بافڵ تاڵەبانی: هیچ کەسێک و هیچ گرووپێکی میلیشیایی لە سەرووی یاساوە نییە

شەیری بکە لە:
بافڵ تاڵەبانی: هیچ کەسێک و هیچ گرووپێکی میلیشیایی لە سەرووی یاساوە نییە

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان

ئاڤا نیوز

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی لەبارەی ڕووداوەکانی لالەزار بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: گرووپێکی میلیشیای نایاسایی کە لە دەرەوەی یاسا کاریان دەکرد، چەند ناوچەیەکی نیشتەجێبوونیان بە سەربازگە کردبوو.

وێنە گەورەکە: بەرەبەیانی هەینی ڕابردوو، زیاتر لە 10 هەزار کەس لە دژەتیرۆر، کۆماندۆ و ئاسایشی یەکێتی بە تانک، تۆپ، درۆن و دۆشکە و بیکەیسی و چەندین چەکی جیاوازەوە هێرشیانکردە سەر هۆتێل لالەزار و شوێنی مانەوەی لاهوور شێخ جەنگی لە گەڕەکی سەرچناری شاری سلێمانی، ڕووداوەکە ترس و نیگەرانیی زۆری لەلای هاونیشتمانیان دروستکرد و داوای ڕاگرتنی گرژییەکانیان دەکرد، سەدان گەشتیاری بیانیش سلێمانیان بەجێهێشت.

بڵاوکراوەی فەرمی: ئەمڕۆ یەکشەممە 31-8-2025، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکیتیی نیستمانی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: هەفتەی رابردوو سلێمانی شاهێدی کۆمەڵە ڕووداوێک بوو، کە بووە هۆی خەم و پەژارە بۆ خێزانەکانیان و نیگەرانیی بۆ ڕای گشتی.

لە پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانی هاتووە: 

گرووپێکی میلیشیای نایاسایی، کە لە دەرەوەی یاسا کاریان دەکرد، چەند ناوچەیەکی نیشتەجێبوونیان بە سەربازگە کردبوو، هێرشیان کردە سەر هێزە فەرمییە ئەمنییەکان، لەو کاتەدا ئەرکی دەستگیرکردنی داواکراوانیان پێ سپێردرابوو، کە ئەرکیان پاراستنى گیان و ماڵى هاووڵاتییان و سەقامگیریی شارەکەیە. ئەم کارانەى گرووپەکە ژیانی خەڵکی بێتاوانی خستە مەترسییەوە و بوونە هۆی ئەوەی ئەو دامەزراوانەش، کە ئەرکیان پاراستنی کۆمەڵگەیە بە کەم بزانرێن.

لەم بارودۆخانەدا ئاسانە کە دەنگۆ و زانیاریی نادروست بڵاوببێتەوە. رکابەریی دامەزراوە میدیاییەکان زۆر جار لەجیاتی ئەوەی کە ناڕوونییەکان روون بکەنەوە، دەبنە هۆی سەرلێتێکدان. دەبێت بەڕوونی بڵێم؛ کە هیچ کەسێک و هیچ گرووپێکی میلیشیایی لە سەرووی یاساوە نییە. چارەنووسی ئەو کەسانەی کە ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەی کە قوربانییەکی زۆرمان لە پێناویدا داوە، دەخەنە مەترسییەوە، دەبێت لە رێگەی پرۆسەی یاسایی و دیموکراسییەوە بڕیاری لێبدرێت، نەک لە رێگەی مەزەندەکردن و بانگەشەی میدیایی.

ئاسایش وەک دامەزراوەیەکی ئەمنیی یاسایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە ڕووداوەکە ڕاپۆرتی خۆی بۆ ڕاى گشتی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا زانیارییەکانى بە تەواوى باسکردووە، ئەرکی هەموومانە رێگە بە دەسەڵاتى دادوەرى بدەین بەبێ هیچ دەستتێوەردانێک بەردەوام بن لە کارەکانی خۆیان.

هەربۆیە داوام لە هەموو دامەزراوە میدیاییەکانی سەر بە حزبەکەمان کردووە، هیچ جۆرە بەرپەرچدانەوەیەکیان نەبێت بۆ گەورەکردنی ئەو بانگەشە بێبنەمایانەی کە میدیاکانی دیکە بڵاوی دەکەنەوە. ئێمە خۆمان بۆ ئاستێکی وا دانابەزێنین، ئەرکی ئێوە ئەوەیە کە بەرپرسیارانە راستییەکان بخەنەڕوو و متمانەی گشتی بپارێزن. دەبێت پێشینەى کارەکانمان پاراستنی ژیان و مافی هاووڵاتیانمان بێت، پارێزگاریی لە سەروەریی یاسا و رێگریی لەو کەسانە بکەین کە پشت بە هێز و تۆقاندن دەبەستن، نەک متمانەی گشتی.

داوا لە دەسەڵاتی دادوەریی دەکەین، ئەرکی خۆیان بە پابەندبوون بە یاسا جێبەجێ بکەن و دادپەروەر و شەفاف بن، لە هەمانکاتدا دڵنیاببنەوە لەوەی کە مافی هەموو تاکێک پارێزراوە. نابێت کاری گرووپێکی میلیشیایی زاڵ بێت بەسەر ویستی هاونیشتمانیان بۆ ئاشتی، یەکڕیزیی و دیموکراسی.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ