ئیدارەی خۆسەر هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنامەی دیمەشق و هەسەدە بۆ ئاڤا ئاشکرا دەکات

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز

نوێنەری ئیدارەی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتننامەی 10ـی ئاداری 2025 لەنێوان دیمەشق و هەسەدە، پابەند نەبوونی حکومەتی دیمەشقە بە ڕێککەوتنەکەوە.

وێنە گەورەکە: لە دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی ئەسەد لە کۆتایی ساڵی ڕابردوو، سیستمی سووریا گۆڕانکاری بەسەرهات، لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکانیش ڕێککەوتنێک لەنێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی واژۆکرا، یەکێک لە خاڵەکانی نێو ڕێککەوتنەکە بریتی بوو لە تێکەڵکردنەوەی هێزەکانی هەسەدە بە هێزەکانی سوپای سووریا، بەڵام ئەو ڕێککەوتنە تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە.

لێدوانی فەرمی: عەبدولسەلام ئەحمەد، نوێنەری ئیدارەی خۆسەر لە لوبنان لە کاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 1ـی ئاڤا گوتی: "بەپێی ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق، دەبێت چەکداری بیانی لە نێوان ڕیزەکانیان دەربکرێن و بنێردرێنەوە وڵاتەکانیان" هەسەدە هیچ چەکدارێکی بیانی لە ڕیزەکانی نەهێشتووە، بەڵام زیاتر لە 20 هەزار چەکداری میسری و وڵاتە بیانییەکان لە ڕیزەکانی سوپای ئێستای حکومەت دان."

زانیاریی زیاتر: بە گوتەی عەبدولسەلام ئەحمەد، "ئەو 20 هەزار چەکدارە، هەر هەموویان ناویان لە لیستی تیرۆردا هەیە و تاوانبارن، تەنانەت وڵاتەکانیان داوای گەڕانەوەی چەکدارەکانیان لە شەرع کردووە، بەڵام دیمەشق ڕەوانەیان ناکاتەوە"، بەهۆی ئەوە،" ئێمە متمانەمان بەو چەکدارانە نییە تا هێزەکانی خۆمان تێکەڵ بە ئەوان بکەین و بیانکەین بە یەک سووپا".

ئەوەی پێویستە بیزانیت: جارێکی دیکە ئەمریکا هاتووەتە سەرهێڵ و پەیامی بە هەسەدە و دیمەشق داوە، تاوەکو کێشەکانیان بە دیالۆگ چارەسەر بکەن و پەلە بکەن لە دروستکردنی سوپایەکی یەکگرتوو.

لەلایەکی دیکەوە: دوێنی هەینی ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا، لە دیدارێکدا لەگەڵ میدیای فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاند: دانوستانەکان لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) "هێواش بوونەتەوە و هەر بیرۆکەیەکیش بۆ دابەشکردن "ئەستەمە"، سووریا "قبوڵی ناکات و واز لە یەک بست لە خاکەکەی ناهێنێت".

ئاماژەی بەوەکرد هەسەدە "نوێنەرایەتیی تەواوی پێکهاتەی کورد ناکات" و پێکهاتەی عەرەب لە ناوچەکەدا "زیاتر لە 70% پێکدەهێنێت".هاوکات وتی، دانوستانەکانیان لەگەڵ هەسەدە لەسەر جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتننامەی نێوانیان بە باشی بەڕێوەدەچوون، بەڵام ئێستا پرۆسەکە خاو بووەتەوە و "تووشی جۆرێک لە پەککەوتن" بووە. 

باکگڕاوند: بە پێی ڕێککەوتننامەی 10ـی ئاداری 2025، کە هەریەک لە ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) واژۆیان لەسەر کرد، هێزەکانی سووریای دیموکرات دەبن بە بەشێک لە سوپای نیشتمانی سووریا، بەرپرسانی تورکیا و ئەمریکا و فەرەنسا بەردەوام ناڕەزایەتی دەردەبڕن لە دواخستنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەکە و بە هۆکاری پشێوی و تێکچوونی ئاسایش و سەقامگیری ئەو ناوچەیە ناوی دەبەن.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ