ئاڤا نیوز
هەوڵەکان بۆ بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە جۆرەکانی پەرەپێدان و داهات و گەشەپێدان بەردەوامن کە ژمارەیان زیاتر لە 14 هەزار کەسە، وەزارەتی دارایی عێراقیش نیمچە بەڵێنێکی داوە لە بودجە شوێنیان بۆ بکرێتەوە، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانیش کار بۆ دەرکردنی ڕێنماییەکی نوێ دەکات.
وێنە گەورەکە: دوای بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست کە ژمارەیان لە 31 هەزار کەسە، دەست بە ڕێككارەكان کرا، بەڵام دەركەوت بەهۆی ئەوەی لە یاسای بودجەی عێراقدا تەنیا ئاماژە بە دابینكردنی مووچە بۆ فەرمانبەرانی دارایی یان میلاك دراوە، تەنیا ئەوان دەكرێن بە هەمیشەیی.
ئەوەی پێویستە بیزانیت: هەفتەی ڕابردوو شاندێكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دارایی كۆبووەوە، بەرپرسانی وەزارەتەكە جەختیان كردووەتەوە تەنیا پارەی مووچەی ئەو فەرمانبەرانە دابین دەكەن كە گرێبەستی میلاك بوونە، پارەی جۆرەكانی دیكەی گرێبەست نادەن لەبەر ئەوەی لە یاسای بودجەدا نەهاتووە.
شاندی هەرێمی كوردستان بە وەزارەتی دارایی عێراقیان گوتووە، جیاوازییەكەی تەنیا چەند ملیارێكە و ئەو بڕە پارەیەش بۆ عێراق نابێتە ئەرکێکی قورس، لە بەرامبەردا بەرپرسانی وەزارەتی دارایی نیمچە بەڵێنێكیان داوە كە كاری لەسەر دەكەن بۆ ئەوەی لەنێو یاسای بودجەدا شوێنی بۆ بكرێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە: لە كۆی ئەو 14 هەزار فەرمانبەرە نزیكەی 900 یان پەرەپێدانن و لەسەر وەزارەتی تەندروستین، ئەو فەرمانبەرانە تەنانەت بایۆمەتریشیان كردووە، گرفتەكەیان تا ڕادەیەك لە ئەوانی دیكە جیایە.
لێدوانە فەرمییەکان: د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمبارەیەوە بە ئاڤا نیوزی گوت: "نووسراومان كردووە بۆ ئەوەی ئەوانیش بكرێن بە گرێبەستی دارایی، پەیامی ئێمە گەیشتووەتە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بەڵام بابەتەكە پێویستی بە گفتوگۆ و ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدایە، دەبێت لە یاسای بودجە شوێنیان بۆ بكرێتەوە و چاوەڕێی ئەنجامی گفتوگۆكانین".
ئاڤا پەیوەندیی بە بەرپرسێكی باڵای ئەنجوومەنی وەزیرانیشەوە كرد، ئەویش لای خۆیەوە ئاماژەی بەوەدا هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی گرفتی ئەو فەرمانبەرانە نەوەستاوە، بەڵام ژمارەكان زۆرن و جۆرەكانیان جیاوازن، بۆیە كاركردنی زیاتری پێویستە، لە هەمووشی گرنگتر ڕەزامەندی بەغدایە و جۆرێك لە نەرمی نواندنیشن لەلایەن بەغداوە هەیە.
ئاڤا لە سەرچاوەیەكی وەزارەتی داراییەوە زانیویەتی كە وەزارەتەكە و ئەنجوومەنی ڕاژە بەنیازن گۆڕانكاریی لە ڕێنماییەكاندا بكەن، ڕێنمایی تازە دەربكەن و جارێكی دیكە لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بكەنەوە، بۆ ئەوەی بەزووترین كات كێشەی ئەو فەرمانبەرانە چارەسەر بكرێت.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
دوایین هەواڵەکان
- کوردستان
- 1 خولەک لەمەوپێش
ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن كۆتایی دێت
- عێراق
- 17 خولەک لەمەوپێش
یەکەم گەشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مووسڵ دەستیپێکرد
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ

لەسەر شەقامێکی گشتیی گێچەڵ بە سەرۆکی مەکسیک دەکرێت
7 کاتژمێر لەمەوپێش

نەتەوەیەکگرتووەکان: ساڵی 2025 یەکێک دەبێت لە سێ گەرمترین ساڵەکانی مێژوو
22 کاتژمێر لەمەوپێش

دووکانێکی ساردەمەنی لە دەربەندیخان وێنەی کڕیارانی هەڵدەواسێت
6 تشرینی دووەم
بەڵگە فیلمی 'ژیان دوای ئازادی' لە فێستیڤاڵی EAFF نمایش کرا
6 تشرینی دووەم

فێستیڤاڵی زەیتوون لە کۆیە بەڕێوەدەچێت
6 تشرینی دووەم
- کوردستان
- 1 خولەک لەمەوپێش
ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن كۆتایی دێت
- کوردستان
- 46 خولەک لەمەوپێش
سەرۆك بارزانی: دەیانەوێت بە ماددەی هۆشبەر خەڵكی كوردستان لەناو ببەن
- کوردستان
- 2 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆک بارزانی بەرنامەی چوار ساڵی داهاتووی پارتی لە بەغدا ئاشکرا کرد






