لە بەغدا حەشدی شەعبی ڕێگری لە ئۆپەراسیۆنێکی دژەتیرۆر دەکات

شەیری بکە لە:
لە بەغدا حەشدی شەعبی ڕێگری لە ئۆپەراسیۆنێکی دژەتیرۆر دەکات

دیمەنی هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا. وێنە؛ دژەتیرۆر

ئاڤا نیوز

بەهۆکاری ئەوەی هێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییان لەگەڵ دایە و چاودێری پێگەکانیان دەکەن، لە قەزای تارمیەی باکووری بەغدا هێزەکانی سەر بە دەستەی حەشدی شەعبی ڕێگرییان لە ئۆپەراسیۆنێکی دەزگای دژەتیرۆری عێراق دژی داعش کرد، لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکەشدا درۆنەکانی دژەتیرۆر پەکخراون.

وێنە گەورەکە: قەزای تارمیە لە چوارچێوەی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی دەوروبەری بەغدای حەشدی شەعبییە و ئاسایشی ئەو ناوچەیە لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەوان دایە، بەهۆی ئەوەشی قەزاکە هاوسنوورە لەگەڵ پارێزگاکانی سەڵاحەددین، دیالە و ئەنبار و دەیان ناوچەی کشتووکاڵیی و باخی تێدایە، بۆیە هەمیشە وەک مەترسییەک و لانەی گرووپی چەکداریی سەیر دەکرێت و سەرکردەکانی حەشد وەک بۆمبێکی چێنراو بۆسەر ئاسایشی پایتەخت ناوی دەبەن.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: دەزگای دژەتیرۆری عێراق بڵاویکردەوە، بە فەرمانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و دادگا، هێزەکانیان بەهاوکاری فیرقەی شەشی سوپا، ڕۆژی 15ـی ئەیلوول لە قەزای تارمیەی باکووری بەغدا هەڵمەتێکی کێوماڵکردنی داعشیان دەستپێکرد، هەڵمەتەکەش دوای ئەوە هات کە جووڵەی چەکدارانی ئەو ڕێکخراوە بەوێنە و بەڵگەوە سەلمێنرابوو.

زانیاریی زیاتر: بەپێی ڕاگەیێنراوەکەی دژەتیرۆر، لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا یەکێک لە درۆنەکان لەکارکەوت و دواتر بۆیان دەرکەوت ئەو هێزەی ئەمنییەی لەوێدا بوونی هەبوو، ڕەتیکردەوە ڕێگە بە هاتنی هێزی دژەتیرۆر بۆ ناوچەکە بدات هەرچەندە دڵنیاییشی پێدرا کە هێچ هێزێکی هاوپەیمانانیان لەگەڵدا نییە و ئۆپەراسیۆنەکەشیان بەگوێرەی ڕێکارە سەربازیی و هەواڵگرییەکانە، دواتریش هێزی دژەتیرۆر ئەو ئەرکەی پێی سپێردرابوو جێبەجێی کرد و بەبێ هیچ بەرکەوتن و ئاستەنگییەک بۆ بارەگاکانی خۆی گەڕایەوە.

دەزگای دژەتیرۆری عێراق جەختیش لە پابدبوونی خۆی بە پاراستنی یەکڕیزی نیشتیمانیی و بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکان دەکاتەوە، تا لە ڕیشەدەرهێنانی سەرجەم پاشماوەکانی داعش.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ