کورسییەکی بازنەی هەولێر تا ئێستا لە نێوان پارتی و یەکێتی یەکلانەبووەتەوە

شەیری بکە لە:
کورسییەکی بازنەی هەولێر تا ئێستا لە نێوان پارتی و یەکێتی یەکلانەبووەتەوە

دیمەنی دەنگدانی ئافرەتێکی کورد. وێنە؛ AFP

ئاڤا نیوز

لەبارەی دوایین ئەنجامی هەڵبژاردن، تاوەکو ئێستا کورسییەک لە هەولێر لەنێوان پارتی و یەکێتی یەکلانەبووەتەوە. پارتی دەڵێت بەپێی دەنگ کورسییەکە بۆ ئێمەیە، یەکێتیش دەڵێت بەپێی ئەنجامە بەراییەکان و سیستەمی سانتلیگۆ کە کورسییەکانی پێ دابەش دەکرێن، کورسییەکە هی ئێمەیە.

چیرۆکی سەرەکی: دوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردن، کۆمیسیۆن ئەنجامی بەرایی ڕاگەیاند، لە بازنەی هەولێر کە 16 کورسی بۆ دانراوە، هەریەکە لە پارتی نۆ کورسی، یەکێتی دوو کورسی، نەوەی نوێ یەک کورسییان بەدەستهێناوە، یەک کورسیش بۆ کۆتاکانە و کورسییەک ماوە یەکلا نەبووەتەوە لە نێوان پارتی و یەکێتی.

بەدواداچوونی ئاڤا: بەپێی زانیارییەکانی ئاڤا، شاندی پارتی و یەکێتی بە جیا چوون بۆ بەغدا بۆ یەکلاکردنەوەی کورسییەکە. تا ئێستا 50% بە 50%ـیە  یەکلا نەبووەتەوە، هەردوولایان ئەگەریان هەیە بۆ ئەوان بێت.

ئەگەر کورسییەکە بۆ پارتی بێت، ژمارەی کورسییەکانی لە هەولێر دەبێتە 10 کورسی، دەبێت حەوتیان پیاو بن لەگەڵ سێ ژن، لە کاندیدە ژنەکان چیمەن حوسێن خۆی دەرچووە 15 هەزار و 253 دەنگی هێناوە، کاندیدی دووەم دەبێتە ئاڤێستا مام یەحیا کە 10 هەزار و 477 هەزار دەنگی هێناوە، سێیەمیش  چیمەن بابەکر زوبێر دەبێت کە نۆ هەزار و 247 دەنگی هێناوە.

بەڵام ئەگەر کورسییەکە بۆ پارتی نەبوو و هەر نۆ کورسی مایەوە، دەبێت حەوت پیاو و دوو ژن بن، ئەوکات خاتوو ئاڤێستا دەچێتە شوێنی ئەحمەد نەبی ئیسماعیل کە 13 هەزار و 758 دەنگی هێناوە.

ئەگەر کورسییەکە بۆ یەکێتی بێت، ئەوا یەکێتی لە هەولێر دەبێتە خاوەنی سێ کورسی، کورسی سێیەمیش بۆ کاندیدێکی ژن دەبێت و  چنار حاجی ڕەسووڵ دەبێتە پەرلەمانتار کە دوو هەزار و 931 دەنگی هێناوە.

لەلایەکی دیکەوە: هەڵوێست دوو کاندیدی لە هەولێر دەرچووە، ئەم کورسییەی لە هەولێر لەنێوان پارتی و یەکێتی ماوە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر کاندیدەکانی ئەوان نابێت و لە هەموو دۆخێکدا لە دوو پەرلەمانتارەکەی هەڵوێست دەبێت یەکێکیان پیاو و یەکێکیان ژن بێت.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ