لە دهۆک بەتۆمەتی گەندەڵی بەرپرسی ژمێریاری بەڕێوەبەرایەتییەک دەستگیر دەکرێت

شەیری بکە لە:
لە دهۆک بەتۆمەتی گەندەڵی بەرپرسی ژمێریاری بەڕێوەبەرایەتییەک دەستگیر دەکرێت

ئاڤا نیوز

بەرپرسی بەشی ژمێریاری بەڕێوەبەرایەتییەک لە دهۆک بەتۆمەتی گەندەڵی و دزینی سەدان ملیۆن دینار لەڕێگای تەزویکردن و دەستکاریکردنی وەسڵ دەستگیر دەکرێت.

چیرۆکی سەرەکی:
سەرچاوەیەکی تایبەت سەبارەت بە دۆسییەی گەندەڵی بەرپرسی بەشی ژمێریاری بەڕێوەبەرایەتییەک لە دهۆک بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاندووە، بەرپرسەکە لە ماوەی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر وەسڵی پڕکردووەتەوە بە بیانووی کڕینی پێداویستی بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکە، لەکاتێکدا ئەو وەسڵانە بۆ پێداویستییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەکارنەهاتوون و ئەو پارەیەی بۆی خەرج کراوە، هیچی پێ نەكڕدراوە، یان لە وەسڵەکان پارەی زیادەی نووسیوە، بۆنموونە ئامێرێک بە 100 هەزار دینار کڕدراوە بەڵام لەسەر وەسڵ 250 هەزار دیناری نووسیوە.

زانیاریی زیاتر:  ڕۆژهات لوقمان، پەیامنێری ئاڤا لە دهۆک، بەوردی بەدواداچوونی بۆ بابەتەكە  کردووە و لەگەڵ عەمید حەسەن خورشید، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی دهۆک قسەی کردووە، دەڵێت: بەرپرسەکە بۆ هەولێر بانگ کراوە، بەڵام گەندەڵی نەکردووە.


زانیاریی تایبەت: هاوکات سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆ بە ئاڤای ڕاگەیاند: بەرپرسەکە بۆ ماوەی هەفتەیەک لە هەولێر دەستگیر کرابوو و گومانی بردنی سەدان ملیۆن دیناری لەسەرە، بەڵام دوای هەفتەیەک بەکەفالەت ئازاد کراوە، لێکۆڵینەوەش لەسەر ئەم دۆسیەیە بەردەوامە، لیژنەیەک پێکهێنراوە و لەم ڕۆژانە دەگاتە ئەنجامی کۆتایی.

لەلایەکی دیکەوە: ئاڤا بەدواداچوونی زیاتری بۆ ئەو بابەتە کردووە، زانیاری ئەوەمان دەستکەوتووە لە دەستەی دەستپاکی کوردستان دوو دۆسیەی دیکەی گەندەڵی لەسەر بەڕێوەبەرایەتییەکەی دهۆک کراونەتەوە.

یەکێکیان تایبەتە بە خەمڵاندنی زیانەکانی سووتانی بازاڕێک، زیاتر لە پێویست پارە بۆ قەرەبووکردنەوەیان نووسراوەوە، ئەم دۆسیەیە لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە.

کەیسی دووەم تایبەتە بە کڕینی کەلوپەل بۆ هەمان بازاڕ، گەندەڵی لە گرێبەستە کراوە و بەپێی ئەو تایبەتمەندییانەی لە گرێبەستەکە نووسراون، کەلوپەلەکان نەکڕاون، لەجیاتی ئەوە کەلوپەلی کوالیتی نزمتر دابین کراون.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ