گرووپێک بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی دیکەی نێوان هەولێر و بەغدا پێکدەهێنرێت

شەیری بکە لە:
گرووپێک بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی دیکەی نێوان هەولێر و بەغدا پێکدەهێنرێت

دیمەنی دەروازەیەکی سنووری پەیکەری پێشمەرگە. گرافیک؛ ئاڤا میدیا

ئاڤا نیوز

بەمەبەستی کارکردن لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان، بەتایبەت پرسی ماددەی 140 و دەروازە سنوورییەکان، گرووپێک لەنێوان هەولێر و بەغدا پێکهێنراوە، لە ڕێگەی گرووپێکی وەتسئەپەوە بەشێوەیەکی بەردەوام گفتوگۆ دەکەن بە پێی ڕووداوەکان.

چیرۆکی سەرەکی: گرووپێکی دانوستانکاری نوێ لەنێوان هەولێر و بەغدا، بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکان پێکهێنرا. ئەم گرووپە کە لە نۆ ئەندام پێکدێت، دوای چارەسەرکردنی کێشەکانی مووچە و نەوت، ئێستا سەرنج دەخاتە سەر بابەتی ماددەی 140 و دەروازە سنوورییەکان.

لە عێراق، د.فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە، بەنگین ڕێکانی، وەزیری ئاوادانکردنەوە و نیشتەجێکردن، د.خالید شوانی، وەزیری داد، د. هەڵۆ عەسکەری، وەزیری ژینگە، و د.فەرهاد نیعمەتوڵڵا، جێگری ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەندامن.

لە کوردستانیش، د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، د.ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، د.عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی، و د.پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، ڕۆڵی دانوستانکار دەبینن.

زانیاریی بەدەستهاتوو: بەپێی زانیارییەکان، ئەم بەرپرسانە گرووپێکیان لە وەتسئەپ دروستکردووە و ڕۆژانە، دوو ڕۆژ جارێک یان هەفتانە گفتوگۆ دەکەن بەپێی ڕووداوەکان. کارەکانی گرووپەکە درێژخایەن دەبێت و هەر کێشەیەک لەنێوان هەولێر و بەغدا بێتە پێشەوە، ئەوان کاری لەسەر دەکەن بۆ چارەسەرکردنی. پێکهاتەی گرووپەکە بەپێی گۆڕانکاریی حکومەتەکان دەگۆڕێت.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: گرووپەکە بۆ درێژمەودوایە، لەمەودواش هەر گرفتێک لەنێوان هەولێر و بەغدا بێتە پێشەوە ئەوان کاری لەسەر دەکەن بۆ چارەسەرکردنی، بەپێی حکومەتەکانیش ئەندامەکانی دەگۆڕێن، دوای پێکهێنانی حکومەتی نوێی کوردستان و  دوای هەڵبژاردنی عێراق و پێکهێنانی حکومەت، بەدڵنیاییەوە بەشێکی ئەو پۆستانە گۆڕانکارییان تێدا دەکرێت، یان پرسێکی تر دێتە پێشەوە پەیوەستە بە وەزارەتێکی دیاریکراو، وەزیرەکەی بە کاتی زیاد دەکرێت.

ئێستا کە دۆسیەی داهاتی ناوخۆ ماوە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر بکرێت، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری ڕۆڵێکی بەرچاوی دەبێت لە گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا.

لە قۆناغی ئێستادا، گرووپەکە سەرەتا سەرنج دەخاتە سەر چارەسەرکردنی دۆسیەی دەروازە سنوورییەکان و هەندێک بابەتی دیکەی ئابووری. پاشان، ئەولەویەتی کارەکانیان دەبێتە کارکردن لەسەر جێبەجێکردنی ماددەی 140.

زانیاریی زیاتر: یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی گفتوگۆ، پێکهێنانی چەند ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشە لەنێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان لە کەرکووک و ناوچەکانی سنووری ماددەی 140. ئەمەش بە مەبەستی بەڕێوەبردنی هاوبەشی ئەمنی لەو ناوچانە کە بەپێی دەستوور کێشەلەسەرن، واتە گەڕاندنەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە وەک پێش هێرشی داعش.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ