مەسرور بارزانی پشتگیریی دارایی یانەی نەورۆز دەکات

شەیری بکە لە:
مەسرور بارزانی پشتگیریی دارایی یانەی نەورۆز دەکات

مەسرور بارزانی و لۆگۆی یانەی وەرزشی نەورۆز

ئاڤا نیوز

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان پشتگیریی دارایی دەبەخشێتە یانەی نەورۆز و چاوەڕێ دەکرێت بەوهۆیەوە بەشێکی زۆری گرفتە داراییەکانی ئەو یانەیە چارەسەربن. 

 وێنە گەورەکە:  یانەی نەورۆز لە شاری سلێمانی، پێشتر لەلایەن لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی یانەکە پاڵپشتی دارایی دەکرا، بەڵام لە دوای ئەوەی  لە 22-8-2025، لەلایەن دژەتیرۆر، کۆماندۆ و ئاسایشی یەکێتی هێرش کرایە سەر لالەزار و لاهوور شێخ جەنگی دەستگیرکرا، یانەکە دووچاری قەیرانی دارایی گەورە بووەتەوە، بەهۆیەوە داوای هاوکاری لە هاندەرانی یانەکە و کەسایەتییەکان دەکەن تاوەکو لەم دۆخە داراییە ڕزگارییان بکەن.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: ئەمڕۆ یەکشەممە 2-11-2025، نووسینگەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: وەکو دابینکردنی پاڵپشتی دارایی بڕی 450 ملیۆن دیناری بە یانەی نەورۆز بەخشیوە.

زانیاریی زیاتر: دابینکردنی ئەو هاوکارییە داراییە کاریگەریی دەبێت لەسەر چارەسەرکردنی بەشێکی زۆری ئەو گرفتانەی ڕووبەڕووی یانەکە بوونەتەوە.

لێدوانی فەرمی: سەرچاوەیەک لە یانەی نەورۆز بە ئاڤای ڕایگەیاند: "پێشوازییەکی گەرم لەم هاوکارییەی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی دەکەین، کە لە کاتێکی زۆر هەستیاردا گەیشتە دەستمان، ئەمە هیوایەکی گەورەی گەڕاندەوە بۆ گەنجانی سلێمانی."

لەبارەی نیگەرانییەکانەوە، سەرچاوەکە وتی: "ئێمە داوامان کردووە پارەکە بە کاش نەنێردرێت و ڕاستەوخۆ بخرێتە سەر هەژماری بانکیی یانەکە، چونکە نامانەوێت وەک ئەوەی لالەزار لێمان بدزرێت."

لەلایەکی دیکەوە: گەنجانی سلێمانی سوپاسی خۆیان ئاراستەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەکەن و هۆشداریی دەدەن کە "مەسرور بارزانی ئاگری نەورۆزی گەشاندەوە، ئەوەی بیەوێت ئەو ئاگرە بکوژێنێتەوە، دوکەڵەکەی دەیخنکێنێ."

ئەوەی پێویستە بیزانیت: بەپێی زانیارییەکانی ئاڤا، ئەو رۆژەی هێزەکانی یەکێتی هێرشیان کردە سەر لالەزارو دەیان گەنجی سلێمانیان کوشت و دەستگیرکرد، بڕێکی زۆر پارەیان بردووە. چەکدارێکی کۆماندۆ، لەو کاتەی کە نزیک بووەتەوە لە لاهوور شێخ جەنگی لەلالەزار، لاهوور شێخ جەنگی پێی وتووە، لەو ژوورەی کە نەسووتاوە، 2 ملیۆن و 350 هەزار دۆلار هەیە، هی یانەی نەورۆزە، ئەمانەتی ئێوە بێ، تا ئێستا کەس نازانێت پارەکە چۆن براوە و چی لێهاتووە.

ئەمەش بزانە:  ئەم بارودۆخەی یانەی نەورۆز کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئەنجامەکانی یانەکە دروست کردبوو بە جۆرێک لە چوار یاری یەکەمی ئەمساڵی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی نەورۆز سێ یاری دۆڕاندووە و تەنیا یەک یاری بردووەتەوە، شەش گۆڵی کردووە، 11 گۆڵی لەسەر تۆمار کراوە و لە ڕیزبەندی 14ەهەم دێت، بەردەوامبوونی ئەو دۆخە داراییەی یانەکەش مەترسی ئەوەی لێدەکرا یانەکە چیتر نەتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت و نەتوانێت بەردەوام بێت لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، بەڵام سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەهانای تاکە نوێنەرەکەی پارێزگای سلێمانی چوو.


نوێدەکرێتەوە... 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ