وەزیری دادی تورکیا: بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لەبارەی دەمیرتاش یەکلاییکەرەوەیە

شەیری بکە لە:
وەزیری دادی تورکیا: بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لەبارەی دەمیرتاش یەکلاییکەرەوەیە

سەڵاحەدین دەمیرتاش

ئاڤا نیوز

یەڵماز تونچ لەبارەی دوایین بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا کە داواکارییەکەی تورکیای ڕەت کردەوە کە تانەی دابوو لە بڕیاری دادگاکە بۆ ئازادکردنی سەڵا‌حەددین دەمیرتاش، دەڵێت: بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لەبارەی دەمیرتاش یەکلاییکەرەوەیە.

وێنە گەورەکە: ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و ئەوانەی بە تۆمەتی هاندانی خەڵک بۆ ڕژانە سەرشەقام لە کاتی گەمارۆدانی کۆبانێ لەلایەن داعش، یەکێک بووە لە داواکارییە سەرەکییەکانی ئەو جووڵانەوە سیاسییەی ئێستا دەم پارتی نوێنەرایەتی دەکات و یەکێکە لەو داواکارییانەش کە بە پێویستی دەزانێت بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی.

لێدوانی فەرمی: یەڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا بەر لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی ئاکپارتی لە پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند: ئەگەر داواکاری پێشکەش بکرێت، ئەوا دادگای تێهەڵچوونەوە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکات. پێویستە هەموومان پێکەوە چاوەڕوانی بڕیاری دادگا بکەین لەسەر دۆسیەکە.

بەتەنیشت ئەم بابەتەوە: دوای ئەوەی 03-11-2025 دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا داواکارییەکەی تورکیای ڕەت کردەوە، ڕاستەوخۆ بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بۆ ئازادکردنی دەمیرتاش یەکلایی بوویەوە و لە ڕووی یاساییەوە تورکیای پابەند دەکرد بە بڕیارەکە. هەرچەند پێشتریش هەمان دادگا بڕیاری لەم جۆرەی لەبارەی دەمیرتاشەوە دابوو، بەڵام تورکیا دانی بە بڕیارەکاندا نەنا و پابەندنەبوو پێیانەوە.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: دوێنێ و دوای تێپەڕینی نۆ ساڵی ڕێک بەسەر زیندانیکردنی دەمیرتاش، دەوڵەت باخچەلی گڵۆپی سەوزی بۆ ئازادکردنی دەمیرتاش هەڵکرد و ڕایگەیاند: ئازادکردنی دەمیرتاش بە خێر دەگەڕێت بۆ تورکیا.

لەلایەکی دیکەوە: هەر ئەمڕۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەمبارەیەوە گوتی: تورکیا وڵاتێکی یاسا سەروەرە، دەسەڵاتی دادوەری چ بڕیارێک بدات، پابەند دەبین پێوەی.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ