هه‌وراز گوڵپی برانده‌، كۆپی ناكرێت

هه‌وراز گوڵپی برانده‌، كۆپی ناكرێت

هەرگیز کۆپی وەکو ڕاستەقینە نییە


هەموو براندێکی باش کۆپی دەکرێت، به‌ڵام هه‌رگیز نابێت به‌و، هه‌رگیز كۆپى نابێت به‌ براند، به‌ڵكو زۆر به‌ ئاسانی له‌یه‌ک جیا ده‌كرێنه‌وه‌.

چه‌ند بته‌وێت لاسایی بكه‌یته‌وه‌ و كۆپى بكه‌یت، كاره‌كه‌ت بێسوود و نه‌زۆكه‌، چونكه‌ هه‌رگیز كۆپى وه‌کو ڕاستەقینە نییه‌ و ئه‌میان تامى ئه‌ویان نادات.

ئه‌مڕۆ هه‌ورازه‌كه‌ى ئێمه‌ و گوتار و فۆرمى ئیشكردنى میدیایی ئاڤا، ئه‌و گرفته‌ى هه‌یه‌، هه‌ر كه‌س هه‌ڵده‌ستێت لاسایی ده‌كاته‌وه‌ و كۆپى ده‌كاته‌وه‌، ئه‌مڕۆ دژایه‌تیت ده‌كه‌ن و سبه‌ى كۆپیت ده‌كه‌نه‌وه‌، چه‌ند عه‌یبه‌!

كه‌ ئێمه‌ ده‌ستمان پێكرد به‌ ده‌یان میدیا پێش ئێمه‌ هه‌بوون، هه‌مووان وه‌کو یه‌ک ئیشیان ده‌كرد، دووباره‌ى یه‌كتر.

 بۆ ئێمه‌ش زۆر ئاسان بوو ڕێچكه‌ى ئه‌وان بگرین و ئه‌وان چى ده‌كه‌ن ئێمه‌ش بیكه‌ینه‌وه‌ هیچ خۆ ناڕه‌حه‌ت كردنێكى تێدا نەبوو، به‌ڵام نه‌خێر ئێمه‌ بڕیارماندا وه‌کو خۆمان ئیش بكه‌ین، هه‌ڵگرى ناسنامه‌ و ڕێچكه‌ و ڕێباز و شێوه‌ى ئیشكردن و دیدگاى تایبه‌ت به‌ خۆمان بین.

ڕاستگۆیانه‌، بێ ترس و بێ شه‌رم ده‌ستمان پێكرد، له‌ قسه‌ى كه‌س نه‌ترساین، پرسیاری ئەوەشمان نەکرد فۆڕمى ئیشكردنمان به‌دڵى كێ ده‌بێت و بە دڵی کێ نابێت، گرنگ ئەوەبوو ئه‌زموونێكى نوێ بخه‌ینه‌ ناو میدیای كوردییه‌وه‌، نه‌ک ژماره‌یه‌كى بچووک بین له‌پاڵ ژماره‌كانى تردا.

هه‌موو ئه‌و میدیایانه‌ى تر شتى باش و خراپیان هه‌بوو، به‌ڵام ئێمه‌ هه‌موو ئه‌وه‌مان بۆخۆیان بەجێهێشت، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ شتێک بكه‌ین ئه‌وانى تر نه‌یكه‌ن، تا مانایه‌ک بۆ بوونمان هه‌بێت تا شتی دووبارە پێشكەش بە بینەر نەكەین.

 جا ئه‌م ئه‌زموونه‌ نوێیه‌ ئه‌م جیاوازیی و تاقانه‌ بوونه‌، باشبێت یاخود خراپ، سه‌ركه‌وتوو بێت یا نا، بینه‌رى هه‌بێت یان نەبێت، ئه‌وه‌ خۆمان له‌ شكست و سه‌ركه‌وتنى به‌رپرسیار ده‌بین.

بەمشێوەیە دەستمان پێكرد و هه‌وراز هاته‌خوارەوە، كاتژمێر حه‌وتمان بۆ هه‌واڵى سه‌ره‌كى هه‌ڵبژارد، له‌ برى لۆدى كاتژمێر هه‌شت كه‌ هه‌رچى تەلەڤیزیۆنە وه‌كو یه‌ک له‌ كاتژمێر هه‌شت هه‌واڵى سه‌ره‌كییان هه‌بوو، وه‌ک ئه‌وه‌ى ئه‌مه‌ش یه‌كێک بێت له‌ ستانداردە میدیاییه‌كان!

ئه‌مه‌ ستانداردی میدیایی نییه‌، به‌ڵكو ئه‌مه‌ ترسە لە داهێنان  و نیشانه‌ى نه‌بوونى خه‌یاڵی میدیاییە.

تاقانە و بە تەنیا خۆمان ڕێچکەی خۆمان گرتە بەر، بێ ترس لە کاتژمێر حەوت هاتینە خوارەوە، لەبری سووریش مۆرمان کردە هەواڵی خێرا، مووچە و گرفتە سەرەکییەکانی خەڵکمان کردە بابەتی ڕۆژ و هەواڵی یەکەممان. 

ڕووبەڕوو و بێژەرەکانمان لەگەڵ بینەرانمان کەوتنە قسەکردن، بە زمانی خۆی و بەوشێوەی لێی تێدەگات، بۆ هەموو چین و توێژە جیاوازەکان، بە گێڕانەوە و لەپێش هەمووشیانەوە بە ڕاستگۆیی و ڕاشکاوییەوە. 

بینەرمان بۆ شاشە گەڕاندەوە، بێژەرمان لای بینەر خۆشەویست کرد، بەشێوەیەک بە کەمتر لە ساڵێک هەورازە تاقانەکەی ئێمە بە خۆشەویستییەوە خرایە سەر شان.

خه‌ڵكمان برده‌ ناو ستۆدیۆی هه‌واڵ و هه‌واڵیشمان برده‌ ناو ماڵەكان، ئه‌مه‌ش ته‌نها به‌هۆى  ئه‌وه‌ى داهێنانمان كردووە و بڕیارماندا وه‌کو ئه‌وانى تر نه‌بین وه‌کو خۆمان بین.

هه‌ورازه‌كه‌ى ئێمه‌ یه‌كه‌م كه‌س بوو ڕەخنەی ئاڕاستەی هەمووان کرد، قسه‌ى دڵى خه‌ڵكى كرد، بێ ترس و بێ جیاوازى ئه‌وه‌ى پێى وابوو هه‌قه‌ و قسه‌ى خه‌ڵكه‌ هه‌ر له‌ ساڵى یه‌كه‌مدا داى به‌ گوێى نوێنه‌رانى كورد له‌ به‌غدا، ئێستا تازه‌ به‌تازه‌ قۆپی چییەکان بە سەقەتی دەیانەوێت ئەمە دووبارە کۆپی بکەنەوە و هێشتا ناشوێرن. 

ئێستا ئەوانەی تر چی دەکەن؟، دووبارە بێ شەرمانە چی دەکەین، دەیکەنەوە. 

بەلاتانەوە سەیر نەبێت؛ هەندێکییان پێشنیاریان بۆ دەزگاکانیان کردووە، هەوراز گوڵپی بە زیرەکی دەستکرد دروستبکەنەوە! ناکرێت، بەڵام چاوەڕێبن هاکا ئەوەشیان کرد. 

جا کاتێک کۆپیمان دەکەن بەڵام دژایەتیشمان دەکەن، پێ بە پێ هەنگاوەکانمان دووبارە دەکەنەوە، تەنانەت هەندێکییان فێربوون دەڵێن: "گوێ لەم چیرۆکە بگرن بۆتان باس دەکەم". 

هەر ئەم ماوەیە بە 55 میدیا و پەیج دژایەتیی هەورازەکەی ئێمەیان کردووە، بەڵام نەگەیشتوون بە تاڵێک لە سمێڵی مەردایەتیی و کوردایەتییەکەشی، چونکە ئەو ڕاستگۆیانە و ڕاستەقینە و نواندن ناکات، هەروەها ستایلی کەسیش دووبارە ناکاتەوە.

کۆپیکردنەوەی فۆڕمی کارکردنی ئاڤا میدیا بۆ ئێمە کێشەیە، چونکە ڕێز نەگرتنە لە مافی خاوەندارییەتی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ئاڵنگارییە خێزانی ئاڤا زیاتر هان دەدات بۆ داهێنانی نوێ و خستنە بازاڕی براند و ستایلی کارکردنی نوێ کە لە هیچ شوێنێکی دیکە نەکرابێت و نەبیسترابێت. 

ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ ئێمه‌ ده‌یكه‌ین سبه‌ى نایكه‌ینه‌وه‌، شتێكی دیكە دەكەین، ئه‌وانیش ده‌بێت سبه‌ی ئه‌وه‌بكه‌ن كه‌ ئێمه‌ دوێنێ كردبوومان، ئەمەش واتای ئەوەیە ئه‌وان هه‌میشه‌ ده‌بێت كۆپى ئێمه‌ بكه‌نه‌وه‌ چونكە خۆیان هیچیان پێ نییە، ئێمه‌ش ئه‌ركمانه‌ (نوێ و تایبه‌ت) پێشكه‌شى بینه‌ره‌كانمان بكه‌ین، چونكە هەگبەی خەیاڵی  ئاڤا میدیا هێشتا زۆر زۆری تێدایە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: