لە ئیدارەی ڕاپەڕین مۆڵەت دەدرێتە پڕۆژەیەکی نایاسایی

شەیری بکە لە:

دیمەنێکی ئیدارەی ڕاپەڕین

ئاڤا نیوز

پڕۆژەیەکی پیشەسازیی ڕیسایکلین بەشێوەیەکی نایاسایی لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین دروست دەکرێت و ئاڤا میدیا زانیاریی وردی لەبارەوە ئاشکرا دەکات.

چیرۆکی سەرەکی: پڕۆژەیەکی پیشەسازیی ڕیسایکلین و دروستکردنی کارتۆن لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین - ناحیەی بێتواتە لەسەر بەشێک لە موڵکی ژمارە 1/3 کەرتی 35ـی سەروچاوە بە ڕووبەری 56 دۆنم زەوی جێبەجێ دەکرێت، ئەمە نیگەرانیی لای هاونیشتمانیان دروستکردووە، پڕۆژەکە بە هەنگاوێکی نایاسایی و قۆرغکاری، پێشێلکردنی مافی گشتیی و زیادەڕۆییکردن بۆ سەر کشتوکاڵ و ئاودیریی سنووری دادەنرێت.

لێدوانی فەرمی: مەرد عەلی خاڵە، ئەندامی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە ئاڤای ڕاگەیاند: پڕۆژەکە ساڵی پار مۆڵەتی کارکردنی لە ئیدارەی ڕاپەڕین وەرگرتووە، بەڵام وەزارەتەکانی شارەوانی و کشتوکاڵ ناڕەزایەتیی خۆیان لەسەر جێبەجێکردنی پرۆژەکە دەربڕیوە و داویان کردووە جێبەجێ نەکرێت، چونکە شوێنی دەستنیشانکراوی پڕۆژەکە کشتوکاڵییە و بەروبوومی کشتوکاڵیی هاونیشتمانی لێیە، هەروەها نزیکە لە ئاوەدانییەوە. شوێنی پڕۆژەکە نەخشەی سەرەتایی نییە و نەچووەتە نێو ماستەرپلانەوە، تەنانەت دەبوو بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە نەخشەدانانی کوردستان ئاگاداری بابەتەکە بێت. 

زانیاریی زیاتر: بە گوتەی مەرد عەلی خاڵە، لەسەر ڕاسپاردەی هەردوو وەزیرەکە، نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئاگادارکردەوە لەوەی ئەو زەوییە بۆ پڕۆژەی ڕیسایکلین دابین نەکرێت، تەنانەت زێدەڕۆیەکانی پڕۆژەکە لەسەر زەوییەکە هەڵبگیرێن، نووسراوێکیش ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین کراوە، تاوەکو پابەند بڕیارەکە بن، بەڵام پڕۆژەکە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئەمرۆ کاری تێدا کراوە. 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: "نووسراوێک دەست ئاڤا کەوتووە، تێیدا هاتووە: پاڵپشت بە کۆبوونەوەی بۆردی پشتیوانیی وەبەرهێنانی ئیدارەی ڕاپەڕین، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیران و سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەڕین، لێپرسراوی فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین، لەسەر فەرمانی بەڕێزیان بڕیار درا بە دەست بەکاربوونەوە لە پڕۆژەکەتان پڕۆژەی پیشەسازیی ڤی پەیپەر، بەپێی یاسا و ڕێنماییە کارپێکراوەکانی مۆڵەتی پرۆژەکەتان".

لەلایەکی دیکەوە: شاهۆ نەجیم ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی ئیدارەی ڕاپەڕین بە ئاڤای ڕاگەیاند، ڕاگرتنی پڕۆژەکە لەماوەی ڕابردوو هیچ بنەمایەکی نەبووە، بۆیە ئێمە بڕیاری دەستبەکاربوونەوەمان دەرکردووە. پڕۆژەکە لە ڕابردوو مۆڵەتی فەرمی وەرگرتووە و شوێنەکەشی شیاوە، ئەوانەشی داوای قەرەبووی زەوییەکانیان دەکرد، بەگوێرەی یاسا هیچ قەرەبوویەکیان بەرنەدەکەوت. بۆیە ئێستا پڕۆژەکە دەستیکردووەتەوە بە جێبەجێکردنی کارەکانی.

ئاڤا میدیا نووسراوێکی دیکەی دەستکەوتووە، کە حوسین مەحموود ئیبراهیم، قایمقامی قەزای ڕانیە فەرمان بە ناحیەی بێتواتە دەکات هەماهەنگی بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە و ئیجرائات لەگەڵ هەر لایەنێک بکرێت ببێتە ڕێگر لەبەردەم جێبەجێکردنی پڕۆژەکە. 

ئاڤا میدیا پەیوەندیی بە حوسێن مەحموود، قایمقامی قەزای ڕانیەوە کرد و گوتی: هیچ وردەکارییەکی پرۆژەکە لای ئێمە نییە و ئاگاداری بابەتەکە نیم، هەروەها لە ڕۆژانی ڕابردوو واژۆم لەسەر هیچ نووسراوێکی پڕۆژەکە نەکردووە. 

گۆشەیەکی دیکەی دیمەنەکە: زیاتر لە 250 کەس لە جووتیار و دانیشتووانی ناوچەکە، لەڕێگەی داواکارییە داوای ڕاگرتنی کارەکانی پڕۆژەکەیان کردووە، ئەو کەسانە ناوی سیانی و ژمارە موبایلی خۆیان لەسەر داواکارییەکە هاوپێچ کردووە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ