ڕەوتی دژە کۆچبەریی بەریتانیا و چارەنووسی کۆچبەرانی عێراقی لە سیاسەتی ئەو وڵاتەدا
- بیروڕا
- 14 ئەیلوول

چەند ڕۆژی ڕابردوو بەریتانیا خۆپیشاندانێکی تووند و فراوانی ڕاستڕەوەکانی بەخۆوە بینی، کە بووە هۆی گرژیی زیاتر لە نێوان دژە کۆچبەران و لایەنگرانی کۆچ. ئەمە بەشێکە لەو پرس و باسەی تایبەت بە کۆچبەری کە بووەتە پرسێکی سیاسیی گەرم لە وڵاتانی ڕۆژئاوا. بەریتانیاش دەیەوێت ڕووبەڕووبووی کۆچی بە لێشاوی کۆچبەران ببێتەوە؛ ئەو کۆچبەرانەی کە لە کێشەکانی وەک شەڕ، هەژاری، گۆڕانی کەشوهەوا یان گۆشەگیریی سیاسیی وڵاتەکانیان هەڵدێن و لەوێ بەدوای ژیانێکی باشتردا دەگەڕێن.
مشتومڕەکە لە نێوان حکومەتی بەریتانیا و خۆپیشاندەرانی دژە کۆچبەری خۆی لە چەند خاڵێکدا دەبینێتەوە کە هەر یەک لە لایەنەکان ڕووبەرووی یەکتری دەکەنەوە و بە بەرژەوەندیی خۆیانی دەزانن. حکومەتی بەریتانیا وا لە بەرنامەکان لە بارەی کۆچبەران دەروانێت کە لە چەند ڕوویەکەوە کاریگەریی باشی هەیە لەسەر پلان و سیاسەت و کۆمەڵگەی بەریتانیا. لە ڕووی پاڵپشتیی ئابووری و بازاڕی کارەوە، کۆچبەران دەتوانن کەموکورتیی دەستی کار لە کەرتە گرنگەکان پڕ بکەنەوە؛ بەتایبەتیش لە کەرتەکانی تەندروستی، کشتوکاڵ و بیناسازی. ئەمە لە کاتێکدایە ،کە ئێستا بەریتانیا ڕووبەرووی پیربوونی دانیشتوان دەبێتەوە، بە جۆرێک کە ژمارەی کەسانی بەساڵاچوو زیاترە لە ژمارەی گەنجان. لە ڕوانگەی حکومەتی بەریتانیاوە بوونی کۆچبەران دەتوانێت پارێزگاری لە هاوسەنگیی ئەو دیمۆگرافیایە بکات. لە هەمان کاتیشدا، کۆچبەرانی گەنج زیاتر بەشدار دەبن لە باجدان بە دەوڵەت. هەروەها هەڵگری هەڵی کاری نوێن و ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ دابینکردنی بودجەی خانەنشینی لە وڵاتێکدا کە ڕێژەیەکی زۆر کەسانی بەساڵاچووی تێدایە.
حکومەتی بەریتانیا پێیوایە بوونی کۆچبەران فرەچەشنی کولتووری و زانستی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، چونکە کۆچبەری هەمەجۆریی کولتووری هێناوەتە بەریتانیا و گەورە شارەکانی وەک لەندەن و مانچستەری کردووەتە ناوەندێکی جیهانی. هەربۆیە، بە فرەیی بە سەرچاوەیەکی هێزی نەرم بۆ بەریتانیا دادەنرێت لەسەر ئاستی جیهان. بە جۆرێک کە لە سایەی کۆچ و هەمەجۆرییدا، بەریتانیا بووەتە نەتەوەیەکی کاریگەر لە بواری ڕۆشنبیری و هونەریی وەک مۆسیقا، سینەما و وەرزش.
لە لایەکیتر، خۆپیشاندەرانی دژە کۆچبەر کۆمەڵێک پاساو دەخەنە ڕوو و پێیان وایە هەبوونی کۆچبەر لە وڵاتەکەیان مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر بەرژەوەندییەکان. هۆکارەکانیان زۆر و ئاڵۆزن کە هۆکاری ئابووری، کولتووری، سیاسی و ئەمنیی لەخۆدەگرن. دژە کۆچبەران پێیان وایە کۆچبەران هەلی کار بۆ هاوڵاتیانی ناوخۆیی کەم دەکەنەوە و زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان گوشار دەخاتە سەر کەرتەکانی تەندروستی، پەروەردە و نیشتەجێبوون. هەندێک لە خۆپیشاندەران کۆچکردن دەبەستنەوە بە زیادبوونی ڕێژەی تاوان و مەترسییە ئەمنییەکان؛ ئەوان پێیانوایە ئەوانەی کە وەک پەنابەر ڕوو لەو وڵاتانە دەکەن هەڵگری بیر و ئایدۆلۆژیایی توندڕەوی و کێشە و تاوانن - هەرچەندە زۆرجار توێژینەوەکان نیشانی دەدەن کە پەیوەندییەکە لاوازە یان ناڕاستەوخۆیە.
بەشی هەرە زۆری خۆپیشاندەرانی دژە کۆچبەران باوەریان وایە کە کۆچبەرانی نایاسایی دەبنە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی. بەشێک لە هاوڵاتیان خۆپیشاندانەکان وەک گوشارێک لەسەر سیاسەتی حکومەت بەکاردێنن بە شێوەیەک کە حکومەت ناتوانێت بە شێوەیەکی گونجاو کۆنترۆڵی پرسی کۆچبەری بکات. ئەمەش وایان لێدەکات دژایەتیی سیاسەتەکانی ئێستا بکەن. جیا لەمەش پرسی کۆچبەران هەمیشە کاریگەری هەیە لە هەڵبژاردن و میدیا و دواجاریش کاریگەری لەسەر بیروڕای گشتی هەیە. هەروەها، بەشێک لە هۆکارەکان هۆکاری کولتووری و کۆمەڵایەتین کە خەڵکی بەریتانیا سوورن لەسەری و هەمیشە هەوڵی پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و یەکگرتنی کۆمەڵایەتیی خۆیان دەدەن. بەریتانییەکان هەمیشە ترسی لەوەیە کە کولتووری بنەرەتیی بەریتانی بە هێنانەکایەی کولتوور و زمانی نوێ گۆڕانکاری بەسەردا بێت. ئەوان لە تێکەڵبوونی کۆچبەران لەگەڵ کۆمەڵگەی بەریتانیا نیگەرانن و پێیان وایە ئەمە دەتوانێت ببێتە هۆی دروستبوونی گرووپی نەتەوەیی یان ئاینیی دیکە. کۆچبەرانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش کە لە بەریتانیان، لە ژێر کاریگەری ئەو هەوڵ و خۆپیشاندانانەی دژە کۆچبەراندان. ئەوانیش وەک هەموو کۆچبەرانی تر بەدەر نین و ئەم خۆپیشاندانانە کاریگەرییەکی بەرجەستەیان لەسەریان دەبێت. بە شێوەیەکی گشتی، ئەم ڕەوتە دژە کۆچبەرییە دەبێتە هۆی ئەوەی پەنابەرانی عێراقی لە ڕەهەندە کۆمەڵایەتییەکەیەوە زیاتر هەست بە گۆشەگیریی کۆمەڵایەتی و نامۆیی بکەن. ئەمەش جارێکی دیکە دەبێتە هۆی گرژیی زیاتر و بارودۆخی دوژمنکارانە لە گەرەکەکان و شوێنی کاردا درووست دەکات. بەمەش ڕووبەڕووی جیاکاری و هەراسانکردن و ئازاردانی زارەکی و جەستەیی دەبنەوە. بۆیە لەگەڵ زیاتربوونی هەست و بیری دژە کۆچبەریدا، کاریگەرییە دەروونییەکان و دڵەراوکێ و خەمۆکیی لە ناو کۆچبەراندا زیاتر دەبێت. ئەم لێکەوتانە کاریگەری دەکاتە سەر کەمیی متمانەبەخۆبوونیان و لە بەشدارییان لە کۆمەڵگەدا لاوازیان دەکات.
لە لایەکیتریشەوە، کاریگەریی ئابووری بەدوای خۆیدا دەهێنێت و دەرفەتی کار لەبەردەم کۆچبەران کەم دەبێتەوە و ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئابووریی وڵاتەکە و گرانبوونی دەستی کار دەبێت. بە هەمان شێوە، ئەگەری هەیە دەرفەتەکانی خوێندن بۆ قوتابیانی بیانی و عێراقی کەمتر ببێتەوە و مەرجەکان قورستر بکرێن، چونکە بە هەمان چاوی کۆچبەران لەوانیش دەڕوانرێت، بەو پێیەی زۆرینەیان سپی پێست نین و موسوڵمانن. بە شێوەیەکی گشتیش، پشکی شێر لە گۆرانکارییەکان بەر لایەنە سیاسی و لایەنە یاساییەکە دەکەوێت کە دەشێت گۆڕینی حکومەت و پەرلەمان و یاساکان بە دوای خۆیدا بێنێت. ڕەنگە گوشاری توندی خۆپیشاندەران پاڵ بە حکومەتەوە بنێت سیاسەتی سەبارەت بە پرسی کۆچبەران بگۆڕێت. گۆرانکاریش لە سیاسەتی حکومەت، دیدگاکان بەرەو سیاسەتێکی بەرتەسکتر دەبات و دەبێتە هۆی ئەوەی بەرنامەکانی پشتیوانیی کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزارییە تەندروستی و پەروەردەییەکان بۆ کۆچبەران کەم بکرێنەوە. بە هەمان شێوە ڕێکارە یاساییەکان توندتر بکرێن؛ وەک سەختگیری لە سەلماندنی پەنابەری و داواکردنی بەڵگەنامەی زیاتر و وردتر کە ئەمەش دەبێتە هۆی ئاڵۆزی لە پێداچوونەوەی کەیسەکاندا و داواجاریش درێژبوونەوەی کاتی بڕیاردان لەسەر چارەنوسی کۆچبەران. هەروەها ئەگەری بەرزبوونەوەی ڕێژەی ڕەتکردنەوەی داواکارییەکانی بەدەستهێنانی مافی کۆچبەری، لە ژێر کاریگەریی ڕەوتی سیاسیی ڕاستڕەوی توندڕەودا زۆر زیاتر دەبێت. چاوەڕێ دەکرێت ئەوەی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و بەریتانیا سەبارەت بە پرسی کۆچبەران دەگوزەرێت گورانکاڕی ڕیشەیی بەدوای خۆیدا بهێنێت. بەشێوەیەکی گشتی ئەم خۆپیشاندان و چالاکییانەی دژ بە کۆچبەران دەتوانن ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ڕەوت و پرسی کۆچبەران لەو وڵاتانی کۆچبۆکراو و کۆچلێکراو دروست بکەن.
نوێترین بیروڕا
سەرۆک مەسعود بارزانی.. فریادڕەسی ئێزدییەکان
12 کاتژمێر لەمەوپێش
بە کەمکردنەوەی ڕێژەی سوو بۆچی نرخی زێڕ دابەزی؟
20 کاتژمێر لەمەوپێش
شیعە "بەیعەت بە داعش دەدەن" و سەلەفییەت گوێڕایەڵی "حاکمیەتی شیعە" دەکەن
20 کاتژمێر لەمەوپێش
ئاڤا میدیا لە یەكەم ساڵی تەمەندا، چیتر ماوە بیبەخشێت؟
15 ئەیلوول
سەرە قەڵەمێک لە ساڵیادی ئاڤا میدیادا؟
15 ئەیلوول
ئاڤا؛ ئەو دەنگ و ڕەنگە بزێوەی سنوورەکانی تێپەڕاند
15 ئەیلوول
ئایا جەنگ لەناوچەكەمان دەستپێدەکاتەوە؟
14 ئەیلوول
سەرۆک بارزانی؛ سیمبولی پێشمەرگە
6 ئەیلوول
(پێشمەرگە) لە ناو دڵی (پاریس) دا؛ چیرۆکی ئازایەتی و مەردایەتی
6 ئەیلوول
ئارما؛ لە نێوان باڵندەی کامەرانی و گورگی خیانەتدا
30 ئاب
- بیروڕا
- 12 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆک مەسعود بارزانی.. فریادڕەسی ئێزدییەکان
- بیروڕا
- 20 کاتژمێر لەمەوپێش
بە کەمکردنەوەی ڕێژەی سوو بۆچی نرخی زێڕ دابەزی؟
- بیروڕا
- 20 کاتژمێر لەمەوپێش
شیعە "بەیعەت بە داعش دەدەن" و سەلەفییەت گوێڕایەڵی "حاکمیەتی شیعە" دەکەن
- بیروڕا
- 15 ئەیلوول
سەرە قەڵەمێک لە ساڵیادی ئاڤا میدیادا؟