دوای زیاتر لە دوو ساڵ یەکەم گەشتیی ئاسمانی تورکیا بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی دەستپێدەکاتەوە

شەیری بکە لە:
دوای زیاتر لە دوو ساڵ یەکەم گەشتیی ئاسمانی تورکیا بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی دەستپێدەکاتەوە

ئاڤا نیوز

دوای زیاتر لە دوو ساڵ سەپاندنی قەدەغەی گەشت لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە بۆ تورکیا، بەرەبەیانی سبەی دووشەممە یەکەم فڕۆکەی هێڵی ئاسمانی (تورکیش ئێرلاین) لە فڕۆکەخانەی سلێمانی دەنیشتێتەوە.

وێنە گەورەکە: داخستنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی بە ڕووی هێڵی ئاسمانی تورکیا، یەکێک بوو لە لێکەوتەکانی شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیا، بەڵام دوای دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی و کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەردۆغان، بڕیاردرا قەدەغەی گەشتەکانی تورکیا لەسەر فڕۆکەخانەی سلێمانی هەڵبگیرێت.

لێدوانی فەرمی: دانا محەممەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی فڕۆکەخانەی سلێمانی بە ئاڤا میدیای وت، ئەمشەو کاتژمێر 10:30 فڕۆکەکە لە ئیستانبووڵەوە دەفڕێت، کاتژمێر 1:10ـی بەرەبەیان دەگات و هەمان فڕۆکە کاتژمێر 2:40 دەفڕێتەوە بەرەو ئیستانبووڵ.

دانا محەممەد دەشڵێت: بەپێی ئەو پلانەی دانراوە هەفتانە چوار گەشت لە نێوان سلێمانی و تورکیا ئەنجام دەدرێت و پلان هەیە ژمارەی گەشتەکان زیاتر بكرێت. 


بۆچی گرنگە: تورکیا لە 3-4-2023ـەوە قەدەغەی کردووە هیچ فرۆکەیەک لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە بچێتە وڵاتەکەی و هەر شەش مانگ جارێک ئەو قەدەغەیەی نوێ دەکردەوە. بەو هۆیەوە زیانێکی زۆر بە کەرتی ئابووری تورکیا و عێراق و هەرێمی کوردستان کەوت، ئێستا بە دەستپێکردنەوەی گەشتەکان چاوەڕێ دەکرێت جوڵەی ئابووری لە سلێمانی بەهێزتر بێت.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: ئەمشەو گەشتەکە لە فڕۆکەخانەی ئیستانبووڵەوە بە کۆد و ژمارەی TRY13,925 دەستپێدەکات. بەهۆی ئەوەی هێشتا دەرفەت بۆ فرۆشتنی تکتی گەشتەکە ماوە، بۆیە ژمارەی سەرنشینان گۆڕانکاری لێ بەسەردێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ