردنی مووچە هیچی پێناکرێ و کارەکە لە دەستی ئەودا نییە، وەفدێکی چوار کەسیی لە پەرلەمانتارانی یەکگرتوو، کە سوور دەزانن هیچ لەم دانیشتنە سەوز نابێ، دەڕۆنە لای سوودانی و نەک بە مژدەی ناردنی مووچەوە نایەنە دەرەوە، بەڵکو بە کۆمەڵێک پاساو بۆ شەرعیەتدان بە بڕینی قووتی مووچە خۆرانی هەرێم دێنە دەرەوە.
فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە خۆیان نەپرسی: ئەگەر ئەو قسانەی ئەوان وەک وتەبێژی سوودانی خستیانەڕوو، وەربگێڕدرێتە سەر عەرەبی و ئینگلیزی، ئیدی چ شەرعیەتێک بۆ ناردنی مووچە لە بەغداوە بۆ هەرێم دەمێنێتەوە؟ کارەساتە نەیارەکەت لە ڕێگەی خۆتەوە شەرعیەت بە کوشتن و لەناوبردنت بدات.
وەفدی یەکگرتوو کە بێ هیچ سەڵاحیەت و بێ هیچ بەرنامەیەک چوونە لای سوودانی، ئەوەندە بە مەوقفێکی لاوازەوە هاتنە دەرەوە، مەوقیفی کوردیشیان لەبەرامبەر بەغدا بە خۆیانەوە لاواز کرد، ئەسڵەن وایان نیشاندا ئەو بڕە پارەیەش وەک مووچە لە ساڵانی ڕابردوودا دراوە بە کوردستان، سوودانی بە خێری خۆی ناردوویەتی.
ئەمە لە کاتێکدا بەغدا نەک هەقی نییە موچە ببڕێت، بەڵکو هەستاوە بە بڕینی بەشە بودجە و دەیان مافی تری کوردستان بەسەر ناوەندەوە، ئەمە جگە لە قەرەبووی ئەنفال و کیمیاباران و پشتگوێخستنی ماددەی 140کە هەر باسیش ناکرێت.
حاڵی وەفدەکەی یەکگرتوو رێک ئەو حاڵە بوو کە سەرۆک بارزانی دەیان جار هۆشداری داوە کە نابێت ئێمە وەک کورد بکەوینە ئەو مەقیفە لاوازەوە و دەفەرموێت، "ئێمە مووچە و بودجە وەک ماف لە بەغدا وەردەگرین، نەک وەک خێرو سەدەقە".
سەرۆک بارزانی دەیان جار تەئکیدی کردووەتەوە و هۆشداری داوە "بەغدا خێر بە ئێمە ناکات، ڕۆژێ موچە بنێرێ و دوان نەینێرێت، بەڵکو ئێمە مافمان بەلای بەغداوەیە، زۆر لە مووچە زیاتر".
بەڵام وەفدی یەکگرتوو پشت لەم گوتارە سەربەرزانە دەکەن و کزۆڵ و بێ زمان لەبەردەم سوودانیدا دادەنیشن و پاشانیش لەبری بێدەنگ بوون کە دانیشتنەکە ئەنجامی نەبووە، دێنە دەرەوە و شەرعیەت بە نەناردنی مووچە دەدەن.
پرسیاری سەرەکی میدیا لێرەدا ئەمەیە: ئایا وەفدی یەکگرتووی ئیسلامی بۆچی چوونە لای سوودانی؟ بۆ قسەکردن، یان بۆ گوێگرتن؟ ئەتوانین بڵێین، خودی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەم وەفدە چەند بێدەنگ و بێ قسە و بێ مەوقیف بوون لە لای سەرۆکوەزیرانی عێراق.
ئەو قسانەی لەزاری سوودانیەوە، بەرێز موسەننا ئەمین کردنی، چی نوێی تیابوو هەر دووبارەکردنەوەی هەمان قەوان نەبوو کە دەیان جار لە هەرێمەوە وەڵام دراوەتەوە؟!
لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا وەفدەکەی یەکگرتوو تەنها و تەنها پەیامەکانی سوودانیان گەیاندە دەرەوە و قسەیەکی خۆیان کە لەبەرامبەردا بە سوودانیا وتبێت، بە ئێمەی ڕۆژنامەوانان ڕانەگەیاند.
ئەو قسانەی لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە لەبری سوودانی کران، سەداسەد پێچەوانەی ڕاو بۆچوونەکانی بەڕێز پەرلەمانتار موسەننا خۆیەتی کە لە کۆتایی ساڵی ڕابردو ئاشکرای کردوون و ڕای گەیاندوون.
ئەو لە میوانداریەکی میدیایی دا کە ئەرشیف کراوە، دەڵێت: "ئەوەی حکومەتی عێراق بە هەرێمی دەکات فشار دروستکردن و هەوڵی هەڵوەشانەوەی هەرێمە، وەک کیانێکی دەستووری.
دەشڵێت: هەرچی بەڵێنێک کە بە وەفدە کوردیەکان دەدرێ کاتێک دەچنە لایان تەنها درۆیە. هەروەها دەشڵێت: ئەگەر هەرێم هەمو شتیێک ڕادەستی بەغدا بکات، ئەوان هێشتاش هەر بیانوو دەگرن.
ئەم قسانە لە کوێ و ئەو قسانەی کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکە لە کوێ کە سەرجەمی شەرعیەتدان بوو بە بڕیارێکی سیاسی کە لەلایەن کۆی هێزە سیاسیەکانی کوردستانەوە ڕەتکراوەتەوە و هەموان یەکدەنگن کە بەغدا زوڵم لە مووچەخۆرانی کوردستان دەکات.
ئەگەر یەکگرتووی ئیسلامی لەو دانیشتنە لەگەڵ سوودانی بە ئەنجامێکی جیاوازەوە بۆ ناردنی مووچە بهاتایەتە دەرەوە، بێگومان جێی دەستخۆشی بوو، بەڵام کە ئێستە نەک تەنها بێ ئەنجام هاتونەتە دەرەوە، وەک چاوەڕوان دەکرا، بەڵکو بە شەرعیەتدان بە بڕیارە زاڵمانەکەی میلیشیاکان و هێزە دەسترۆیشتووەکانی بەغدا هاتوونەتە دەرەوە، دەبێ لەبەرامبەر ئەم کارەدا بەرپرسیار بن و بەدڵنیایی نیشتمانپەروەرانی ناو هەمو حیزب و چین و توێژەکان بە یەکگرتوو خۆشیەوە دژی ئەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانیە بوون.
نوێترین بیروڕا
ئەحکام و ئاداب و حیکمەت و گەورەیی قوربانیكردن
4 حوزەیران
ئیرادەی گەلی کوردستان لە هەموو پیلانێکی قەیس خەزعەلی بەهێزترە
1 حوزەیران
تاوانی بڕینی مووچەی فەرمانبەران، لە ڕوانگەی یاسا و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان
31 ئایار
سیاسەتی ترەمپ: دەستێوەرنەدان
31 ئایار
سفرەمان خاڵی دەکەن.. بەڵام کاسەمان پڕبووە و لێی دەڕژێ
31 ئایار
ئێستا ئیتر کاتی یەکدەنگییە
29 ئایار
مێزە بچووکەکەی واشنتن: کلیلی گۆڕانکاری لە وزە و ئابووری هەرێمدا
27 ئایار
ئایا ڕێگای دووەم بوونی هەیە؟
25 ئایار
ئایا ڕاستە (وێسترن زاگرۆس) کۆمپانیایەکی کوردییە ؟
24 ئایار
بۆچی سزاکانی سەر سووریا هەڵدەگیرێن؟
24 ئایار
- بیروڕا
- 31 ئایار
سیاسەتی ترەمپ: دەستێوەرنەدان
- بیروڕا
- 29 ئایار
ئێستا ئیتر کاتی یەکدەنگییە