حزبوڵڵای عێراق هەڕەشە لە سوودانی دەکات

شەیری بکە لە:
حزبوڵڵای عێراق هەڕەشە لە سوودانی دەکات

چەکدارێکی حیزبوڵڵای عێراق لەکاتی بەرز کردنەوەی ئاڵاکەیان. وێنە؛ میدیا عێراقییەکان

ئاڤا نیوز

کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق هەڕەشە لە سوودانی دەکەن و ناوچەکانی دەوروبەری بەغداش ڕادەستی حەشدی شەعبی دەکەنەوە.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: ئەبو عەلی عەسکەری، بەرپرسی ئەمنیی کەتیبەکانی حزبوڵڵا لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کاری سەربازی و ئەمنیدا تازەیە، ئەو بەڕێوەبەرێکی سەرکەوتووە، بەڵام هیچ کاتێک سەرکردەیەکی سەرکەوتوو نەبووە و هەمیشە شکست خواردوو بووە.

عەسکەری داواشی لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کرد، بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆیان دژی سوودانی بەتوندی هەڵبگرن، پێش ئەوەی پەردە لەسەر میراتی سیاسییان دابدرێتەوە.

سەبارەت بە کشانەوەیان لە ناوچەکانی دەورووبەری بەغدا، حزبوڵڵا دەڵێت: بۆ دوورکەوتنەوە لە شەڕ و پێکدادان، سەرکردایەتیی کەتیبەکانی حزبوڵڵا بڕیاریدا کارەکانی لە پڕۆژەی دەورووبەریی بەغدا ڕابگرێت و ئەوەی لە ئەستۆیدایە ڕادەستی فەرماندەیی حەشدی شەعبی بکات.

لە درێژەی پەیامەکەیدا کە بەزمانێکی تووندی هەڕەشە ئامێز دایڕشتتوە، عەسکەری دەڵێت: ئەو سوپایەی سوودانی ناردوویەتی دژایەتیمان بکات و بەرامبەرمان بووەستێتەوە، یەک خولەک لەبەردەم هێزەکانماندا بەرگە ناگرێت و پێشتریش ئەمەیان تاقی کردووەتەوە، چونکە ئەم سوپایە لەبەردەم چەند چەکدارێکی داعشدا خۆی نەگرت، ئەگەر حەشدی شەعبی و چەکدارەکان نەبوونایە، دەوڵەتی عێراق دەڕووخا. ئەم سوپایە تەنانەت بەرگەی گەنجانی بێچەکیشی نەگرت کە داوای مافی خۆیان دەکرد.

لەبارەی ڕووداوەکانی ناوچەی 'زراعە' لە کەرخ، ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو ناوچانەی وەک لەتیفیە، بوعێسە، مەدائین و تاجی لە ماوەی 12 ساڵی ڕابردوودا بوونەتە 'لانکە و مۆڵگەی داعش' و هەڕەشە بوون بۆ سەر ئاسایشی بەغدا و بوونە گۆڕەپانی تیرۆرکردن و کۆمەڵکوژی کە هەزاران کەسی بێتاوانی تێدا بووەتە قوربانی.

حزبوڵڵا دەشڵێت: لە ساڵی 2003 تا 2014، دەیان شەڕمان کردووە و بە هەوڵی هەواڵگری، چەندین ڕێکخراوی تیرۆریستیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیمان ئاشکرا کردووە.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: ئەم هەڕەشانەی حیزبوڵڵای عێراقی لە کاتێکدایە کە پێشتر ئەمریکا چەند جارێک بە فەرمی داوای هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی و تێکەڵکردنیان بە هێزە ئەمنییەکان لە عێراق کردووە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: