
شنگال و گوندەواری شنگال، ئەو شارەی کە بە بانگەشەی دەوڵەتی ئیسلامی ، بە بەرچاوی تەواوی مرۆڤایەتییەوە، هەتککراو سەدان هەزار کوردی ئێزدیی ئاوارەو سەرگەردان کران. هەزارانیان کوشتوبڕ و هەزارانیان وەک سەبایا ڕاپێچی بازاڕەکانی نخاسەی دەوڵەتی ئیسلامی کران. شار و کەلتوور و ئایینێکی هەزاران ساڵەی ڕەسەنی کوردستان لە غافڵگیری و لە ئەنجامی خیانەتی بەشێک لە هۆزە بەدەوییەکانی ناوچەکە، کەوتە ژێر دەستی سەدان چەکداری داعشی دڕندەی نێودەوڵەتی و تاڵان و وێران کرا. لەو ڕۆژە ڕەشەدا بەتەنیا ئێزدییەکان نەبوون کە بوونە قوربانیی توندڕەوی و دڵڕەقییەکی کەم وێنە ، بەڵکو کەرامەتی سەرجەم مرۆڤایەتی و کرۆکی پێکەوە ژیان و ژیاندۆستی و خودی ئایینی ئیسلامی میانڕەوو خوداناسییش، زەبری زۆر توندو ئازاربەخشیان پێکەوت.
ئەو ڕۆژەی کە شنگال و پێشتریش کە شاری مووسڵ و دەوروبەری کەوتنە ژێر دەست و پێڵاوی خوێناویی داعش، متمانە بە دەوڵەتی عێراقیش کەوتە بەرپێلەقەو بوو بە خەبار کانە. لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا، کە هێشتا جیهانی دیموکراسی و عەرەبی و ئیسلامی لە شیرینخەوی بێ ئاگاییدا بوون، چیای شنگال بوو بە پەناگەی دەیان هەزار ژن و منداڵ و پیر و گەنجی هەڵاتووی بێ چارەی چنگی تیرۆرستانی داعش و شارو گوندەکانیشیان بوونە گۆڕەپانی سەدان تاوانی پاکتاوی ئایینی و نەتەوەیی.
ئەمڕۆ، کە یازدەهەمین ساڵڕۆژی ئەم کارەساتە یاد دەکەینەوە، ئەو پرسیارانە دووبارەو سەد بارە دەکەینەوە کە هێشتا ویژدانی مرۆڤیاتەییان نەهەژاندووە : (بأي ذنب قتلت) ؟ بە چ تاوانێک هەزاران مرۆڤی بێ گوناه و ڕازی بە ژیانێکی سادە ، بەو دڕندەییە کوژران؟ کێ ژیان و تەمەنی بەهەدەرچووی کوردانی ئێزدی قەرەبوو دەکاتەوە ؟ 11 ساڵ هەرەسی تەندرووستی و نائومێدی و ئازاری چاوەڕوانی و مەینەتیی ئاوارەیی دەیان هەزار کوردی ئێزدی لە گەردنی کام دەوڵەت و کام سپۆنسەری تیرۆری جیهانی و ئیقلیمیدایە ؟ کێ دایکانی ڕفێنراو و کچانی لە بازاڕی نخاسە فرۆشراو و منداڵێتیی شێوێندراوی ژێر ئاڵای ڕەشی داعش دەگەڕێنێتەوە ؟
ئەو ئەقڵیەت و بیرو باوەڕە شۆڤینی و توندڕەوە ئایینییەی ئێمەی گەیاند بەم کارەساتە هێشتا زیندووە و خۆی مەڵاس داوە و چاوەڕێی دەرفەتێکە لە کەلێن و درزێکی نێوانمانەوە لە جاران دڕندانەتر پەلاماری ژن و ژیان و ئازادیمان بداتەوە . ساڵانێکە لەدوای ئازادکردنی شنگال و هەرەسپێهێنانی دەوڵەتی (ڕەش ئاڵاکان) لە بریی ڕێککەوتن و پاراستن و ئاوەدانکردنەوەی شارەکە، ناکۆکییەکی بێ تام و بێ مۆڕاڵ لە نێوان هێزە هەرێمی و ناوخۆییەکاندا لەسەر دەستەڵات، چارەنووسی شنگالی بە نادیاری هێشتۆتەوە و درێژەی داوە بە ئاوارەیی و سەرگەردانیی هەزاران خێزانی کوردی ئێزیدی ، وەک بڵێی ئازارو مەینەتیی 11 ساڵیان بەس نەبووبێت، ئازاری پەراوێزخستن و شەڕی نفوزیشی هاتۆتە بان .
شنگال پێویستی بە کۆنگرەو کۆڕ و سیمپۆزیۆمی ناو هۆتێلی 5 ئەستێرە نییە ! پێویستی بە بەیاننامەی سەرکۆنەو ناڕەزایی ساڵانە نییە. شنگال و ئێزدییان پێویستیان بە پڕۆژەیەکی نیشتیمانیی-کوردیی –نێودەوڵەتییە، کە ژن و ژیان و ئازادی و ئاوەدانییان بۆ بگێڕێتەوە ! پێویستیان بە دادپەروەرییە، کە قەرەبووی دوو جار تاڵان کردنیان بۆ بکاتەوە : جارێک بە شمشێرو ئاڵای ڕەشەوە، جارێکیش بە پەراوێزخستن و خۆ کەڕکردن لە ئاست هاوارو ئازارەکانیان!
یازدە ساڵ تێپەڕی، بەڵام هێشتا برینەکانی جەستەی شنگال و کوردانی ئێزدی خوێنیان لێ دەچکێ! (شنگال) زامی قووڵی ناخی هەموو کوردێک و کەرامەتی هەموومانە، پێوەری ئەخلاقیمانە، ناوەڕۆکی مرۆڤایەتیمانە.
نەمریی بۆ شەهیدان، ئازادی بۆ ڕفێندراوان، بوژانەوە و ئارامییش بۆ شنگال.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
نوێترین بیروڕا

سەرۆكوەزیرانی هەمووان ڕێگەنادات مەشخەڵی "نەورۆز" بكوژێتەوە
4 تشرینی دووەم
فیستیڤاڵی هەنار ژیاندۆستیی و مەزنی شارێک نیشاندەدات
2 تشرینی دووەم

غیابی پەروەردە و فێرکردن لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی عێراقدا
1 تشرینی دووەم

چاکسازیی بانکی لە عێراق و هەرێمی کوردستان: ئاییندەیەک لە نێوان چەکوش و سندان و پرسیارە چارەنووسسازەکان
1 تشرینی دووەم

هەڵبژاردن لە عێراق.. دیموکراسییەکی بێ دەرئەنجام و دەنگدانێکی بێ بەها
1 تشرینی دووەم

شۆڕشی ئاوەدانی مەسرور بارزانی
23 تشرینی یەکەم

هات.. دەستی ئاوەدانی مەسرور بارزانی بەرەو سلێمانی هات
19 تشرینی یەکەم

"كردمان، نەک دەیكەین"؛ قۆناغی نوێی بانگەشەی هەڵبژاردن
15 تشرینی یەکەم

هەڵبژاردن و دووبارە دڵنیاکردنەوە لە فرە جەمسەریی لە عێراقدا
14 تشرینی یەکەم

ڕووی ڕاستەقینەی ئیسلام ترسە یان خۆشەویستی؟
14 تشرینی یەکەم
- بیروڕا
- 2 تشرینی دووەم
فیستیڤاڵی هەنار ژیاندۆستیی و مەزنی شارێک نیشاندەدات
- بیروڕا
- 23 تشرینی یەکەم
شۆڕشی ئاوەدانی مەسرور بارزانی





