شیعە "بەیعەت بە داعش دەدەن" و سەلەفییەت گوێڕایەڵی "حاکمیەتی شیعە" دەکەن
- بیروڕا
- 18 کاتژمێر لەمەوپێش

عەلی ئەعڕەجی
ڕۆژنامەنووسی عێراقی

وێنەی ئاماژەیی بوونی داعش لەنێو شیعە
دوای ساڵی 2003، عێراق جۆرەها ڕێگەی لە ململانێ سیاسییەکانیدا تاقی کردەوە؛ لە گۆڕینی یاسا، سوودوەرگرتن لە ناپاکی، گرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاریی نهێنی، لەکەدارکردنی ناوبانگ و ساختەکاری، بەڵام خوێنڕشتن لەپشت پەردەی "بیرۆکە"وە خۆی حەشاردابوو، هەرچەندە پەیوەندی بە سیاسەتەوە هەبوو. ئەوەی مەترسی ململانێ فکرییەکە زیاتر دەکات، تەنیا تووندوتیژییەکەی نییە، بەڵکو توانایەتی بۆ ڕاکێشانی خەڵک و تێکەڵکردنیان تێیدا، وەک ئەوەی لە شەڕە مەزهەبییەکاندا ڕووی دا.
ئەوەی پاڵنەر و تووندڕۆیی فکری بەهێز دەکات، بوونی وەڵامە ئامادەکراوەکانە، هەروەها دۆزینەوەی بەڵگە لە هەڵسوکەوتی لایەنێکدا کە هاوتایە لەگەڵ بیروباوەڕ و تێڕوانینی نەرێنی پێشوەختە کە لایەنی بەرامبەر هەیەتی. بۆیە دەرکەوتنی هەر بیرۆکەیەکی نوێی "تێکەڵاو" لەناو هەر ڕەوتێکی فکریدا، وەک "زیانێکی بەسوود" دەبێت، چونکە زیانی زۆربوونی ڕەوتە فکرییەکان و سەرهەڵدانیان لەناو چوارچێوە سەرەکییەکاندا، زیادکردنی پەرتبوون و ناکۆکییە. بەڵام لە هەمان کاتدا، بیرکردنەوە لەناو هەر سیستمێکدا نوێ دەکاتەوە و وەڵامە ئامادەکراوەکان دەشکێنێت، کە ئەمەش وا دەکات تووندڕەوی بەرامبەر ئەوانی تر کەمتر بێتەوە.
"شیعە بەیعەت بە داعش دەدەن"
شکاندنی وەڵامە ئامادەکراوەکان لە چەندین ڕووداودا لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا لە عێراق دەرکەوتن. ئەم ڕووداوە ئەمنییانە پەیوەندییان بە ململانێی بیروباوەڕی تاکەکەسی و سەرهەڵدانی ڕەوتگەلێکەوە هەبوو لەو شوێنانەی کە پێشبینی نەدەکرا لێیان سەرهەڵبدەن. بۆ نموونە بیری "داعش" دەتوانێت بچێتە ناو مێشکی کەسانێکەوە کە لە ژینگە و خێزانی شیعەدا گەورە بوون و هانیان بدات بۆ ئەوەی هێرش بکەنە سەر زیارەتکاران. لە لایەکی ترەوە، سەلەفییەت "گوێڕایەڵی حاکمییەتی شیعە" دەکەن. هیچ شتێک ڕوونتر نییە لەم دوو ڕووداوە بۆ شکاندنی وەڵامە ئامادەکراوەکان و هاندان بۆ دووبارە بیرکردنەوەی ناوخۆیی و هەڵسەنگاندنی خود.
مانگی ئابی ڕابردوو، لە ڕۆژانی زیارەتی چلەی ئیمام حوسێندا، تۆڕێکی 23 کەسی تێکشکێنرا، کە ژنێکیشیان تێدابوو. هەموویان خەڵکی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور بوون و سەر بە ڕێکخراوی داعش بوون. پلانیان دانابوو هێرش بکەنە سەر زیارەتکارانی چلە. ئەمە ڕاگەیاندنێکی نائاسایی بوو کە کەس پێشبینی نەکردبوو. مێشکی ئەم تۆڕە لە ڕێگەی کتێب و ناوەڕۆکی جیهادییەوە "شۆردراوەتەوە" و خرانە ناو گرووپەکانی ڕۆشنبیریی ئایینییەوە، بە شێخەکانەوە بەسترابوونەوە و هاندرابوون بۆ بەیعەتدان بە سەرکردایەتی داعش. پلانەکە ئەوە بوو ئەم کەسانە بۆمبی چێندراو لەسەر ڕێگەی زیارەتکاران دابنێن، ژەهر بخەنە ناو خواردنەکان و کاروانە خزمەتگوزارییەکانیش بسووتێنن.
تەواوی ئەم کارانە لەلایەن کەسانێکەوە دەکران کە لە ژینگە و خێزانی شیعەدا پەروەردە بوون و گەورە بوون، نەک لە مەزهەبەکانی تر. ئەمەش لەلایەن شارەزای ئەمنی نزیک لە دەزگا هەواڵگرییەکانی عێراق، فازڵ ئەبو ڕەغیف، لە لێدوانە تەلەڤیزیۆنییەکانیدا پشتڕاست کرایەوە.
"سەلەفییەکان گوێڕایەڵی حاکمیەتی شیعە دەکەن!"
لە هەمان چوارچێوەی "شتە سەیرەکانی فکری" و شکاندنی یاسا گشتییەکان، چیرۆکی "سەلەفییەتی مەدخەلی" سەری هەڵدا. عێراقییەکان سەبارەت بە "سەلەفییەت" هیچیان نەدەزانی جگە لەوەی کە "تەکفیری"ن و هیچ نموونەیەکیان لەبەردەستدا نەبوو جگە لە داعش و قاعیدە. بەڵام لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا، کاتێک ڕاوێژکاریی ئاسایشی نیشتمانی بڕیارێکی بۆ "قەدەغەکردنی سەلەفیەتی مەدخەلی" دەرکرد، ڕەوتێکی فکریی شاراوە دەرکەوت کە سنوورەکانی مزگەوتەکان بوو و زۆری لێوە نەدەزانرا.
دوای بڕیاری قەدەغەکردنی مەدخەلییەت و کاردانەوەکانی دواتر لەلایەن هەندێک هێزی سوننەوە کە بڕیارەکەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانییان ڕەت کردەوە، تا ئەو کاتەی ڕاوێژکارییەکە لە بڕیارەکەی پاشگەز بووەوە، گفتوگۆ سەبارەت بە بڵاوبوونەوە و تێهەڵکێشانەی بیری سەلەفی لە مزگەوتەکاندا دەستیپێکرد، بەتایبەت لە ناوچەکانی پشتێنەی بەغدا. بەڵام سەیرتر ئەوە بوو، سەلەفییەکان بە ڕیشی درێژ و پۆشاکی کورتەوە لە کەناڵە ئاسمانییەکاندا دەردەکەوتن و لەگەڵ قاسم ئەعڕەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆدەبوونەوە، وەک شێخ ئەبو مەنار عیلمی، یەکێک لە شێخەکانی سەلەفییەت، بۆ قسەکردن لەسەر "پشتگیریکردنی ڕەوتی سەلەفی بۆ دەوڵەت و شەڕکردن دژی تیرۆر کە داعش نوێنەرایەتی دەکات". ئەم تێکەڵییە لەوانەیە بۆ بەشێکی زۆری گەلی عێراق سەیر بێت.
بەڵام ئەم چیرۆکە زۆر تێکەڵاویی تێدابوو، چونکە "ڕەوت یان گرووپێکی جیاواز یان دیاریکراو بە ناوی مەدخەلییەتەوە" نییە. بۆیە بڕیاری قەدەغەکردنیان بە واتای قەدەغەکردنی سەلەفییەت بە گشتی دەهات. هەرچەندە شێخانی سەلەفی لە عێراق خۆیان بەدەست لادان و گومڕایی مەدخەلییەتەوە دەناڵێنن و دژی بڵاوبوونەوەیان وەستاونەتەوە. تەنانەت "ئەبو مەنار عیلمی" کە لە میدیاکاندا وەک یەکێک لە سەرکردەکانی مەدخەلییەت ناسێنرا و لە میوانداری قاسم ئەعڕەجی دەرکەوت پێش ئەوەی قەدەغەی مەدخەلییەت لاببرێت، خۆی لە مەدخەلییەت بێبەری کرد لەو کاتەدا. هەروەها ئێستا هەڵمەتێکی گەورەی "بێبەریبوون" لەم ڕەوتە بەڕێوەدەبات لەگەڵ ژمارەیەک لە شێخەکانی سەلەفییەت لە پارێزگاکانی عێراق. ئەمەش بەو واتایە دێت کە "ئەبو مەنار عیلمی" و شێخەکانی تری سەلەفییەتی ناسراو پێیان وابوو "قەدەغەکردنی مەدخەلییەت بە واتای قەدەغەکردنی سەلەفییەت دێت"، بۆیە بەرگری لە مەدخەلییەت وەک ڕەوتێکی ئایینی نەدەکرد کاتێک لەگەڵ ئەعڕەجی دەرکەوت، چونکە هیچ شتێک مەدخەلییەت لە سەلەفییەت جیاناکاتەوە. بەڵکو ڕەبیع مەدخەلی کە مەدخەلییەت دەدرێتە پاڵی و پیاوێکی ئایینی سعوودییە، "ئەبو مەنار عیلمی" شێخی سەلەفییەت لە پارێزگای سەلاحەدین بە "فاسق" دادەنێت.
شایەتحاڵەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە مەدخەلییەت ڕەوتێکی دیار و ڕوون نییە، بەڵکو کۆمەڵێک گەنجی سەلەفین کە شێخەکانی خۆیان لە عێراق ڕەت دەکەنەوە. چونکە ڕەبیع مەدخەلی، یەکێک لە شێخەکانی سەلەفییەت لە سعوودیە، ئەوانی بە گومڕاکەر و پێچەوانەی بنەما و بیرۆکە سەلەفییەکان دادەنێت.
مەبەست لەم تێگەیشتنە جیاوازە ئەوەیە، دوای ئەوەی عێراقییەکان سەلەفییەت تەنیا وەک تووندڕەوێک دژی مەزهەبەکانی تر و دەرهێنانی چەک دژی دەوڵەت و بە کافر زانینی سیستمی سیاسی عێراق دەناسی، ئەمڕۆ ڕوون دەبێتەوە کە سەلەفییەتی بوونی لە مزگەوتەکانی عێراقدا جەخت لەسەر گوێڕایەڵیکردنی فەرمانڕەوا دەکاتەوە. ئەمەش تەنیا بنەمای سەلەفییەتی مەدخەلی نییە، بەڵکو بنەمای سەلەفییەتی "ناجیهادی" بە گشتییە کە ئێستا لە عێراقدا هەیە، یان ئەوانەی پێیان دەوترێت "مورجیئە". جیاوازی نێوان ئەوان و سەلەفییەتی جیهادی کە داعش نوێنەرایەتی دەکات، ئەوەیە کە سەلەفییەتی ناجیهادی ئەنجامدەرانی تاوانە گەورەکان بە "بێباوەڕ" نازانێت یان پێی وانییە زیان بە ئیمانیان دەگەیەنێت، بەپێچەوانەی سەلەفییەتی جیهادی. هەروەها دۆستایەتیکردنی کافر کاریگەری لەسەر ئیمان نییە، وەک ئەبو مەنار عیلمی دەڵێت، کە ڕێگەی بە "گوێڕایەڵیکردنی بریمەر" و حەڵاڵکردنی یارمەتیکردنی بیانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕژێمی سەدام حوسێن دا. لێرەدا سەلەفییەتی "مورجیئە" جەخت لەسەر پێویستیی گوێڕایەڵیکردنی فەرمانڕەوا دەکاتەوە تەنانەت ئەگەر کافریش بێت و جیهاد دژی هێزە ئەمنییەکان حەرام دەکات، بەڵکو تەنانەت خۆپیشاندانیش دژی دەوڵەت حەرام دەکات.
قوربانیی عەقیدە لە "دیموکراسیی عێراقدا"... کێ فەرمانڕەوایە کە گوێڕایەڵیکردنی واجبە؟
هۆکاری ناکۆکیی فیقهی لە نێوان مەدخەلییەت و شێخەکانی سەلەفییەت لە عێراقدا دیار نییە. بەڵام شێخەکانی سەلەفییەت کە دەستیان کردووە بە ئاگادارکردنەوە لە مەترسیی مەدخەلییەت، ئەوان بەوە وەسف دەکەن کە "زیادەڕەوی لە ڕەخنەگرتن و خەوشدارکردن"دا دەکەن، واتە زیادەڕەوی دەکەن لە پۆلێنکردنی شێخەکانی سەلەفییەت و بە هەڵەدانانیان و بە بێتوانا زانینیان بۆ ئەوەی ببنە شێخی سەلەفییەت بەهۆی دژایەتیکردنیان بۆ هەندێک لە بیرۆکەکانی "ڕەبیع مەدخەلی".
ناکۆکیی دووەمی پێشبینیکراو کە ڕەنگە سیاسی بێت، ئەوەیە کە ناکۆکییەکە لە واتای "گوێڕایەڵیکردنی فەرمانڕەوا"دا بێت. کێ فەرمانڕەوایە کە گوێڕایەڵیکردنی واجبە؟ ئایا سەرۆکی سیاسییە کە نوێنەرایەتی پێکهاتەی سوننی دەکات؟ یان سەرۆکوەزیران و سەرکردە سیاسییەکان بەگشتی لە چوارچێوەی هەماهەنگییەوە؟ دیارە ناکۆکی سیاسی لە نێوان هەموواندا هەیە و گوێڕایەڵیکردنی یەکێک بە واتای پێچەوانەی ئەوی تر دێت.
گوێڕایەڵیکردن... "بیرۆکەیەکی سەرنجڕاکێش بۆ دروستکردنی ڕەوتێکی سەدری سوننی!"
بیرۆکەی گوێڕایەڵیکردنی فەرمانڕەوا لەوانەیە بۆ سیاسەتمەداران سەرنجڕاکێش بێت. هەندێک لە سیاسەتمەداران هەوڵ دەدەن ئەم بیرۆکەیە بقۆزنەوە بۆ بەدەستهێنانی شوێنکەوتوو و ڕەوتێکی ئایینی بەهێز، ئەگەر قەناعەتیان پێبکەن کە ئەو "فەرمانڕەوایە کە گوێڕایەڵیکردنی واجبە". یان بەلایەنی کەمەوە وەک هێزێکی ئایینی جەماوەری کاریگەر بیانقۆزنەوە بۆ هەڕەشەکردن لە هێزە سیاسییەکان و دەسەڵاتە حکومییەکان بەوەی گوێڕایەڵییان دەدەنێ وەک فەرمانڕەوا یان بیرۆکەی ئەوەی کە ئەوان فەرمانڕەوای ڕاستەقینەن دەگۆڕن. ئەمە بیرۆکەیەکی سەرنجڕاکێشە بۆ ئەگەری دووبارەکردنەوەی ئەزموونێکی سوننی کە لە ئەزموونی سەدرییەکان دەچێت، بە بەدەستهێنانی گوێڕایەڵییەکی ڕەهای ئایینی بۆ سەرکردەیەکی دیاریکراو لەژێر ناونیشانی "گوێڕایەڵیکردنی فەرمانڕەوا".
ئەوەی ئەم پێشنیازە بەهێز دەکات، تۆمەتبارکردنی شێخەکانی کۆڕبەندی فیقهی و شێخەکانی سەلەفییەتە بە بوونی ڕەوتێکی سیاسی کە "توانا دەدات" بەم ڕەوتە مەدخەلییە. بەڵام دیار نییە مەبەست کام ڕەوتی سیاسییە؟ ئەگەر بیروڕاکان و میدیاکان بەرەو ئەو باوەڕە ڕۆیشتبن کە مەبەست ڕەوتی خەمیس خەنجەرە، ئەوا ڕووداوەکان لەوانەیە ئەم باوەڕە دووربخەنەوە. بۆ نموونە خەمیس خەنجەر تۆمەتبار دەکرێت بەوەی "لە ئیخوان موسلمینە"، ئەمانەش سەرسەختترین دوژمنی سەلەفییەت بەگشتی و مەدخەلییەتن بەتایبەتی. ئیخوان موسلمین ڕێگە بە جووڵەی سیاسی ئۆپۆزیسیۆن دژی سەرۆکەکان دەدەن بە پێچەوانەی سەلەفییەتی مورجیئە. هەروەها خەنجەر تەنیا ئەو کەسە نییە کە دژایەتی قەدەغەکردنی مەدخەلییەتی کردووە، بەڵکو ئەحمەد جبووری "ئەبو مازن"یش، کە ناسراوە بەوەی بە بنەڕەت ئیسلامی نییە، هەمان کاری کردووە.
لە بەرامبەردا زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پارتێکی شیعە لەپشت "بەهێزکردنی مەدخەلییەت"ـەوەیە دژی شێخە سەلەفییەکان، جگە لە هاوبەشیکردنی ئەم پارتە شیعەیە لەگەڵ پارتێکی سیاسی سوننی. لە بەرامبەردا لایەنە جیاوازەکان وەقفی سوننی تۆمەتبار دەکەن بەوەی لە پشت "بەهێزکردنی" مەدخەلییەتەوەیە لە مزگەوتەکاندا، ناشزانرێت کە وەقفی سوننی شوێنکەوتەی سیاسەتێکی دیاریکراو بێت، بەڵام ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە بوونی پەیوەندی لەگەڵ عەسائیبی ئەهلی حەق دەکەن.
نوێترین بیروڕا
سەرۆک مەسعود بارزانی.. فریادڕەسی ئێزدییەکان
11 کاتژمێر لەمەوپێش
بە کەمکردنەوەی ڕێژەی سوو بۆچی نرخی زێڕ دابەزی؟
18 کاتژمێر لەمەوپێش
ئاڤا میدیا لە یەكەم ساڵی تەمەندا، چیتر ماوە بیبەخشێت؟
15 ئەیلوول
سەرە قەڵەمێک لە ساڵیادی ئاڤا میدیادا؟
15 ئەیلوول
ئاڤا؛ ئەو دەنگ و ڕەنگە بزێوەی سنوورەکانی تێپەڕاند
15 ئەیلوول
ئایا جەنگ لەناوچەكەمان دەستپێدەکاتەوە؟
14 ئەیلوول
ڕەوتی دژە کۆچبەریی بەریتانیا و چارەنووسی کۆچبەرانی عێراقی لە سیاسەتی ئەو وڵاتەدا
14 ئەیلوول
سەرۆک بارزانی؛ سیمبولی پێشمەرگە
6 ئەیلوول
(پێشمەرگە) لە ناو دڵی (پاریس) دا؛ چیرۆکی ئازایەتی و مەردایەتی
6 ئەیلوول
ئارما؛ لە نێوان باڵندەی کامەرانی و گورگی خیانەتدا
30 ئاب
- بیروڕا
- 11 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆک مەسعود بارزانی.. فریادڕەسی ئێزدییەکان
- بیروڕا
- 18 کاتژمێر لەمەوپێش
بە کەمکردنەوەی ڕێژەی سوو بۆچی نرخی زێڕ دابەزی؟
- بیروڕا
- 15 ئەیلوول
سەرە قەڵەمێک لە ساڵیادی ئاڤا میدیادا؟
- بیروڕا
- 14 ئەیلوول
ئایا جەنگ لەناوچەكەمان دەستپێدەکاتەوە؟