ئاڤا دەقی چاوپێکەوتنی سەرۆک بارزانی لەگەڵ فڕانس 24 بڵاو دەکاتەوە و چەند پەیامێکی نوێی هەیە
- هەواڵ
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش

دیمەنی چاوپێکەوتنی سەرۆک بارزانی لەگەڵ فڕانس 24
ئاڤا نیوز
سەرۆك بارزانی، لە دیدارێكیدا لەگەڵ كەناڵی فڕانس 24، تیشك دەخاتە سەر چەند پرسێكی تایبەت بە دۆخی باكوور و ڕۆژئاوای كوردستان و باس لە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و پێكهێنانی كابینەی 10ی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش دەكات.
فڕانس24: دەمەوێت بە دۆخی سووریا دەست پێبکەم، لەگەڵ هاتنی دەسەڵاتی نوێ لە سووریا بەرزبوونەوەی ئاستی توندوتیژی و پێشێلکارییەکان دژ بە کەمینەکان دەبینین لە نموونەی عەلەوییەکان و درووز و تەنانەت کوردەکانیش،لە ئاداری ڕابردوو ڕێککەوتنامەیەک لە نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ یەکگرتنی سەربازی و مەدەنی ئەم دوو لایەنە و پەیوەست بوون بە دەسەڵاتی ناوەندییەوە، بەڵام تاوەکوو ئێستاش ئەم ڕێکەوتنامەیە جێبەجێ نەکراوە، ئایا ئێوە نیگەرانن سەبارەت بە مەترسیی زیادبوونی توندوتیژییەکان و تەنانەت پێکدادانی ناوخۆ لە سووریا؟
سەرۆک بارزانی: بێگومان گۆڕێنی ڕژێم لە سووریا دەرفەتێکە بۆ چارەسەرکردنی زۆر کێشە لە سووریا، ئێمە هەموو هەوڵی خۆمان داوە و بەردەوامیش دەبین بۆ یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستی کوردەکان و گەیشتن بە ئاشتی، ئێمە پشتیوانیی کوردانی سووریا بووین و من خۆم چاوم بە مەزڵووم عەبدی کەوت و پشتیوانیم لە ڕێککەوتننامەی نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی کرد، بەڵێ ئەوەی ڕاستی بێت نیگەرانین لە ئەگەری زیادبوونی توندوتیژی و دۆخەکە بوونی هەیە کە کێشەکان بە ئاشتییانە چارەسەر نەکرێن، بەڵام ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە کە نابێت هەرگیز ڕێگەی و تێڕوانینی ئاشتی لەدەست بدەین و ون بکرێت، بەڵام ترسی گەورەی من ئەوەیە ئەم ناکۆکییانە بە هۆی دەستوەردانی دەرەکیەوە پەل نەکێشن بە ڕوودانی شەڕ لە نێوان کورد و عەرەب، ئەمە ترسی گەورەی منە و هەموو کارێک دەکەین بۆ ڕێگریکردن لەو ڕووداوە، ئێمە دەبێت سەرنجمان لەسەر چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بێت نەک جەنگ چونکە شەڕ و ناکۆکی چارەسەری هیچ شتێک ناکەن دەبێت دەسەڵاتی ئێستای سووریاش تایبەتمەندی دۆخەکە و پێکهاتەکانی دیکە لە بەرچاو بگرێت، بە ڕەچاوکردنی ئەو تایبەتمەندیی و جیاوازییانە کێشەکان چارەسەر بکرێن، گەر ئەم خاڵە ڕەچاو نەکرێت دەرئەنجامەکان بە بۆچوونی من خراپ دەبن.
فڕانس24: ئێوە گوتتان نیگەرانن سەبارەت بە دەستوەردانی دەرەکی، با ڕاشکاوانە بدوێین، تورکیا ئێستا هەڕەشە لە هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکات بە هێرشی سەربازی و تۆمەتباریان دەکەن بەوەی نایانەوێت ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی سووریا جێبەجێ بکەن، یان تۆمەتباریان دەکەن کە ئەم گرووپە هاودەستی ئیسرائیلە، ئێوە پەیوەندییەکی زۆر باشتان لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا هەیە، ئایا ئێوە داوای لێدەکەن دەستوەردانی سەربازی نەکات؟ ئایا پێتان وایە ڕازی بێت بە داواکەتان؟
سەرۆک بارزانی: بەڵێ بە دڵنیاییەوە ئێمە پەیوەندییەکی بەردەواممان هەیە لەگەڵ تورکیا، بە شێوەیەکی سروشتی کۆمەڵێک پرس هەن کە دەبێت کاریان لەسەر بکەین لەگەڵ تورکیا و بەڕێز ئەردۆغان پشتیوانی پرۆسەی ئاشتی دەکات، تورکیا بە هەمان شێوەی ئێمە پشتیوانی لە ڕێککەوتننامەی نێوان کورد و حکومەتی سووریا کرد کە لە مانگی ئادار واوو کرا، پێکەوە هەوڵی بەردەوامان داوە بۆ دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامەکە بەڵام کێشەی زۆر هەیە و ئاسان نین.
فڕانس24: دەتوانن پێمان بڵێن ئایا بەڕێزت دژی دەستێوەردانی سەربازی تورکیایت لە سووریا دژ بە ئەم گرووپە؟
سەرۆک بارزانی: من باوەڕم ناکەم ئەم هێزە دژ بە بەرژەوەندیەکانی تورکیا بن، بەرپرسانی تورکیا چەندین جار خواستی خۆیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەربڕیوە و ئێمە دەمانەوێت تایبەتمەندی و چارەنووسی کوردان لەبەرچاو بگیرێت و هەموو توندوتیژی و شەڕێک ڕەتدەکەینەوە.
فڕانس24: سەبارەت بە تورکیا قسەمان کرد، لە دواین قۆناغدا پەکەکە بڕیاری چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی ڕاگەیاندووە، ئایا ئەم گۆڕانکارییە گرنگە کە بە هەمانشێوە کاریگەری لەسەر هەرێمەکەی ئێوەش دەبێت چونکە ئەوان لە نێو خاکی ئێوە بوون، بەڕاستی ئەم بڕیار و گۆڕانکارییە ڕوودەدات؟
سەرۆک بارزانی: سەرەتا دەمەوێت بڵێم ئێمە پشتیوانی تەواوی پرۆسەی ئاشتی دەکەین، پرۆسەی ئاشتی ئەم جارە جیاوازترە لە جاری پێشتر، چونکە ئەم جارە هەم حکومەت هەم پەرلەمان و بە هەمان شێوە خەڵک و شەقامی تورکیا لەگەڵ ئەم پرۆسەی ئاشتییەیە و پشتیوانی دەکەن، ئەمە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە، بە هەمان شێوە کورد و بەشی زۆری پەکەکە پشتگیریی لە پرۆسەی ئاشتی دەکەن، ئەمە ئەو قۆناغە بوو ئێمە هیوامان دەخواست هەبێت،تەنانەت پێش ئەوەی پرۆسەکە دەست پیبکات بەڕێز ئۆجەلان شاندێکی نارد بۆ لای من، ئێمە هەر ئەو کاتەش پشتیوانی خۆمان بۆ پرۆسەکە دەربڕی و ئامادەش بووین بە فەرمی پشتیوانی بکەین، هەر بەو شێوەیەش بوو ئەوەی داوامان لێکرا ئێمە ئەنجاممان دا وپشتیوانیمان لێکرد هەروەها ئێمە بەردەوام دەبین و هیوادارین پرۆسەکە ئاشتی بە دیبێنێت. ببێتە مایەی گۆڕانکاری بنەڕەتی لە ناوچەکە ئاسایش و سەقامگیری بێتە کایەوە.
فڕانس24: بیستوومە کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بانگهێشتی کردووی سەردانی بکەن بۆ زیندان، ئایا ئەوە ڕاستە؟ ئێوە دەچن سەردانی بکەن؟ ئایا پێتوایە بۆ یارمەتیدانی سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی دەبێت ئۆجەلان ئازاد بکرێت؟
سەرۆک بارزانی: هیوادارم بتوانم بیبینم، منیش پێمخۆشە بیبینم بەڵام لە دەرەوەی زیندان.
فڕانس24: ئایا داوات لە سەرۆککۆمار ئەردۆغان کردووە کە ئازادی بکات؟
سەرۆک بارزانی: من بەم دواییانە بەڕێز ئەردۆغانم نەبینیوە، پێموایە ئەنجامی پرۆسەکە خۆی ئەوە بێت کە بەڕێز ئۆجەلان ئازاد بکرێت.
فڕانس24: با بێینە سەر عێراق، جارێکی دیکە سوپای ئەمریکا لە عێراق دەکشێتەوە، پلان وایە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ 2025 لە ناوچەکانی دیکەی عێراق بکشێنەوە، لە کۆتایی 2026 یش لە هەرێمی کوردستان بکشێنەوە، پێتوایە ئەمە ببێتە هۆی دروستکردنی بۆشاییەک، هەروەک چۆن جاری ڕابردوو بە کشانەوەی سوپای ئەمریکا داعش سەری هەڵدا، ئایا هەمان نیگەرانی و ترس بوونی هەیە یان دۆخەکە ئێستا بە تەواوی جیاوازە؟
سەرۆک بارزانی: هیچ گومانی تێدا نییە کە گەر هێزی ئەمریکا و هاوپەیمانان بکشێنەوە، هەمان سیناریۆی ڕابردوو دروست دەبێتەوە، داعش دووبارە سەر هەڵدەداتەوە.
فڕانس24: بە پێی ئەوەی کە وتتان ئایا داواتان لە ئیدارەی ترەمپ کردووە بۆ ئەوەی سوپای ئەمریکا نەکشێتەوە تاوەکو کۆتایی ساڵی داهاتوو، ئایا پێتانوایە ڕازی دەبن بە داواکەتان؟
سەرۆک بارزانی: پێموانییە کشانەوەی تەواوی هێزەکان بوونی هەبێت، ئێمە هەمیشە گوتوومانە وڵاتەکەمان پێویستی بە هێزی ئەمریکا و هاوپەیمانان هەیە، چوونکە مەترسی داعش هێشتا بوونی هەیە، ئەوەمان بە ئاشکرا گوتووە و ئەمە دۆخی ئێستایە و بەشێکە لە سیاسەتی ئێمەش.
فڕانس24: لە هەرێمەکەی ئێوەدا، لە ماوەی مانگی تەمووز ژمارەیەکی زۆر هێرشی درۆنی ڕوویاندا، ئەندامێکی دیاری حزبەکەت، هۆشیار زێباری حکومەتی ناوەند لە بەغدا تۆمەتبار دەکات بەوەی کە دەزانێت کێ لەپشت ئەو هێرشانەوەن بەڵام بۆ ڕای گشتی ئاشکرای ناكەن، ئایا هاوڕای لەگەڵ گوتەکانیدا؟ وە پێتوایە کێ لەپشت ئەو هێرشانەوەیە؟
سەرۆک بارزانی: لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی هاوبەش لە نێوان هەولێر و بەغدادا پێکهێنراوە، لێکۆڵینەوەی کردووە سەبارەت بەوەی ئەو درۆنانە لە کوێوە هاتوون و کێ بوون و چۆن بووە، پلان وایە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکرێت بۆیە نامەوێت هیچ گوتە و وردەکارییەک سەبارەت بە ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوەکە بڵێم پێش ئەوەی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکرێت.
فڕانس24: ئێمە لە زۆرێک لە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی كوردستانمان بیستووە کە هەندێک لە گرووپەکانی حەشدی شەعبی کە هاوپەیمانی ئێرانن لە پشت ئەو هێرشانەوەن، ئەمە بە ئاشکرا وتراوە ئایا ئێوەش هەمان بۆچوونتان هەیە؟ وەک دەزانین بەشێک لەو گرووپانە هێرشی سەربازییان کردووە بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە ڕابردوودا.
سەرۆک بارزانی: بە دڵنیاییەوە، ئەوانە هەندێک گرووپی دیاریکراو و ناسراون، بەڵام ئێمە هەموو حەشدی شەعبی تۆمەتبار ناکەین، بەڵکو ژمارەیەک گرووپی دیاریکراون، بەڵام من نامەوێت پێش ئاشکراکردنی ئەنجامی لیژنەی هاوبەشی لێکۆڵینەوە هیچ وردەکاری و زانیارییەک بڵێم. بەڵام ئەو بەشەیان ڕوونە.
فڕانس24: پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ ماوەی چەند ساڵێکە پەیوەندییەکی ئاڵۆزە، بە تایبەت لەم دواییانە و لە مانگی پێنجەوە ناکۆکی زیاتر دروست بووە لە سەر نەناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، وەک دەردەکەوێت کە لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتن لەسەر لەسەر ئەم بابەتە و ئەگەری هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دروست بووە، ئایا ئەمە ڕێککەوتنامەیەکی ڕاستەقینەیە یان هێشتا کێشە و ناکۆکی هەیە؟ یان لەوە بنەڕەتیتر ئەوەیە کە متمانە لە نێوان هەولێر و بەغد نییە؟
سەرۆک بارزانی: بەداخەوە، کێشە و ئاڵنگاری هەیە و دەبێت ڕاشکاو بین، بەڵام گەر نیەتی ڕاستەقینە هەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە ئەوا دەتوانین سەرکەوتوو بین لە چارەسەرکردنیان، ئێمە دەستوورمان هەیە کە نەخشە رێگایە بۆ ئێمە و بەغدا، ئێمە داوای زیاتر ناکەین جگە لەوەی لە دەستووردا دیاری کراوە، هەرچۆنێک بێت ئێمە ڕێگە بە پێشێلکاری دژ بە دەستوور نادەین و ئەوەی ئێمە دەمانەوێت جێبەجێکردنی دەستوورە.کێشەیەکی دیکە هەیە کە بریتییە لە داننان بە فیدڕاڵیەت، ئەمە کێشەیەکە کە بەغدا ناتوانێت دان بنێت بە فیدراڵیەتدا و ئێستا ئەو کێشەیەمان هەیە.
فڕانس24: لە هەرێمی کوردستان لە مانگی 10ـی ساڵی ڕابردوو هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجامدرا بەڵام تاوەکو ئێستا کۆبوونەوەی پەرلەمان نەکراوە، حکومەت پێکنەهێنراوە، ئایا ئێوە نیگەرانن سەبارەت بەم دواکەوتنە؟
سەرۆک بارزانی: ڕاستە، بەداخەوه، ئێمە خۆشحاڵ نین بەم دۆخە، هیوادارین لەم مانگەدا یان لە ڕۆژانی داهاتوودا پەرلەمان بتوانێت کۆببێتەوە و خولی نوێ دەست بە کارەکانی بکات و حکومەت پێکبهێنرێت.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
دوایین هەواڵەکان
- عێراق
- 9 کاتژمێر لەمەوپێش
عێراق و ئێران لەسەر 13 خاڵ سەبارەت بە دەروازە سنورییەکان ڕێکدەکەون
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
خاوەن کێڵگەیەکی پەلەوەر لە هەولێر ڕێگایەکی نوێ بۆ بەخێوکردنی مریشک بەکاردەهێنێت
10 کاتژمێر لەمەوپێش
کچە کوردێکی ڕۆژهەڵات دوو مەدالیای نێودەوڵەتی لە یاری بەلەم بۆ ئێران بەدەست دەهێنێت
10 کاتژمێر لەمەوپێش
قوتابییەکی پۆلی 12 لە کەلار دوو ساڵە بەهۆی ڕووداوی نەخوازراو لە تاقیکردنەوە بێبەش دەبێت
11 کاتژمێر لەمەوپێش
لە دهۆک پێشانگەی "سێ ڕوانگە" دەکرێتەوە
15 کاتژمێر لەمەوپێش
ڕووسیا: ڤاکسینی دژەشێرپەنجە ئامادەیە بۆ بەکارهێنان
17 کاتژمێر لەمەوپێش
- عێراق
- 8 کاتژمێر لەمەوپێش
سوودانی لەبەردەم ناتۆ: پابەندین بە چەكداماڵینی گرووپەکانی دەرەوەی دەوڵەت
- عێراق
- 9 کاتژمێر لەمەوپێش
عێراق و ئێران لەسەر 13 خاڵ سەبارەت بە دەروازە سنورییەکان ڕێکدەکەون
- هەواڵ
- 9 کاتژمێر لەمەوپێش
لە قەزای خەلیفان کارەبای گشتیی دەکوژێنرێتەوە
- کوردستان
- 9 کاتژمێر لەمەوپێش
ئاڤای خەڵك؛ گەنجێکی 26 ساڵ لە کۆیە چوار ڕۆژە بێسەروشوێنە