دوو گه‌نج له‌ هه‌ولێر پاره‌ له‌ به‌ساڵاچووان ده‌دزن

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز

 

دووبارە دوو گەنجی "فێڵباز" لە شاری هەولێر، بە هەمان شێوازی پێشوویان، دزیان لە پیاوێکی بەساڵاچوو کرد و بڕی 400 هەزار دیناری مووچەکەیان لێ دزی. ئەمە دووەم دزی هاوشێوەیە کە لەم دواییانەدا تۆمار دەکرێت.

 

چیرۆکی سەرەکی: هیشام سەعید، پەیامنێری ئاڤا وردەکاریی چیرۆکەکەی دەستکەوتووە، ئەو پیاوە بەتەمەنەی ئەمجارە پارەی لێ دزراوە ناوی مام ئیسماعیلە، ناوبراو تەمەنی 94 ساڵە و کارمەندی شارەوانییە بە گرێبەست، ڕۆژانە وەک ژینگەپارێزێک لە گەڕەکی ڕووناکی هەولێر کار دەکات و دەبێت کاتژمێر پێنجی بەیانی لەسەر کار بێت.


مام ئیسماعیل چیرۆکەکەی بەم شێوازە بۆ هیشام سەعید گێڕایەوە: "هەموو بەیانییەک لە باداواوە بەپێ دەڕۆم بۆ سەر کار. لەناکاو پیکابێکی کۆن هاتە لام، وتی، خاڵە ئەو 100 دۆلارەمان بۆ ورد بکەرەوە و پەنجا هەزار دیناریش وەربگرە بۆ خۆت." مام ئیسماعیل بە خۆشیی وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیە، هەموو مووچەکەی کە 400 هەزار دینار بووە و لە گیرفانیدا بووە، دەریهێنا.


لەو کاتەدا، یەکێک لە گەنجەکان هەموو بڕە پارەکەی مام ئیسماعیلی بردووە. مام ئیسماعیل بەو تەمەنەوە کەوتووەتە شوێنیان، بەڵام فریایان نەکەوتووە. دواتر لە جامەکەی ئۆتۆمبێلەکەوە سەریان دەرهێناوە و بە گاڵتەجاڕییەوە وتوویانە: "بۆت دەکەینە 500 هەزار دینار و بۆت دەیهێنینەوە."


لێدەوانی فەرمی: مام ئیسماعیل بە خەمبارییەوە دەڵێت، ئەو 400 هەزار دینارەی پێبووە دەیویست سەلاجەیەکی پێ بکڕێت، چونکە ماڵەوەیان سەلاجەی نەبووە، بەڵام ئەو دوو گەنجە لێیان دزیووە. خێزانی مام ئیسماعیل لە حەوت کەس پێکدێت و بژێویی ژیانیان لەسەر ئەو مووچە کەمەیە. بەهۆی ئەم دزییەشەوە، تەندروستیی مام ئیسماعیل تێکچووە و تووشی بەرزی و نزمیی پەستانی خوێن بووە.


ئەوەی پێویستە بیزانیت: پۆلیسی هەولێر لەبارەی ئەو حاڵەتە بە ئاڤای گوت، ئاگادار کراوینەتەوە و بەدواداچوونی ورد دەکەین بۆ دۆزینەوەی ئەو دوو گەنجە". ئەم حاڵەتە دووەم جارە هەمان پیکاب و هەمان شێوازی فێڵکردن بەکاربهێنرێت بۆ دزینی پارە لە پیاوانی بەساڵاچوو. پۆلیس داوا لە هاوڵاتیان دەکات کە وریابن و لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوەی حاڵەتی هاوشێوەدا، دەستبەجێ هێزە ئەمنییەکان ئاگادار بکەنەوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ