ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دوای پێنج مانگ کۆدەبێتەوە

شەیری بکە لە:
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دوای پێنج مانگ کۆدەبێتەوە

باڵەخانەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک

ئاڤا نیوز

دوای پێنج مانگ لە وەستانی کۆبوونەوەکانی بەهۆی تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی، بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 1ـی ئەیلوولی 2025، کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەستپێبکاتەوە، ئاڤا زانیویەتی؛ هەریەک لە فراکسیۆنی پارتی و بەرەی تورکمانی و بەشێکی پێکهاتەی عەرەب، بەردەوامن لە بایکۆتکردن و بەشداری کۆبوونەوەکە ناکەن.

لێدوانی فەرمی: ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک تایبەت بە ئاڤا ڕایگەیاند: کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنەکە لە کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆ دەستپێدەکات، ئەوەش دوای ئەوەی دوو ئەندامی عەرەب بڕیاری شکاندنی بایکۆتیان دا و ئێستا نیسابی یاسایی ئەنجوومەن تەواو دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەریەک لە فراکسیۆنی پارتی و بەرەی تورکمانی و بەشێکی پێکهاتەی عەرەب، بەردەوامن لە بایکۆتکردن و بەشداری کۆبوونەوەکە ناکەن.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک باسی لەوەشکرد، بەگوێرەی ئەجێندای کۆبوونەوەکە، یەکلاکردنەوەی بەشێک لە پۆستە ئیدارییەکانی پارێزگای کەرکووک تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە دەبن، بەڵام پرسی وەرگرتنەوەی پارێزگار لە کورد بەهیچ جۆرێک ناخرێتە نێو تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە.

زانیاریی بەدەستهاتوو: وێنەیەک لە ئەجێندای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەتایبەت دەست ئاڤا میدیا کەوتووە و بەگوێرەی کارنامەی کۆبوونەوەکە؛ بابەتەکانی زێدەڕۆیی لەسەر موڵکی گشتی، ڕێکخستنەوەی لیژنەکانی نێو ئەنجوومەنی پارێزگا، تاوتوێکردنی سەرچاوەکانی داهاتی پارێزگای کەرکووک، میوانداریکردنی بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی، دیاریکردنی نەخشەڕێگەی سیاسەتی گشتیی ئەنجوومەن، تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە دەبن.

باکگراوند: ڕۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگان بەڕێوەچوو. لەم هەڵبژاردنەدا 16 کورسی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، 7 کورسی بەر پێکهاتەی کورد کەوت ( 5 کورسیی یەکێتی و 2 کورسیی پارتی) ، بەرەی تورکمان 2 کورسی و پێکهاتەی عەرەب بە سەرجەم لایەنەکانەوە 6 کورسی. کورسییەکەی پێکهاتەی مەسیحی بەر بزووتنەوەی بابیلیۆنی ڕەیان کلدانی کەوتووە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ