قۆناغی ڕووپێوی پڕۆژەی ئاوی بەردەڕەش دەستیپێکرد

شەیری بکە لە:
قۆناغی ڕووپێوی پڕۆژەی ئاوی بەردەڕەش دەستیپێکرد

دیمەنێکی قەزای بەردەڕەش لە ئاسمانەوە

ئاڤا نیوز


بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی بەردەڕەش و تەواوکردنی پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ، گرفتی کەمئاوی لەو قەزایە چارەسەر دەکرێت. بەڕێوەبەری ئاوی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: قۆناغی ڕووپێوی بۆ پڕۆژەی ئاوی بەردەڕەش دەستیپێکردووە.

وێنە گەورەکە: کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە پلانێکی ستراتیژیی کاری لەسەر چارەسەرکردنی گرفتی کەمئاوی کردووە، لەو چوارچێوەیەدا ژمارەیەک پڕۆژەی گەورە و ستراتیژیی جێبەجێ کردووە، ژمارەیەکی دیکەش لە باری جێبەجێکردنن.

لێدوانی فەرمی: ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان بە ئاڤا میدیای گوت: پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ، لە یەک کاتژمێردا توانای دابینکردنی سێ هەزار مەتر سێجا ئاوی هەیە زیاتر لە 60٪ـی جێبەجێ کراوە، بەتەواوبوونی پڕۆژەکە کێشەی ئاوی سەنتەری قەزاکە و 18 گوندی دەوروبەری کە دەکەونە سەر رێڕەوی بۆرییەکان بە تەواوی چارەسەر دەبێت، 108 بیر دادەخرێن.

بەوتەی ئاری ئەحمەد، دەستکراوە بە ڕووپێوی بەرزی و نزمی شوێنی پڕۆژەی ئاوی بەردەڕەش و لە داهاتووێکی نزیک دەست دەکرێت بە دانانی کەمپ و جێبەجێکردنی. پڕۆژەکە لە یەک کاتژمێردا توانای دابینکردنی سێ هەزار مەتر سێجا ئاوی هەیە.

بە تەنیشت ئەم بابەتەوە: پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ زیاتر 21٪ـی جێبەجێ کراوە، ئامادەکاریش بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان و دەستپێکردنی پڕۆژەی ئاوی سلێمانی دەکرێت، ڕەزامەندیش وەرگیراوە بۆ جێبەجێکردنی دوو پڕۆژەی گەورە و ستراتیژیی ئاو لە هەردوو قەزای کۆیە و قەزای خەبات، بە تەواو کردنی ئەو پڕۆژانە، کێشەی ئاو لە سەرجەم ئەو سنوورانە چارەسەر دەکرێت.

ئەوەی پێویستە بیزانیت:  لە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی پێنج هەزار و 800 بیر، 24 پرۆژەی ستراتیژی، 24 پرۆژەی بچووک و نزیکەی 500 کانی ئاوی خواردنەوە بۆ هاونیشتمانیان دابین دەکرێت.

بابەتە ستیراتیژییەکان: ئێستا 50٪ـی ئاوی ژێرزەوی و 50%ـی ئاوی سەرزەوی بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بەکاردێت، بە تەواوبوونی ئەو پرۆژانەی ئاوی خواردنەوە کە لە باری جێبەجێکردنن، تا ساڵی داهاتوو هەزار و 500 بۆ هەزار و 600 بیری ئاو دەکوژێنرێنەوە، بەمەش ڕێژەی بەکارهێنانی ئاوی ژێرزەوی بۆ ئاوی خواردنەوە لە 50% کەم دەبێتەوە بۆ 30%، واتا 70%ی ئاوی خواردنەوە لە سەرچاوەی ئاوی سەرزەویەوە دابین دەکرێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ