زیاتر لە 90%ـی کارەکانی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر تەواو بووە

شەیری بکە لە:
زیاتر لە 90%ـی کارەکانی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر تەواو بووە

دیمەنی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر. وێنە؛ محەممەد شوانی

ئاڤا نیوز

زیاتر لە 90% کارەکانی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر تەواو بووە و دوو مانگی داهاتوو هەولێر پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێوە.

چیرۆکی سەرەکی: کارەکانی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە و ئێستا ئاو گەیشتووەتەوە زیاتر لە 35 گەڕەکی هەولێر و کەسنەزان و بنەسڵاوە و دارەتوو، لە ئایندەیەکی نزیکیشدا سەرجەم کارەکانی تەواو دەبن و ڕۆژانە 480 هەزار مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە بۆ هاونیشتمانیان دابین دەکات.

لێدوانی فەرمی: ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان بە ئاڤای ڕاگەیاند: زیاتر لە 90%ـی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاو تەواو بووە، ئەوەشی ماوەتەوە بە چڕی کاری تێدا دەکرێت، بۆیە پێشبینی دەکرێت لە کۆتاییەکانی مانگی 11ـی ئەمساڵ لە 100% پڕۆژەکە تەواو بکرێت و بخرێتە خزمەتی هاووڵاتیانەوە.

زانیاریی زیاتر: بە گوتەی ئاری ئەحمەد، بە یەکتربەستنەوەی تۆڕە ناوخۆییەكانی دابەشكردنی ئاو و پرۆژەی فریاگوزاریی خێرا لە سنووری شەش شارەوانییەکەی هەولێر لە قۆناغی کۆتایی دایە، ئێستا لە سنووری شارەوانییەکانی دوو و سێ کاریان تێدا دەکرێت و لە ئایندەیەکی نزیکدا بە کۆتا دێت، ئاوی پڕۆژەکەش گەیشتووەتە زیاتر لە 35 گەڕەکی شاری هەولێر و دەوروبەری، بە تەواوبوونیشی نزیکەی دوو ملیۆن هاونیشتمانی لێی سوودمەند دەبن و سەردەمێکی نوێ لە شاری هەولێر دێنێتە کایەوە.

لەلایەکی دیکەوە: پێشتر موخلیس حاجی محەممەد، خاوەنی کۆمپانیای بزنس دەی بۆ خانووبەرە بە ئاڤای ڕاگەیاند: گەیشتنی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر بە گەڕەکەکان، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی زەوی و خانوو دەبێت، بەمەش جموجۆلی تەواوی خستووەتە بازاڕەوە.

باکگراوند: ڕۆژی 8ـی ئەیلوولی 2024ـ، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بەردی بناغەی گەورەترین پڕۆژەی ئاوی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ شاری هەولێر دانا، بە یەکێک لە پڕۆژە هەرە گەورەکانی خزمەتگوزاری دادەنرێت و کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و کەمئاوی بۆ نزیکەی نیو سەدە لە هەولێر دوور دەخاتەوە و دەرگای چەندین پرۆژەی دیکەی خزمەتگوزاری بۆ کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ