دوای تەواوبوونی هەڵبژاردن؛ دادگای فیدڕاڵی سکاڵای دوو کاندید دژی دوورخستنەوەیان تاوتوێ دەکات

شەیری بکە لە:
دوای تەواوبوونی هەڵبژاردن؛ دادگای فیدڕاڵی سکاڵای دوو کاندید دژی دوورخستنەوەیان تاوتوێ دەکات

باڵەخانەی دادگای فیدراڵیی عێراق

ئاڤا نیوز

 

دادگای فیدڕاڵی بڕیاریداوە 18ی ئەم مانگە سکاڵای دوو کاندید دژی دوورخستنەوەیان لە کێبرکێی هەڵبژاردن تاوتوێ بکات، سەیر ئەوەیە ئەم وادەیە بە سوودی کاندیدەکان نییە چونکە ئەو ڕۆژە هەفتەیەکە هەڵبژاردن تەواو بووە و بەبڕیاری کۆمیسیۆنیش دەنگی کاندیدی دوورخراوە بە پوچەڵ هەژمار دەکرێت.

 

وێنە گەورەکە: ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاریداوە تا دوای هەڵبژاردن و دەرچوونی کاندیدەکانیش بۆ پەرلەمان، ئەگەر ڕاپۆرتی لایەنە پەیوەندیدارەکانی لەبارەی کاندیدەکان بەدەستبگات، دەتوانێت کاندیدەکان لە کێبڕکێی هەڵبژاردن و گەیشتن بە پەرلەمان دووربخاتەوە.

 

ڕاگەیێنراوی فەرمی: بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگای فیدڕاڵی، 18ی ئەم مانگە واتە حەوت ڕۆژ دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، دادگاکە سکاڵای دوو کاندید تاوتوێ دەکات کە دژی بڕیاری دوورخستنەوەیان لە کێبرکێی هەڵبژاردن، لەسەر کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق تۆماریان کردووە.

 

سکاڵاکە لەلایەن دوو کاندیدەەوە تۆمارکراوە، کاندیدی یەکەم  ناوی عەلی نەجم عەبدولعەباسە و بەتۆمەتی لایەنگری بۆ حیزبی بەعس دوورخراوەتەوە، کاندیدی دووەمیش ناوی خالید مەفرەجییە و کاندیدی ژمارە دووە لە لیستی هاوپەیمانی عەرەبی لە کەرکووک ئەم کاندیدەش بەتۆمەتی بڵاوکردنەوەی وتاری مەزهەبی دوورخراوەتەوە، دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکانیش دوورخستنەوەی ئەم کاندیدەی کەرکووکی پەسەند کردووە واتە دەرفەتی تانەدانیشی نەماوە.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: پێشتر دادگای فیدڕاڵی چەند سکاڵایەکی هاوشێوەی ڕەتکردووەتەوە بەهۆکاری ئەوەی ئەم بابەتە لە تایبەتمەندی دادگاکەدا نییە و کاندیدەکان هەر سکاڵایەکیان هەبێت، دەبێت لە دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان سکاڵاکانیان تۆمار بکەن، بڕیاری ئەم دەستەیەش بۆ کۆمیسیۆن و کاندیدەکانیش پابەندکارە و بەهیچ شێوەیەک تانەی لێنادرێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ