سوودانی: عێراق تا کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا ناتوانێت چەک بە گرووپە چەکدارەکان دابنێت

شەیری بکە لە:
سوودانی: عێراق تا کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا ناتوانێت چەک بە گرووپە چەکدارەکان دابنێت

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

ئاڤا نیوز

سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، تا هێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکەی نەکشێنەوە، ناتوانرێت چەک لە دەستی گرووپە چەکدارەکان دەربهێنرێت، بۆیەش ئێستا کە داعش بوونی نەماوە چیتر هیچ پاساوێک بۆ مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان نەماوە.

وێنە گەورەکە: بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی عێراق مەرجی چەکدانانیان بەستووەتەوە بە کشانەوەی سەرجەم هێزەکانی ئەمریکا کە ئەوان بە هێزێکی "داگیرکەر" ناوی دەبەن، باس لەوەش دەکەن ئەگەر ئەمریکا بکشێتەوە ئەوان هیچ پاساوێکیان بۆ چەک هەڵگرتن نامێنێت و تێکەڵ بە ژیانی سیاسی دەبن.

لێدوانی فەرمی: محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، داعش نەماوە و ئارامی و ئاسایش لە وڵاتدا بەرقەرارە، بۆیە هیچ پاساوێک بۆ مانەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق نەماوە. لەبارەی دۆسیەی گرووپە چەکدارەکانیش باسی لەوەکردووە، بەرنامەیان هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی گرووپە چەکدارەکان و بۆ ئەوەش بژاردەی تێکەڵکردنیان لەگەڵ دامەزراوە ئەمنییەکان یان بەشدارییان لە سیاسەتدا خراوەتە بەرەدەم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا "عێراق تا کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا ناتوانێت چەک بە گرووپە چەکدارەکان دابنێت".

ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەڵوێستی عێراق لەبارەی ئاسایش و ئارامی ناوچەکە ڕوونە و باوەڕی وایە دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت دەبێت خاوەن بڕیاری جەنگ و ئاشتی بن، "هیچ لایەنێکیش ناتوانێت عێراق پەلکێشی شەڕ و ململانێ بکات."

بەشێکی دیکە لە قسەکانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق:

٠ چالاکی و کاری کۆمپانیا ئەمریکییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو لە عێراق زیادیکردووە.

٠ کۆتایی ساڵی 2027ـمان وەک دوایین وادە بۆ وەبەرهێنانی تەواو لەو غازەدا دیاریکردووە کە لەگەڵ بەرهەمهێنانی نەوتدا دەسووتێت، بەو هەنگاوەش لە غازدا دەگەین بە خۆبژێوی و ساڵانەش دەوڵەت نۆ ملیار دۆلار پارەی بۆ دەگەڕێتەوە.

٠ لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی داهاتوودا وەک لیستی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان پێشبینی سەرکەوتنێکی گەورە دەکەم و دەمانەوێت ئەم ڕێبازە (تەمەنی حکومەتەکەی) بەردەوام بێت، هاوکات پێشبینی دەکەم بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو زیاترببێت.

٠ سەبارەت بە دۆخی دارایی عێراق نیگەران نیم، چونکە وڵاتەکەم دەوڵەمەندە بە سەرچاوەکانی داهات، بەڵام ترسی من ئەوەیە جێبەجێکردنی چاکسازییەکان دوابکەوێت.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ