ئاڤای خەڵک؛ دەرچووانی کۆلێژی تەکنیکیی شەقڵاوە داوای بەردەوامبوون لە خوێندن دەکەن

شەیری بکە لە:
ئاڤای خەڵک؛ دەرچووانی کۆلێژی تەکنیکیی شەقڵاوە داوای بەردەوامبوون لە خوێندن دەکەن

ئاڤا نیوز

 

ژمارەیەک لە دەرچووانی کۆلێژی تەکنیکیی شەقڵاوە، کە بەشێکە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، ڕووبەڕووی کێشەیەک بوونەتەوە کە ڕێگرە لە بەردەوامبوونیان لە خوێندن و بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس؛ هۆکارەکەشی تەنها چەند پۆینتێکی کەمە لە نمرەکانیاندا.

 

چیرۆکی سەرەکی؛ خوێندکارانی بەشەکانی ڤێرتێرنەری (پزیشکیی ئاژەڵان)، کارگێڕی کار، و شیکاری نەخۆشییەکان لەم کۆلێژە، سیستمی خوێندنیان بەشێوەی (دوو ساڵ + دوو ساڵ)ە. دوای تەواوکردنی دوو ساڵی یەکەم، بڕوانامەی دیبلۆم وەردەگرن. پاشان، بەپێی کێبڕکێی نمرە، تەنها 50٪ی خوێندکاران دەتوانن بۆ دوو ساڵی دواتر بەردەوام بن تا بڕوانامەی بەکالۆریۆس بەدەستبهێنن.

 

ئێستا 21 خوێندکار لەم قۆناغەدا بەهۆی ئەوەی نمرەکانیان بە چەند پۆینتێک یان یەک و دوو نمرە لە ئاستی پێویست بۆ کێبڕکێکردن کەمترە، لەو دەرفەتە بێبەش کراون و ناتوانن درێژە بە خوێندنەکەیان بدەن.

 

لێدوانی فەرمی؛ عەباس ئەکرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بە ئاڤا نیوزی ڕاگەیاند، ئەم بابەتە پەیوەندی بە بوون و نەبوونی کورسی خوێندنەوە نییە، بەڵکو جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانە. ناوبراو وتی: "ڕێنماییەکە ڕوونە کە تەنها لەسەدا 50ی خوێندکارانی ئەو بەشانە دوای قۆناغی یەکەم و دووەم دەتوانن بەردەوام بن، بۆیە دەبێت پابەندی ئەو ڕێنماییە بین."

 

وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا جەختی لەوەش کردەوە کە سەرجەم خوێندکاران پێش دەستپێکردنی قۆناغی یەکەمی خوێندنیان لەم ڕێنماییە ئاگادار کراونەتەوە. ئەو وتیشی: "ئەگەر ئێستا ئەو ڕێنماییە بۆ ئەم خوێندکارانە بگۆڕین، ئەوا غەدر لە خوێندکارانی ساڵانی ڕابردوو دەکەین. بۆیە هیچ چارەسەرێکی دیکەیان نییە."

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ