ئاڤا نهێنییەکانی کارەساتی مۆڵەکەی کوت ئاشکرا دەکات

شەیری بکە لە:
ئاڤا نهێنییەکانی کارەساتی مۆڵەکەی کوت ئاشکرا دەکات

دیمەنی دوای سووتانی مۆڵەکەی کوت. وێنە؛ AP

ئاڤا نیوز

ئاڤا وردەکاری و نهێنییەکانی پشت پەردەی ئاگرکەوتنەوەکەی مۆڵەکەی شاری کوت ئاشکرا دەکات، پارێزگاری واستیش، دەڵێت "پڕۆژەکە بەشێوەیەکی شاراوە و بەبێ ئاگاداریی لایەنە فەرمییەکان دروست کراوە" .

چیرۆکی سەرەکی: شەوی 2025-07-16، لە شاری کوت لە پارێزگای واستی ناوەڕاستی عێراق، ئاگرێکی گەورە لە مۆڵێک کەوتەوە ، بەپێێ ئاماری وەزارەتی تەندروستی عێراق، بەهۆیەوە، 61 کەس گیانیان لەدەستداوە، 43 تەرمیان ڕادەستی خانەوادەکانیان کراونەتەوە و 18 دیکەش  بەهۆی زۆری ڕێژەی سوتاوییەکەیان تەرمەکانیان تاوەکو ئێستا نەناسراوەتەوە، هاوکات 38 کەسی دیکەش برینداربوون، 33 کەسیان تووشی تەنگەنەفەسی بوونە و پێجیشیان سووتاون.

زانیاری بەدەستهاتوو: بەپێی بەڵگەنامە فەرمییەکان، پڕۆژەکە هی 'وەلید سەلیم عەلی' و کوڕێکە بەناوی 'مورتەزا' کە لەگەڵ برایەکی دیکەی بەناوی 'عەلی' لەناو قوربانییانی ڕووداوەکەدان و هەردووکیان گیانیان لەدەستداوە.

لێدوانی فەرمی: محەممەد جەمیل مەیراحی، پارێزگاری واست، ڕایگەیاند: پڕۆژەی مۆڵی کوت پڕۆژەیەکی کەرتی تایبەتە و مۆڵەتی لە ژووری بازرگانی وەرگرتووە، زەوییەکە موڵکی تایبەتە و خاوەنەکەی سەرەتا چێشتخانەیەکی لەسەر دروست کردووە سەرکەوتوو نەبووە، دواتر بەشێوەیەکی شاراوە و بەبێ ئاگاداریی لایەنە فەرمییەکان، مۆڵەکەی دروست کردووە و تەنیا سێ ڕۆژ پێش ڕووداوەکە کردوویەتییەوە.

ئه‌وه‌ی له‌باره‌یه‌وه‌ دەگوترێت: هەموو بۆچوونەکان هۆکاری ئاگرەکە بۆ گەندەڵیی دەگەڕێننەوە، چونکە هایپەر مۆڵەکان ئەو بازاڕانەن کەلەلایەن حکومەتەوە هاوکاری دەکرێن لە نرخی کاڵاو شت و مەک وەک پاڵپشتییەک بۆ هاووڵاتیان، بەڵام پێش ئەوەی ئەم مۆڵانە بکرێنەوە و ڕێگەیان پێبدرێت دەبێت بەچەندین فلتەر تێپەڕێن هەر لە وەزارەتی شارەوانی و پارێزگا و دەستەی وەبەرهێنان و وەزارەتی بازرگانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو ئەگەرێک.

قووڵتر: خەڵکێکی زۆر ڕوو لەم مۆڵانە دەکەن، چونکە نرخی کاڵاکانیان کەمێک لەبازاڕ هەرزانترە و پێویستە تەنیا خۆراک و پێداویستی خێزانی تێدا بفڕۆشرێت، بەڵام ئەم مۆڵە چێشتخانە و پێشانگای بۆن و بابەتی دیکەشی لەخۆگرتووە،  بۆیە لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە بەهیچ کام لەم فلتەرانە تێنەپەڕیوە یاخود چاو پۆشی لێکراوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ