شاندێکی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکی تایبەت بە پێشمەرگە گەیشتە بەغدا

شەیری بکە لە:

لۆگۆی وەزارەتی پێشمەرگە و دەستەی خانەنشینی عێراق

ئاڤا نیوز

مەبەستی چارەسەرکردنی پرسی مووچەی خانەنشینانی پێشمەرگە، شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ گەیشتە بەغدا و سبەی سێشەممە دەست بە کۆبوونەوە دەکەن لەگەڵ دەستەی خانەنشینی عێراق تاوەکو گفتوگۆ بکەن لەسەر دۆزینەوە ڕێگا چارەسەرێک بۆ ئەو پرسە.

لێدوانی فەرمی: لیوا عوسمان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاری وەزارەتی پیشمەرگە بە ئاڤای ڕاگەیاند، ئەمڕۆ شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی پرسی مووچەی خانەنشینانی پێشمەرگە گەیشتە بەغدا و سبەی سێشەممە دەست بە کۆبوونەوە دەکەن لەگەڵ دەستەی خانەنشینی عێراق.

 شاندەکە لە نوێنەرانی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی دارایی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی کوردستان پێکهاتووە، دوو بۆ سێ ڕۆژ لە بەغدا دەمێننەوە.

ئامانج لە سەردانی شاندەکەی هەرێمی کوردستان دۆزینەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتییە بۆ کێشەی خانەنشینانی پێشمەرگە، ئایە بە یاساکانی پەرلەمانی کوردستان خانەنشین بکرێن یان بە یاسای خانەنشینی یەکگرتووی ساڵی 2014ی عێراق. ئەگەر بە یاسای عێراق خانەنشین بکرێن، بڕوانامە و کۆمەڵێک ئیمتیازاتی پێشمەرگە و پلەدارەکان هەژمار ناکرێت، بەم هۆیەشەوە مووچەکانیان کەم دەبێتەوە.


زانیاریی زیاتر: نزیکەی 27 هەزار پلەدار و پێشمەرگە و کەمئەندامی سەنگەر کێشەی دۆسیەی خانەنشینییان هەیە، دۆسیەی 22 هەزاریان تەواو بووە، چوار بۆ پێنج هەزار فایل ماون ئێستا کاریان لەسەر دەکرێت. 

بەگوتەی لیوا عوسمان، ئەوانەی دۆسیەیان تەواو بووە، بەشێکیان مووچەیان بۆ بەستراوە بەپێی یاساکانی کوردستان، ئەوانەی ماونەتەوە و مامەڵەکانیان تەواو بووە، ئەو مانگە مووچەیان بۆ دەبەسترێت، ئەوانی تر لەگەڵ مووچەی مانگی هەشت و مانگەکانی تر مووچەیان بۆ دەبەسترێت و قەرەبووی مانگەکانی رابردووش وەردەگرنەوە.

ئەو پلەدار و پێشمەرگانە بەشێکیان لە مانگەکانی کۆتایی ساڵی 2024 خانەنشین بوونە و هێشتا مووچەیان بۆ نەبەستراوە. 

بەشێکی تریان لە سەرەتای ئەمساڵەوە هیچ مووچەیەکیان بۆ نەبەستراوە.

ئەمەش بزانە: لە ماوەی پێنج ساڵی كابینەی نۆی حکومەتی کوردستان، دۆسیەی 17 هەزار و 805 خانەنشینی پێشمەرگە لەسەر میلاكی وەزارەتی پێشمەرگە گواستراونەتەوە سەر میلاكی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری، ئەوان ئێستا مووچەی خانەنشینی بە هاوتاكراوی وەردەگرن.

لەلایەکی دیکەوە: لە سەرەتای کابینەی نۆیەم مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کورستان بڕیاری دا لە چوارچێوەی چاکسازییەکان سەرجەم دۆسیەی خانەنشینانی سەربازی لە وەزارەتی پێشمەرگەوە بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری بگوازرێتەوە.

گۆشەیەکی دیکەی دیمەنەکە: هاوكات هەردوو هەژماری یەكەكانی 70 و 80 هەڵوەشاونەتەوە و هەردوو هەژمارەكە لەژێر ناوی یەك هەژمار، بە ناوی هەژماری پێشمەرگە خراونەتە سەر وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان، ئەو هەنگاوەش پرۆسەی یەکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە خێراتر دەکات.

هەر بەپێی نووسراوەكە، چوار هەزار و 189 كەس كە بە نایاسایی دوومووچەیان وەردەگرت، مووچەكانیان بڕدراوە و لێكۆڵینەوەش لە دۆسیەكانیان بەردەوامە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ