زیاتر لە 1500 ناوەندی خوێندن وەک بنکەی هەڵبژاردن دیاریکراون

شەیری بکە لە:
زیاتر لە 1500 ناوەندی خوێندن وەک بنکەی هەڵبژاردن دیاریکراون

یەکێک لە ناوەندەکانی خوێندن لەکاتی بڕۆسەی هەڵبژاردن

ئاڤا نیوز

پێنج ڕۆژ ماوە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستپێبکات و وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان ئەو قوتابخانانە دەداتە کۆمیسیۆن کە دەبنە بنکەی هەڵبژاردن، زیاتر لە هەزار و 500 ناوەندی خوێندن ئامادەکراون بۆ ئەو پرۆسەیە.

چیرۆکی سەرەکی: وا بڕیارە ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو 11-11-2025، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت، لەم چوارچێوەیەدا حیزب و لایەنەکان دوایین ڕۆژەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن بەڕێ دەکەن، تەنیا چوار ڕۆژیان لەبەردەم ماوە تاوەکو کەرنەڤاڵی جەماوری ساز بکەن ، کاندیدەکانیش پۆستەر و وێنەکانیان هەڵواسن و هەڵمەتەکانیان بەڕێوە ببەن، چونکە لە شەممەی داهاتوو 08-11-2025، بانگەشەی هەڵبژاردن دەوەستێت.  

لێدوانی فەرمی: سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە بە ئاڤای ڕاگەیاند: ڕۆژی پێنجشەممە 06-11-2025 تاوەکو ڕۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەو ناوەندانەی خوێندن دەدرێنە کۆمیسیۆن کە دەبنە بنکەی هەڵبژاردن، ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو 12-11-2025، دەوام لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی حکومی و ناحکومی دەستپێدەکاتەوە، ئەو قوتابخانانەشی بوونەتە بنکەی هەڵبژاردن، دەتوانن وانەی یەکەم لە ڕۆژی چوارشەممە نەخوێنن و ئامادەکاری بۆ دەستپێکی وانەی دووەم بکەن، وێڕای ئەوەی کۆمیسیۆن ئاگادار کراوەتەوە لەوەی چۆن قوتابخانەکان وەردەگرێت، ئاوا ڕادەستی بکاتەوە. 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: نەبەرد عومەر، سەرۆكی دەستەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان لە كۆمیسیۆن بە ئاڤای ڕاگەیاند: هەزار و 312 بنکەی دەنگدانی گشتی و 204 بنکەی دەنگدانی تایبەت بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئامادە دەکرێن. 

ئەمەش بزانە: کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە هەر بنکەیەکی دەنگدان سێ کامێرا و هەر وێستگەیەکی دەنگدان دوو کامێرا بۆ چاودێریکردنی پڕۆسەی دەنگدان دادەنێت.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ