درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە هەولێر کەوتە خوارەوە

شەیری بکە لە:
درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە هەولێر کەوتە خوارەوە

دیمەنی پاشماوەی ئەو درۆنەی کەوتووەتە خوارەوە؛ سەرچاوە: پەیجی دژەتیرۆی کوردستان

ئاڤا نیوز

هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەردەوامن، لە نوێترین هێرشدا درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە سنووری هەولێر کەوتە خوارەوە.

وێنە گەورەکە: هێرشە درۆنییەکان مەترسییەکی ڕاستەقینە و گەورە و ئامانجدارن بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بەتایبەت  کە ئاراستەی فڕۆکەخانەکان و کێڵگە نەوتییەکان دەکرێن، دەرخەری ئەوەن جگە لە فشارە سیاسییەکان، هەوڵەکە بۆ لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و سەرچاوە داراییەکانیەتی.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: دژەتیرۆری کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ی تەممووزی 2025، کاتژمێر 1:27 خولەک، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک گوندی جێژنیکانی سەر بە قەزای بەحرکەی پارێزگای هەولێر کەوتە خوارەوە، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێ نەکەوتەوە.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: لەدوای کۆتاییهاتنی جەنگی ئیسرائیل و ئێران لە کۆتایی مانگی ڕابردوو، بەردەوام هێرشی درۆنی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا ئاراستەی زیاتری هێرشەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانە.

باکگراوند: لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەک هێرش کرانە سەر کێڵگە نەوتییەکانی سنووی هەولێر، دهۆک، شێخان و زاخۆ، بەم هۆیەوە ئەپیکۆر، کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان بەرهەمهێنانی نەوتی ڕاگرت و زیانێکی زۆر بەر ئەو کێڵگانە کەوت کە هێرشیان کراوەتە سەر.

ئەمەش بزانە: ئەم هێرشانە لەکاتێکدان هەردوو حکومەتی کوردستان و عێراق ڕێککەوتوون بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان و ناردنی مووچە، حکومەتی کوردستان ڕێککەوتنەکەی پەسەند کردووە و  بڕیارە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا حکومەتی عێراقیش پەسەندی بکات.

ئەوەی لەبارەیەوە دەگوترێت: هێرشەکان لەکاتێکدان دەستپێکردنەوەی جەنگی ئێران و ئیسرائیل لە ئانوساتدایە. بەدروستی سەرچاوەی هێرشەکان دیارنییە ئایا لە ناوخۆن یان لە دەرەوە، بەڵام وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی کوردستان گرووپە چەکدارە عێراقییەکان تۆمەتبار دەکات، حکومەتی عێراق و تەنانەت محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش دەڵێت نازانرێت هێرشەکان لە کوێ و لەلایەن کێوە دەکرێن.  

هۆکارە نەزانراوەکان: ئەو پرسیارەی تا ئێستا بێ وەڵام ماوەتەوە، ئایا هێرشەکان بۆ دروستکردنی فشارن لەسەر حکومەتی کوردستان بۆ ئەوەی بە مەرجەکانی بەغدا ڕازی بێت بۆ ڕێککەوتن، یان هەوڵەکە گەورەترە و پەلکێشکردنی هەرێمی کوردستانە بۆ ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت بەشێک لەو هێرشانەی دەکرێنە سەر کێڵگە نەوتییەکان، کۆمپانیا ئەمریکییەکان کاریان تێدا دەکەن.

کاردانەوەکان: سەرەڕای ئەوەی حکومەتی کوردستان بەردەوام داوا لە حکومەتی عێراق دەکات کار بۆ وەستاندنی هێرشەکان بکات، ئەمریکاش لەڕێگەی باڵیۆزخانەی عێراق و وەزارەتی دەرەوە ڕایگەیاندووە قبوڵ ناکەن هێرشەکان بەردەوام بن و دەبێت دەستبەجێ بووەستێنرێن.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ