سەرۆک مەسعود بارزانی.. فریادڕەسی ئێزدییەکان

سەرۆک مەسعود بارزانی.. فریادڕەسی ئێزدییەکان

وێنەی سەرۆک بارزانی، گرافیک: ئاڤا


سەرۆک مەسعود بارزانی تەنها سەرکردەیەکی سیاسی، یان تەنیا ڕێبەرێکی نەتەوەیی مێژووی نوێی کوردستان نەبووە، بەڵکو بەردەوام ویژدانێکی زیندووی بەرپرسیار بووە، هەڵگری ئازار و برینەکانی هەموو خەڵکی کوردستان بووە، بە تایبەتی ئێزدییەکان کە بۆ ماوەی دەیان ساڵە ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی و پەراوێزخستن و فەرامۆشکردن بوونەتەوە. ئەو هەمیشە پشتیووان و دەنگیان بووە لە کاتی ناخۆشییەکاندا، قەڵغانێک بووە لە بەرامبەر هەوڵەکانی سڕینەوە و لەناوبردنیان.

کاتێک لە ساڵی 2005، بڕگە و ماددەکانی دەستووری نوێی عێراق دەنووسرانەوە، سەرۆک بارزانی سووربوو لەسەر ئەوەی کە مافی ئێزیدییەکان بچەسپێندرێت وەک "ئایینێکی ڕەسەن"، نەک وەک پەراوێزێک بە شەرمەوە زیاد بکرێن. ئەو ویستی ئەوان بەشێکی دانەبڕاوبن لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی کوردستان و عێراق، بۆ ئەوەی خاوەنی پێگە و مافە تەواوەکانی خۆیان بن و کەرامەتیان پارێزراو بێت.

بە هەوڵی سەرۆک بارزانی، دەقە دەستوورییەکە بۆ دانپێدانانێکی مێژوویی گۆڕدرا، کە شایەتحاڵی ئێستا و ئایندەیە پێکەوە، کە ئەم ئایینە، سەرەڕای هەموو هەوڵە بەردەوامەکانی کۆمەڵکوژی، نەسڕایەوە.

هەروەها سەرۆک بارزانی سووربوو لەسەر ئەوەی کە ئێزدییەکان نوێنەریان لە کابینەی وەزاری حکوومەتی فیدراڵی بە سەرۆکایەتیی 'ئەیاد عەللاوی' هەبێت، بۆیە وەزارەتی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی بەشی ئەوان بوو، دوای ئەوە وەزارەتی دەوڵەت، ئەم هەنگاوە نەک تەنها بنەمای شەراکەتی چەسپاند، بەڵکو هاوکات هاوسەنگی پێکهاتەیی و دانپێدانان بە تایبەتمەندی ئەوانیشی وەک بەشێکی ڕەسەنی پێکهاتەی عێراقی فرە نەتەوە و ئایین ڕەنگدایەوە.

کاتێک هاوینی ساڵی 2014 دڕندەترین کابووس ڕووی لە ئێزیدییەکان کرد و شنگال کەوتە دەست داعش، سەرۆک مەسعود بارزانی زۆر بە زوویی بڕیارێکی مێژوویی بۆ ڕزگارکردنی شنگال دا. لە ساڵی 2015 سەرکەوتن بە خوێنی پێشمەرگە تۆمارکرا، بۆ ئەوەی ڕایبگەیەنێت ئەو خاکەی تیرۆر ویستی قوتی بدات، تەنها بە ئیرادەی ئازادیخوازان دەگەڕێتەوە.

لەو ڕۆژەدا، سەرۆک بارزانی تەنها بەرگری لە پارچە زەوییەکی جوگرافیایی نەدەکرد کە لە دڵی کوردستان دابڕابوو، بەڵکو پارێزگاری لە ناسنامەیەکی هەڕەشەلێکراو بە لەناوچوون دەکرد، پارێزگاری لە بوونێک دەکرد کە ویستیان لە ڕیشەوە دەریبهێنن، ئەویش ناسنامەی ئێزدییەکان بوو کە پیاوەکانیان سەربڕدران، ژنەکانیان بە کۆیلە کران و منداڵەکانیان لە ئامێزی دایکان ڕفێندران.


کاتێک کچانی ئێزدی لە دەست داعش ڕزگاریان بوو، سەرۆک بارزانی وەک سەرکردە یان ڕێبەرێک قسەی لەگەڵ نەکردن، بەڵکو وەک باوک و برایەکی گەورە پێی ڕاگەیاندن کە ئەوان کچی کوردستانن و ئەوان شانازی و شکۆن، کەرامەتیان نابێت بشکێندرێت.

ئەو وشانە تەنها دەربڕین نەبوون لە گوتارێکدا، بەڵکو بوونە سەرچاوەیەکی ئەخلاقی ڕیشەدار، کە پێگەی قوربانییەکانی گەڕاندەوە و یادی بەکۆمەڵیان لە ویژدانی تەواوی گەلێکدا پاراست.

لەبەر ئەوەی سەرکردایەتیی لای سەرۆک بارزانی تەنها شمشێرێک نەبوو لە مەیدانی جەنگدا، بەڵکو دادپەروەریش بوو لە سیاسەتدا، بۆیە سەرۆک بارزانی زۆر گرنگیی دا بەوەی کە ئێزیدییەکان بەشدارییەکی سیاسیی ڕاستەقینەیان هەبێت، بەشداری لە بڕیارداندا بکەن و پۆست وەربگرن، بۆ ئەوەی بە پەراوێز نەمێننەوە. شانازییەکی شەخسی بوو بۆ من کاتێک سەرۆک بارزانی پلەی وتەبێژی فەرمی بە ناوی بارەگای بارزانی پێ بەخشیم، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوون بوو کە متمانە لای جەنابی سەرۆک تەنها دروشمێک نییە بەرز بکرێتەوە، بەڵکو کردار و پراکتیزەیە.

لە ساڵی 2022، لە کاتی پێکهێنانی حکوومەتی فیدراڵیدا، سەرۆک بارزانی هەوڵێکی زۆری دا بۆ ئەوەی دەنگی ئێزیدییەکان لە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵیدا مسۆگەر بکات، وەک باوەڕێک کە بەشداری سیاسی تەواو نابێت ئیللا بە نوێنەرایەتی ڕاستەقینە، نەک تەنها لە دەسەڵاتی یاساداناندا، بەڵکو لە دەسەڵاتی جێبەجێکردنیشدا. بەڵام هەندێک لایەن لە بەغدا وەک عادەتی هەمیشەییان هەوڵیاندا دیمەنی پەراوێزخستنی پێشتر دووبارە بەرهەم بهێننەوە، ڕەتیان کردەوە کە ئێزیدییەک پۆستی وەزاری وەربگرێت، وەک ئەوەی چەرخی مێژوو هێشتا لە شوێنی خۆیدا بسوڕێتەوە!

زۆرن ئەو هەڵوێستانەی کە ئێمەی ئێزیدی ناتوانین نادیدەیان بگرین، ئەوان شاهیدی زیندوون لەسەر وەفاداری لە سەختترین کاتەکان و دژوارترین ڕۆژەکاندا.

لە ڕەحمی ئەو ساتانەوە، هەستێکی شانازی و سەربەرزی و سوپاسگوزاری لە ناخماندا نوێ دەبێتەوە بۆ سەرچاوە و سەرکردەیەک کە ڕۆژێک دەستبەرداری دۆزەکانمان نەبووە و ڕێگەی نەدا ناسنامەمان لە بوون بسڕێتەوە. سەرۆک مەسعود بارزانی، لە هەموو هەڵوێستێکدا، سەلماندی کە ئەو دەنگی دادپەروەرییە بۆ هەموو پێکهاتەکانی کوردستان و ڕووناکی وەفادارییە لە سەردەمێکدا کە پڕە لە بێهیوایی و تەحەدیات، ڕێگای نەوەکانی داهاتوو بە چەسپاویی پرەنسیپەکان و ڕیشەداریی هەڵوێستەکان ڕووناک دەکاتەوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: