ئاڤای خەڵک؛ چیرۆکی ئەو گوندەی تا ئێستا هێڵی ئینتەرنێتیان نییە

شەیری بکە لە:
ئاڤای خەڵک؛ چیرۆکی ئەو گوندەی تا ئێستا هێڵی ئینتەرنێتیان نییە

ئاڤا نیوز

 

لە کاتێکدا جیهان بەرەو پێشکەوتنی زیاتری تەکنەلۆژیا هەنگاو دەنێت و پێ دەنێینە ساڵی 2026، دانیشتووانی گوندی سەران لە قەزای ڕواندز هێشتا لە سەرەتاییترین خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندی، وەک: هێڵی مۆبایل و ئینتەرنێت، بێبەشن.

 

چیرۆکی سەرەکی؛ دانیشتووانی گوندەکە لە ڕێگەی داواکارییەکەوە کە ئاراستەی ئاڤا کردووە، باس لە دۆخی سەختی ژیانی خۆیان دەکەن بەبێ بوونی هێڵی پەیوەندی. گوندی سەران دەکەوێتە دامێنی چیای هەندرێن، ئەمەش وای کردووە تۆڕەکانی مۆبایل نەگاتە ناوچەکەیان.

 

یەکێک لە دانیشتووانی گوندەکە دەڵێت: "لێرە کەس مۆبایلی زیرەکی پێ نییە، چونکە هیچ سوودێکی نییە. هەموومان مۆبایلی ئاساییمان (عادی) هەیە، ئەگەریش بمانەوێت تەلەفۆنێک بکەین، دەبێت سەرکەوینە سەر یەکێک لە بەرزاییەکانی دەوروبەری گوندەکە، چونکە لەناو گونددا شەبەکە بوونی نییە."

 

ئەم دابڕانە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی و ڕۆژانەی خەڵکەکە داناوە. هاونیشتمانییەک بەناوی ئیبراهیم، یەکێکی دیکە لە دانیشتووانی گوندەکە، بە نیگەرانییەوە دەڵێت: "ئێمە بە تەواوی لە دنیای دەرەوە دابڕاوین. ماوەیەک لەمەوبەر لە گوندێکی دراوسێمان کەسێک کۆچی دوایی کردبوو، ئێمە ڕۆژی دواتر ئاگادارکراینەوە، چونکە نەیانزانیبوو چۆن هەواڵەکەمان پێ بگەیەنن."

 

لێدوانی فەرمی؛ لە وەڵامی ئەم سکاڵایەدا، ئەحمەد قادر، قایمقامی قەزای ڕواندز بە ئاڤای ڕایگەیاند: ئاگاداری کێشەی دانیشتووانی گوندی سەرانن و هەنگاوی پێویستیان ناوە بۆ چارەسەرکردنی.

 

قایمقامی ڕواندز وتی: "لەگەڵ کۆمپانیایەکی پەیوەندییەکان ڕێککەوتووین و بەم زووانە کێشەکەیان چارەسەر دەکرێت. هێڵی مۆبایل و ئینتەرنێتیان بۆ دابین دەکرێت و چیتر ئەم کێشەیەیان نامێنێت."

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ